
لە بەڵێنی ئازادییەوە بۆ قەیرانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان؛ خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی هەرێم دوو ساڵ پاش هەڵبژاردن
دکتۆر ئارام احمد✍️باسك نێت
کاتێک لە فەلسەفەی دەوڵەتداری و زانستی سیاسی دەڕوانین، هەڵبژاردن وەک باڵاترین گرێبەستی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات پێناسە دەکرێت؛ پرۆسەیەکە بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەت، دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و وەڵامدانەوەیەکی خێرا بۆ خواست و ئازارەکانی کۆمەڵگە. کەچی لە واقیعی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا، نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە بەڵام تا ئێستاش کابینەی نوێی حکومەت پێک نەهاتووە و زۆربەی دامەزراوە شەرعییەکان لە چەقبەستوویی و بۆشاییەکی بەردەوامدا هێڵدراونەتەوە. ئەم قەیرانە قووڵە دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی بنەڕەتی کە ئایا فەلسەفەی دەوڵەتداری لە بنچینەدا بەم جۆرەیە؟ ئایا ڕەوایە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتێک بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چاوەڕوانیی ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ململانێی بەرژەوەندییە تەسکەکاندا پەکبخرێت؟ ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێم دەگوزەرێت، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چەمکی دەوڵەتی دامەزراوەیی پاشەکشەی پێکراوە، و دەسەڵات لەبری ئەوەی نوێنەری گشتی بێت، بووەتە ئامرازێک بۆ دابەشکردنی پۆست و دەستکەوتەکان و پاراستنی هەژموونی هێزە باڵادەستەکان و پێگە ئابوورییە حزبییەکان.
بۆ تێگەیشتن لە ڕەگی ئەم گرفتە سیاسییە، پێویستە خەڵکی ئەم وڵاتە و بە تایبەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بە چاوێکی ڕەخنەگرانە بە پێناسەی حوکمڕانی و چەمکی ئازادیی دوای ساڵی ٢٠٠٣دا بچنەوە. کاتێک بەراوردی دۆخی ئێستا و ڕابردوو دەکەین، دەبینین ئەگەر ساڵی ٢٠٠٣ وەک دەرفەتێک بۆ ڕزگاری و ئازادکردنی عێراق و گەلی کوردستان ناسێندرابێت، دەبوو ئەو ئازادییە لە هەموو کایەکانی ژیاندا ڕەنگبداتەوە؛ لە دابینکردنی سەقامگیریی ئابووری، بەرقەرارکردنی ئاسایش و پاراستنی شکۆمەندیی تاکەکاندا.
بەڵام لە واقیعدا، گۆڕانکارییەکانی دوای ٢٠٠٣ بوونە هۆی دروستبوونی بارودۆخێکی پڕ لە ئاڵۆزی کە لە زۆر ڕووەوە بارگرانییەکانی سەر شانی هاووڵاتییانی زیاتر کرد بە بەراورد بە قۆناغەکانی پێشوو.
لە سەردەمی پێشوودا، سەرەڕای بوونی هەموو جۆرە ستەمکاری و جەنگەکان، جۆرێک لە یەکسانی لە ئاستی دابەشکردنی بەشەخۆراک و بژێویی سەرەتاییدا لە نێوان هاووڵاتییان و تەنانەت بەرپرسانیشدا هەبوو، لە کاتێکدا گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بەو شێوازە بەرفراوان و سیستەماتیکەی ئەمڕۆ دەستی نەخستبووە سەر بژێوی ڕۆژانەی خەڵک.
کەچی لە هەرێمی کوردستاندا دوای نەمانی ڕژێم، لە سایەی دروشمی ئازادی و دەسەڵاتی خۆماڵیدا، بوار بۆ دەستەبژێرێکی بەرژەوەندخواز ڕەخسا کە دەست بەسەر ژێرخان و داهاتەکانی ئەم نیشتمانە دەوڵەمەندەدا بگرن. لە ماوەی ئەم هەموو ساڵەدا، داهات و سامانی سروشتیی وڵات لەبری ئەوەی بخرێتە خزمەت بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز و بەردەوام، بە شێوەیەکی ناڕێک بەڕێوەبرا، تا کار گەیشتە ئەوەی هەرێم و عێراق بکەونە ژێر باری قورسی دەیان ملیار دۆلار قەرزەوە. دوای ئەو هەموو داهاتەی نەوت و گاز، تەنها مافێک کە بۆ خەڵک مابووەوە مووچەی مانگانە بوو، کەچی ئەویش بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە ناوی پاشەکەوت و لێبڕینەوە کەمکرایەوە. لە ئێستاشدا بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییە سیاسی و نەوتییەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە، جارێکی تر پرسی مووچە و بژێوی ژیان کراوەتە کەرەستەی ململانێ، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر شکۆ و ژیانی مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتییان بەجێهێشتووە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم دوو ساڵە دواکەوتنە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، پەیوەستە بە قووڵبوونەوەی ناکۆکی لەسەر بەش و پشک لە نێوان زۆنە جیاوازەکان و بازرگانە سیاسییەکاندا.
کێشەی سەرەکیی دەسەڵات لە هەرێم لەم قۆناغەدا ئەوە نەبووە کە چۆن کەرتی پەروەردە و تەندروستی لە داڕمان بپارێزێت، یان چۆن هەلی کار بۆ گەنجانی بێهیواکراو دەستەبەر بکات؛ بەڵکو کێشەی سەرەکییان ئەوەیە کە کێ پشکی شێری لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان، گومرگەکان، کۆمپانیا باڵادەستەکانی کەرتی نەوت و گاز، و دەزگا ئەمنییەکان بەربکەوێت.
هەر لایەنێک بە پشتبەستن بە دەسەڵات و هێزە چەکدارە نافەرمییەکانی، کۆنترۆڵی ئابووریی زۆنەکەی خۆی کردووە و ئامادەیی نیشان نادات بچێتە ژێر چەتری دەوڵەتدارییەکی سەرتاسەری و شەفاف. ئەم دۆخەش دەری دەخات کە پەرلەمانی کوردستان لە کردەوەدا لە ناوەڕۆکی سەرەکیی خۆی کە یاسادانان و لێپرسینەوەیە بەتاڵ کراوەتەوە، و دەنگی دەنگدەران کراوەتە قوربانیی پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانی ناوەندە حزبییەکان.
ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسی و نوێنەرانی پەرلەمان لە هەرێم و بەغدا بەڕاستی خۆیان بە نوێنەری ویست و ئیرادەی خەڵک دەزانن، پێویستە درک بەوە بکەن کە کات درەنگ بووە و ئەم قەیرانانە بە کۆبوونەوەی شکڵی و دەرکردنی بەیاننامەی بێکردار چارەسەر نابن. چاکسازیی ڕاستەقینە پێویستە لە سەرچاوەکەیەوە دەست پێبکات؛ بە ڕێکخستنەوە و گێڕانەوەی ئەو داهاتە زۆرانەی نەوت کە لە بانکە نێودەوڵەتییەکان، بانکی ناوەندی و دەرەوەی وڵاتن بۆ ناو خەزێنەی گشتی. هاوکات دەبێت لێپرسینەوەیەکی یاساییی جدی و بێجیاوازی لە بەرپرسانی باڵای حزبەکان، سەرۆکایەتییەکان، وەزیرەکان و بازرگانە دەستڕۆیشتووەکان دەست پێبکات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە کۆتایی بە هەژموونی هێزە چەکدارە حزبییەکان بهێنرێت کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم سەروەریی یاسا و پاراستنی شەفافیەتی دارایی گشتی.
«گرنگە ئاستەنگە ئابووری و بژێوییەکانی هاووڵاتییان بە دیدێکی ستراتیژی و کراوەوە چارەسەر بکرێن. بوونی داهات و توانای دارایی وڵات زەمینەیەکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دابینکردنی مافە دارایییەکان و شایستەکانی خەڵک لە پێشینەی کارەکان بن.
مێژوو دەریخستووە کە پتەویی پایەکانی حوکمڕانی لەسەر بنەمای بەدیهێنانی داخوازییەکانی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی دادپەروەری بنیاد دەنرێت؛ هەر بۆیە گوێگرتن لە دەنگی هاووڵاتییان و کارکردن بۆ باشترکردنی ژیانیان، باشترین ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە ئاڵۆزییەکان و بەرەوپێشبردنی وڵات




