نوسەران

کێ وا لە باڵاو بڵندی.. کێ کەوتووەو بەربۆتەوە؟!

عوسمان حمەکریم زەڵمی
بانگخوازی: ئەوەندە کارو ئەرکێکی بەنرخ و مەزنە، ئادەمیزادی بە ئاگاو ھۆشمەند، ئازادانەو ئازایانە، شان دەداتە بەری، لە پێناو رێنوێنی کردنی خەڵک و گەیاندنیان بە کەناری (ژیانی خۆشبەختانە)ی دونیاو دواڕۆژ.
جا لەبەر بەرزی و سەنگینی بەھاکەی، قورئانی پڕخێر، ڕادەبەدەر گرنگی و بایەخی پێداوەو نەخشەڕێگای پڕ لە ئاداب و ڕێنوێنی بۆ داڕشتووە. ئا لێرەو لەم نووسینەدا سەرنجی تۆی خۆشەویستی خوێنەر، بۆ دوو ئاماژەی درەوشاوەی قورئان، ڕادەکێشم، تاوەکو لە و کارو ئەرکەی (بانگەوازی) کە ئازادانە ھەڵت بژاردووە، ئازایانە شانت داوە بەری، گەرموگوڕتر بۆی بچیتە پێش و سڵ لە ھیچ لەمپەرو تەنگیبەرێ نەکەیتەوە، کە مادام فرمانی خواوەندەو بۆ خۆشبەخت کردنی مرۆڤە.
لە زۆربەی قورئانی پڕخیردا، زاراوەی (ھدی) لەگەڵ (علی)دا کۆکراوەتەوەو بەیەکەوە پێوەن کراون. ھەروەک زاراوەی (الضلال) لەگەڵ (فی)دا کۆکراونەتەوەو بەیەکەوە پەیوەست کراون.
بۆ ئاسان تێگەیشتن لەم ھەقیقەتە قورئانیە، چەند نمونەیێ وەردەگرین لەوانە: [بَلْ قُلُوبُهُمْ فِي غَمْرَةٍ مِّنْ هَذَا / المؤمنون: ٦٣]. وشەی (الغمرة) بەواتای (نەفامی، بێئاگایی، سەرلێشیواوی، سەرگەردانی، پەی پێنەبردن، لێتێکچوون، تێنەگەیشتن) دێت. یانی بێ باوەڕان بەھۆی بێئاگایی و سەرگەردانی (دڵ)یانەوە لەم پەیامی (خواناسی و مرۆڤدۆستی و چاکسازی)ـە تێناگەن و پەی بە مەزنی و بایەخ و بەھاکەی نابەن، ھەربۆیە وا سەریان لێ تێکچووەو سەرگەردان و سەرلێشێواو کەوتوون.
وشەی (الریب) بەواتای (گومان، دوودڵی، چەوتبینی، دڵەخورپێ، دڵەڕاوکێ)دێت. ئەی پەیامبەر (د.خ): ئەوانەی وا دێن مۆڵەتت لێ وەردەگرن بۆئەوەی لە کاروئەرک و بەرپرسیاریەک بۆت دیاریکردوون خۆیان بدزنەوە، ئەوانە ھەمیشە دوودڵن و دڵەڕاوکێیانە و: [فَهُمْ فِي رَيْبِهِمْ يَتَرَدَّدُونَ/ التوبة: ٤٥]. بەردەوام لە گومان و چەوتبینی خۆیاندا وێڵن و دێن و دەڕۆن.
وشەی (الطَّغْوَى، طُغْيان)، دەرچوون لە ئاست و ڕێژەو سنووری ڕەوای خۆی. ئەوانەی باوەڕ ناھێنن بە ڕۆژی دوایی و چوونەوە حزوور، ئەوە پشت ھەڵدەکەن لەڕێ و ڕێبازی ڕاست و درووست. ئەوجا بەھۆی ئەو لادانەیان لە ھەق و ڕاستی، تووشی نەھامەتی و بەڵا دەبنەوە. خۆئەگەر خواوەند بە بەزەیی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ بکات و ئەو دەردیسەریەیان لەسەر لادات: [ وَلَوْ رَحِمْنَاهُمْ وَكَشَفْنَا مَا بِهِم مِّن ضُرٍّ]، ئەوە ئەوان پەند وەرناگرن و ھەر لە سەرکەشی و سەرگەردانی خۆیاندا دەمێننەوە: [ لَّلَجُّوا فِي طُغْيَانِهِمْ يَعْمَهُونَ/ المؤمنون: ٧٥].
کەوایە بەکارھێنانی پیتی (فی) لەگەڵ وشەی (الغمرة والریب والطغیان)دا، چوون کەوتن و بەربوونەوەو نزمبوونەوەو ڕۆچوونی تیایە، وە ئەو کەسانەی بە تەواوی ڕۆدەچن لە (لادان و ستەم و خراپەکاری)دا، ئاسا نییە بتوانن لەڕێی ئاوەزو فامەوە لە چەوتی لادەن و ڕاستی پەیڕەو بکەن، چوون ھەروا (دەکەوێ و بەردەبێتەوە)، وە خۆ گرتنەوەو ھەستانەوەی ئەستەمە.
بەڵام ھەرچی وشەی (علی)یە، مەبەست لێی بەرزی و باڵاو بڵندی و شکۆیە، بۆیە لەگەڵ (الھدی) بەکاری ھێناوە، یانی ئەوەی وا ڕێی (ڕاستی) بە درووستی دەناسێ و دەیگرێتەبەرو لەبانی جێگیر دەبێ و بینەرو بە ئاگایە بەوەی دەگوزەرێ لە دەوروبەری، ئەوجا ئەو کەسە ھەردەم بەرەو بەرزی و باڵاو بڵندی و شکۆمەندی دەڕوات.
ئەویان کە لە نەزانی و دڵەڕاوکێ و سەرگەردانی دا دەژی، ناتوانێ (ھەڵە) لە (ڕاست) جیا بکاتەوە، بۆیە بەردەبێتەوەو بچوک دەبێتەوە، بەڵام ئەمیان کە لە کەشێکی زانستی و ئاگایی دا، ژیان دەکات، ئاسان لە خراپە خۆی لادەدات و بە ڕێی چاکەدا گوزەر دەکات. کەواتە ڕێنموویی کراو، ھەردەم وا لە (بەرزی و باڵاو بڵندی)دا، بەڵام سەرلێتێکچو وا لە (کەوتن و بەربوونەوەو نزمی)دا.
لێرەدا بانگخوازی ڕێی ھەق و خۆشبەختی، ئەوەندە دڵنیایە لە ڕاستی ڕێ و ڕێبازو پەیامی، دەبینی لەکاتی ئاخاوتن و بەرانبەر دواندن دا، نایابترین شیواز پەیڕەو دەکات و دەڵێ: [وَإِنَّا أَوْ إِيَّاكُمْ لَعَلَى هُدًى أَوْ فِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ (٢٤) سبأ]. بێگومان، ئێمە، یان ئێوە، لەسەر ڕێگەی ڕاست و درووستی (ھیدایەت)ین، یاخود لە گومڕاییەکی ئاشکرادا ڕۆچووین!!
بەخ، چ شێوازێکی جوان بەرجەستە دەکات، ئەو خۆی چاک دەزانێ کێ گومڕایە، کەچی پێی ناڵێت تۆ ھەڵەیت و من ڕاستم، تاوەکو بەرانبەری زوو ھەڵنەێت، سا بەڵکو گوێ لە دڵسۆزی و ئامۆژگاری و خەمخۆریەکەی بگرێت و، بیرێ لە حاڵی خراپ و ئەو چارەنووسە ترسناکەی (چاوەڕوانی دەکات) بکاتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close