
چەند كاتژمێرێك بەر لە دەستپێكردنی ئۆڵۆمپیاد
باسک نێت
هێرشێكی گەورە بۆسەر تۆڕی شەمەندەفەر
هێرشێكی گەورەو بەرفراوان تۆڕی شەمەندەفەری خێرای سەربە كۆمپانیای هێڵی ئاسنی فەڕەنسا “ئێس ئێن سی ئێف”ی كردە ئامانج، ئەمەش پشێوی دروستكردووە لەكاتێكدا ئەو وڵاتە خۆی بۆ ئاهەنگی كردنەوەی یارییە ئۆڵۆمپییەكانی پاریس ئامادە دەكات.
بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆمپانیای هێڵی ئاسن، هێرشەكە لەشێوەی كردنەوەی ئاگری بە ئەنقەست بووە، بەمەبەستی زیانگەیاندن بە دامەزراوەكانی هێڵی شەمەندەفەری خێرا.
هێرشەكە دوێنێ شەو رویداوە، كۆمپانیاكە دەڵێ، ئامانج لێی ئیفلیجكردنی تۆڕەكانی بووە، ئەو كردەوە “قێزەونانە” لە سێ ئاڕاستەوە كاریگەرییان لەسەر هێڵەكان (ئەتڵەسی و باكورو خۆرهەڵات) هەبووەو جوڵەی شەمەندەفەرە خێراكان لەم سێ ئاڕاستەیە پچڕانی توندیان بەخۆوە بینییوەو ناچاربوون ئاڕاستەی شەمەندەفەرەكان بۆسەر هێڵە كۆنەكان بگۆڕان و ژمارەیەكی زۆر لە گەشتەكان هەڵبوەشێننەوە.
میدیاكانی فەڕەنسا لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە باس لەوە دەكەن تیمەكان كاردەكەن بۆ دیاریكردنی ناوچەی زیانەكان و نۆژەنكردنەوەی هێڵەكان، پێشبینی دەكرێت ئەم كارە لانی كەم بەدرێژایی پشووی كۆتایی هەفتە بخایەنێت.
هێرشەكە بەر لە چەند كاتژمێرێك لە كردنەوەی خولی یارییە ئۆڵۆمییەكانی 2024ی پاریس روویدا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران دەیانەوێت بەرەو پاریسی پایتەخت بڕۆن.
كۆمپانیای هێڵی ئاسنی فەڕەنسا رایگەیاند، سەرجەم سەرنشینەكانی لەرێگەی كورتەنامەوە لە ئاڕاستەی شەمەندەفەرەكانی ئاگادار دەكات و هۆشداری بە گەشتیاران داوە كە گەشتەكانیان دواخراوەو سەردانی وێستگەكان نەكەن، دەكرێت بلیتەكانیان گۆڕانگاری تێدا بكرێت یاخود بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.
جان بیار فاراندۆ سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای (ئێس ئێن سی ئێف) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:” هێرشە گەورەكە بۆسەر تۆڕی شەمەندەفەری خێرا كاریگەریی لەسەر 800 هەزار سەرنشین هەبووە”.