كەش و هەوا
کەشناسی: شەپۆلێکی سێ ڕۆژەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەورەتریشقە ڕووی لە ناوچە جیاوازەکان کردووە کە لە ئەمڕۆ شەممە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ەوە دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی دووشەممە ٩ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات هاووڵاتییانی لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبار و بەنداوەکان ئاگادار کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە زۆرترین ڕێژەی دابارین لە ئەمڕۆ شەممەدا دەبێت، کە تێیدا لە پارێزگای هەڵەبجە بڕی بارانبارین دەگاتە ٣٠ تا ٣٧ ملیمەتر، سلێمانی ٢٧ تا ٣٥ ملیمەتر، ڕاپەڕین ٢٥ تا ٣٠ ملیمەتر، هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سۆران ٢٠ تا ٢٥ ملیمەتر، گەرمیان ١٨ تا ٢٥ ملیمەتر، و لە کەرکووکیش ۱۰ تا ۱۵ ملیمەتر دەبێت.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە ڕۆژی یەکشەممە بارانبارین لە سنووری گەرمیان، هەڵەبجە و سلێمانی بەردەوام دەبێت و لە هەولێر و دهۆک کەمدەبێتەوە تاوەکو بەیانیی ڕۆژی دووشەممە کە کاریگەریی شەپۆلەکە بە تەواوی لاواز دەبێت.
لە کاتێکدا بەرگریی شارستانیی هەولێر هۆشداریی داوەتە شۆفێران کە ئۆتۆمبێلەکانیان لەو شوێنانە ڕانەگرن کە مەترسیی پەنگخواردنەوەی ئاوی لێدەکرێت.



