
سێ ئەفسەر دەستبەسەركراون و (17) فەرمانبەریش لەكاركردن راگیراون
باسک نێت
بەیانی ئەمڕۆ، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەی هایپەر مارکێتی پارێزگای واسیت، ئەنجامە سەرەتاییەکان راگەیاند، (١٧) فەرمانبەری حکومی لە كاركانیان راگيراون و سێ ئەفسەريش دەستبەسەركراون، بەهۆی بوونی کەمتەرخەمی روون، کە کارەساتەکەی گەورەتر کردووە.
میقداد میری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی سەرۆک وەزیران پێکهێنراوە، بەشێکی بەرچاوی کارەکانی بە ئەنجام گەیاندووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە و ئەنجامدانی پێداچونەوەی مەیدانی لەگەڵ شایەتحاڵ و بەرپرسان، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت، کەمتەرخەمییەکی روون لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس و کارمەندەوە لە چەندین فەرمانگە هەبووە، ئەمەش کارەساتەکە و زیانەکانی گەورەتر كردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لیژنەکە بڕیاریداوە بە راگرتنی کاتیی (17) فەرمانبەر لە پارێزگاكە، تا تەواوبوونی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و کارگێڕی بەرامبەریان.
ئەوەشی خستەڕوو: لیژنەکە بڕیاریداوە سێ ئەفسەر دەستبەسەر بكات، کە بریتین لە، بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی گەشتیاری و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی و فەرماندەی کەرتی یەکەمی بەرگری شارستانی.




