
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق:
وەزیری دارایی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەهەمیشەیكردنی گرێبەستەکان لەناو تەرخانکراوەکانی بودجەی 2027 دا
باسک نێت
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رەزامەندی وەزیری دارایی بەدەستهاتووە بۆ جێگیرکردنی دۆسیەی بە هەمیشەیكردنی گرێبەستەكان لەناو بودجەی داهاتووداو دابینکردنی تەرخانکراوە داراییە پێویستەکان بۆی.
پەرلەمانتار محەمەد حسێن ئەبولعیس، بە رۆژنامەی فەرمی رایگەیاندووە، دۆسیەی دامەزراندنی کارمەندانی گرێبەست لای وەزارەتی داراییەو جەختی کردەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر جێگیرکردنی گرێبەستەکان لەناو تەرخانکراوەکانی بودجەی 2027، سەرباری چارەسەرکردنی دۆسیە وەزیفییە پەیوەندیدارەکان بە راژەوە.
لە لایەکی ترەوە، پەرلەمانتار عەلی شەداد ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاندووە، دامەزراندنی گرێبەستەکان دەخرێتە ناو دەقی یاسایی بودجەی 2027و كاركردن بەردەوامە بۆ جێگیركردنی تەواوی گرێبەستەکان و چاککردنی گوزەرانی ئەم توێژە لەسەر راژەی هەمیشەیی، بە شێوازێک کە سەقامگیری وەزیفی زامن بکات و مافی ئەو کارمەندانە بپارێزێت کە ساڵانێکە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بە شێوەی گرێبەست کاریان کردووە.




