نوسەران

پشوو یان قەرەبوو

ئاری عەبدولەتیف✍️باسک نێت

بڕیاری پۆپۆلیستیی بۆ كۆمەڵگەیەك كە تەنیا واجیهە دەبینێت و ڕامكراوە بە شیعار و سلۆگۆن، هەر ئەوەی لێ دەكەوێتەوە كە ئێستا دەیبینین لە شایی و ئاهەنگگێڕان.
ئاخر بۆ خەڵكی ئاسایی، ئاساییە دڵی بەم جۆرە بڕیارانە خۆش بێت، بەڵام بۆ نوخبە، عەجایەبە! لە كاتێكدا باش دەزانن بۆ شارێكی برینقووڵ بڕیاری پشوو هیچ لە گوزەران و ژیانی شار و مەینەتییە زەوەندەكانی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە و گەنجانی خێرلەخۆ نەدیوی بێ گیرفان ناگۆڕێت.

باسی ئەوە نییە كە هەرێم و كورد بۆ ئەم ڕۆژەی نەكردووە بە پشوو قسەم لەسەر ئەوەیە عێراق ئەگەر ڕاست دەكات با قەرەبووی ئەم شارە و هاوڵاتیانی بكاتەوە و دان بنێت بە كەیسی جینۆسایدبوونی لەلایەن ڕەشەسوپاكەی بەعس و ئەم عێراقەی دوێنێوە كە واجبیشە لەسەریان بەپێی قانوون ئەنجومەنی نوێنەرانیان بە بودجەی گشتی قەرەبووی مادیی و مەعنەوی هەڵەبجە بكەنەوە.

یانی دەكرێت شارێكی شەهیدكراو هێندەی ڕوداوی دوجەیل حسابی كەیسی تاوان و قەرەبووی بۆ نەكرێت؟

كەواتە دڵ بە مژدەی نەیار هەرگیز خۆش مەكەن، سوێند بە خوا پرتەقڵێكمان بدەنێ كارتۆنێ گڵاس پێش وەخت لە ژووری نوستنەكەماندا دلیڤەریی كراوە.

ئەمانە هەمووی مەسەلە موزایەدە و هەڵخەڵەتاندنی كوردە كە ئەوانیش باش تێگەشتوون لە میلەتێك كە عاتیفە زاڵە بەسەریدا و بۆ نەگبەتیش لە ئێستادا دەزانن نێوان دەسەڵات و خەڵك باش نییە و ئەو هەلە دەقۆزنەوە،خۆ هەرچەندە دەبوو ئەم بڕیارانە كورد خۆی بیدایە بەڵام ئەوەش بابەتێكە پەیوەندیی بە خوێنساردیی ئەم دەسەڵات و عەقڵەی حكومڕانیی كورد خۆیەوە هەیە كە نەیتوانیوە لە ئاست خەم و خەونی نەتەوەكەیدا بێت.

جا دواجار دەڵێم
پشوو نا قەرەبوو، كە بڕیارەكانیش بوون بە قەبوو ئەوكات وەعد لەسەر جادە شایی بۆ كەسوكاری قوربانیان و خەڵك و گەنجان دەكەم و دەڵێم دەی سا ئەلعان منیش شادانم كە ئێوە خۆش دەژین و پیرۆزتان بێت وەرگرتنەوەی خوێن و خەبات و خەونە لەدەستچووەكانتان، لەلایەن حكومەتێكی عەرەبیی مێژوو ناشرینەوە.

ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢٤/٥/٢٣

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close