
بە کورتی!
(پەیڤێک لە تەنیشت پاشخانە ئیسلامیەکەی الشرع)
د.رەوف کریم ✍️باسک نێت
لە پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماتیدا و لە نەریتی کۆمەڵگای ئەوروپا و ئەمەریکاش دەستهێنان بۆ تەوقەکردن مافی ئافرەتە، نەک پیاو. لە بەرامبەر ئەم مافەش، پیاو مافی ئەوەی هەیە وەڵامی تەوقەکە بداتەوە یاخود دەستی بگێڕێتەوە و تەوقە نەکات. کەواتە بەم پێوەرەش ئاساییە تەوقەی خانمێک وەڵام نەدرێتەوە.
لە رووی پلەی حکومیشەوە، بەگشتی کەسی باڵادەستر مافی دەستهێنان بۆ تەوقەی هەیە بۆ کەسێک کە پێگەکەی خوارترە بەدەر لە رەگەزەکانیان. بەڕێز (ئەحمەد شەرع) لە ئێستادا وەک سەرۆکی سوریا دەسەڵاتی لەدەستدایە. هەر بەو پێیە مافی ئەوە دەست ببات بۆ تەوقەکردن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە لە رووی پڕۆتۆکۆڵیەوە پێگەی لە خوارترە.
کاتی خۆی خانمە بەڕێوبەری پڕۆگرامی عێراقی رێکخراوی (NDI)ی ئەمەریکایی ئەیویست سەردانی سەرۆکی حیزب و کەسە باڵادەستەکان بکات لە سلێمانی. لە نێو کارەکانی دیکەدا داوای لە من کرد، وەک رێکخەری کاروبارەکانی ئەو رێکخراوە لە سلێمانی، بۆی بنوسم کام لە سەرۆک حیزب و سەرکردەکانی ئێرە تەوقە دەکەن و کامانەیان تەوقە ناکەن تا بەپێی ئەوە مامەڵە بکات لە سەردانەکانیدا و، هەر بەوجۆرەشی کرد.
واتە لەبری تانەدان لەو هەڵوێستەی بەڕێز (ئەحمەد الشرع) با خۆیان پابەند بن بە پڕۆتۆکۆڵ و رێسا دیپلۆماتیەکانی خۆیان، نەک بیکەنە کاڵای جەنگێکی ساردی ئایدیۆلۆجی و بیپێچن لە بابەتی ماف و ئازادیەکانی ئافرەت. لەم بابەتەدا نوسەری ئەوروپاییش بە خراپی تێکەوتن و، لێکدانەوەکانیان دژی پرانسیپەکانی خۆیان بوو.