نوسەران

لە ساڵیادی کۆچکردنیدا …  ( ئەحمەد کاکە مەحمود )  نمونەی سەرکردەیەکی سیاسیی شەرعزانی هاوچەرخ 

لە ساڵیادی کۆچکردنیدا …  ( ئەحمەد کاکە مەحمود )  نمونەی سەرکردەیەکی سیاسیی شەرعزانی هاوچەرخ

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

كۆمەڵگەی كوردی لە كوردستاندا كۆمەڵێكی زۆر لە زانایانی ئایینی و كەڵەپیاو و  خەباتگێڕو  تێكۆشەری نەتەوەیی مەزنی پێگەیاندووە  ،  هەر لە ( شێخ سەعیدی پیران ) و   (سەعید نەورەسی ) و (قازي محەمەد)  و  (مەلا مصطفی بارزانی ) و (ئەحمدی موفتی زادە ) و  (ناسری سوبحانی ) و (عەبدول كەریمی مودەریس) و  (عوسمان عبدول عەزیز ) و (مه لا عەلی عبدول عەزیز ) و (مصطفی زەڵمی ) و  دەیان و سەدانی تر كە هەر یەكێك لەوانە عیملاق و عەلەمداری سەردەمی خۆی بووە و نمونەی شوناسی ئیسلامیی و نەتەوەیی و هێمای ئەخلاق و  سلوك و  زوهدو عەدل و سیاسەت و بەگژداچوونی ستەم و زوڵم و نادادیی بووە!

یەكێك لەو كەسایەتییە زانستییە شەرعزانە ناودارانەی كە درێژە پێدەری هەمان ئەو كاروانە پیرۆزو گەورەیەیە  : (مامۆستا مەلا ئەحمەد كاكە مەحمود )ه كە ساڵی 1950 لە گوندی یاڵانپێی ناوچەی هەورامان لەدایك بووە و  ،  لە ساڵی 1977 مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە و  ، لە تەمەنی لاوێتییەوە دەستی بە نووسین كردووە و زیاتر لە (30) پەرتوك و دەست نووسی لە بوارە جیاجیاكاندا هەیە كە هەرە دیارترینییان تەفسیری قورئانی پیرۆزە كە تا ئێستا (6) جار چاپ كراوەتەوە!

بێگومان زۆرن ئەو مەلاو زانا ئایینیانەی كە لە كوردستاندا خزمەتی ئیسلام و حوجرە و زانستە شەرعییەكان و چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووە  ،  بەڵام ئەوەی كە ئەحمەد كاكە مەحمود لە ئەوان و زۆرێك لە زاناو كەڵە پیاوەكانی تری كۆمەڵگەی كوردەواریی جیا دەكاتەوە ئەوەیە  : مامۆستا ئەحمەد جگە لەوەی مەلایەكی ناسراو و كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی و پیاوێكی ناوداری ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان بووە  ،  لە هەمان كاتدا قەڵەم بەدەست و نوسەرێكی زیندو و فەقیهێك و  شەرع زانێكی هاوچەرخ و ڕەمزێكی قیادیی و جیهادیی و حەرەكیی دیارو  لەماوەی (30) ساڵی ڕابردوودا پێشڕەوی گەورەترین شۆڕشی سیاسیی ئيسلامیی و فیكریی و فیقهیی و  عەقڵیی و ڕۆشنبیریی بووە لە هیزری جەماوەری ناوچەكە بە گشتی و گەنج و لاوان و ڕۆشنبیران بەتایبەتی!

بێگومان لە هەشتاكان و  نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا كۆمەڵێك دیاردە و ڕووداوی گەورەی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی لە ساحەی سیاسی كوردستان و ناوچەكەدا ڕوویاندا  ،  هەر لە ڕوودانی شەڕی ئێران – عێراق و  ، ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت و كۆتایی هاتنی تەوژمی شیوعییەت و ، بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و نادادی و  ، زەرورەتی هاتنەكایەی حیزب و كاری ئیسلامیی و خەباتی چەكداریی و سەرهەڵدانی بیرۆكەی جیهاد و دەستەواژەی توندڕەوی و بیری دیموكراسی و  چەندان بابەت و پرسی كۆمەڵایەتی تری جۆراوجۆر  ، كە لەبەرانبەر ئەم شەپۆلە گۆڕانكارییانەدا مەعلومه ( ئەحمەد كاكە مەحمود) سوارچاكێكی ئازاو  بەتواناو  عیملاقێكی مەیدانی وەڵامدانەوە ى برسياره كان و بەدەمەوەچوون و چارەسەركردنی زۆربەی ئەو كێشە و بابەت و پرس و قەیران و گۆڕانكارییانە بوو!!

بێگومان لە مێژووی كوردایەتیدا زۆربوون ئەوانەی هەڵگری دروشمی كوردایەتی و ئازادیخوازیی و خەباتی نەتەوەیی و بەگژداچوونەوەی دیكتاتۆرییەت و سەندنەوەی مافە زەوتكراوەكانییان هەڵگرتبوو  ، بەڵام جیاواز  لەوان ئەگەر سەرنج بدەینە نووسین و بەرهەم و ووتارو فەتواو  وێزگەكانی ژیانی ئەم كەسایەتییە گرنگە بۆمان دەردەكەوێ كە ئەو چ بایەخ و گرنگییەكي نەك تەنها بە نەتەوە و كوردایەتی ،  بەڵكو بە سەرجەم پرسە هەستیارو بابەتە گەرماو گەرمەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردی داوە  ،  هەر لە چەسپاندنی باوەڕو پەروەردەكردنی تاك و خێزان و پێگەیاندنی لاوان و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی ژیانی كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی گیانی خەباتگێڕی و فیداكاری و تێكۆشان لەپێناو گەل و نیشتمان و خاكدا  ،  پشت ئەستور بە فیقھ و فیكرو مەعریفەی سەردەمیانە و بە میتۆدێك و مۆدێلێكی تەواو جیاواز لەو فۆڕم و مۆدێلە تەقلیدییەی كە ئەوانی تر بانگەوازییان بۆ دەكرد و لێوان لێو بوو لە جەهل و نەزانی و فریودان و خەڵەتاندن و لە خشتەبردن و بەرژەوەند پەرستی و بە سوتەمەنی كردنی هەموو شتێك لەپێناو ئامانج و حەزە تایبەتەكاندا.

ئەحمەد كاكە مەحمود بە پێچەوانەی ئەو زاناو مەلایانەی كە لە ڕابردوو و ئێستاشدا بڕوایان بە پێكەوە گرێدانی دین و سیاسەت نیە و  سیاسەت كردنیان لە پاڵ دینداریدا بە قاچاغ و كارەسات لێكداوەتەوە  ، ئەو هەڵگری مەشخەڵی دین و دەوڵەت و سیاسەت بووە و  ، ئەو ڕاستییەی بەگوێی هەموواندا داوە كە سیاسەت بەشێكە لە ئیسلام و  ، دین و سیاسەت دوانەیەكی لێك جیانەكراوەن و ، به لای ئه وه وه  چەسپاندنی دادگەری و بەدیهێنانی ئازادییەكان و گەڕاندنەوەی مافە زەوت كراوەكان بەبێ مومارەسەكردنی سیاسەت و گرتنە دەستی دەوڵەت و دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی مه حال بوو !

ئەحمەد كاكە وەك سەركردە و كاراكتەرێك و ڕەمزێكی بواری فیكرو سیاسەت و چاكسازیی و چاكەخوازیی هاوشێوەی كەڵەپیاوەكان وەك ئەفغانی و عەبدە و غەزالی و مەراغی و شەلتوت و كەواكیبیی و  بەنناو  بن بادیس و غەنووشی و ئەوانی تر حیزبایەتی و فرەیی سیاسيی بە زەرورەتێكی سەردەم دەزانی

 

، پێی وابوو لە ئەنجامی نەبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتێكی ئیسلامیدا دەكرێ سیستمی دیموكراسیی و میكانیزمی هەڵبژاردن باشترینی خراپەكانی سەردەمی ئێستا بێت و گونجاوترین ئەڵتەرناتیڤ بێت لەبەرانبەر دەوڵەت و دەسەڵاتە خۆسەپێن و دیكتاتۆرەكاندا!

لەساڵیادی كۆچكردنیدا دەڵێم  :  لەڕاستیدا ئەحمەد كاكە لە بوارەكانی عیلم و فیقھ و  فيكرو سیاسەت و ئیسڵاح و تازەگەریی و پاراستنی ڕەسەنایەتی و بەگژداچوونەوەی ستەم و جەهل و نەزانی و خورافەدا نمونەی نەوەوی و  نەدەوی و  ئیبنو تەیمیەو  عەززامی نەتەوەكەی بووە  ،  ئەو بەڕاستی شەرعزانێكی پسپۆڕ  ، موفەسیرێكی گەورە  ، بانگخوازێكی هاوچەرخ  ، سەركردە و خەباتگێڕو سیاسییەكی هەڵكەوتوو و بێ وێنەی میللەتەكەی بوو.

 

https://t.me/SAeed000l

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close