نوسەران

با چاو لە حوكمڕانەكان نەكەین و سوود لە هەڵەی رابردوومان وەربگرین

✍️سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی✍️باسک نێت

زیاتر لە دە ساڵە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی لە ناڕەحەتی و گرفتێكی زۆردا ڕۆژەكانی ژیانیان گوزەر كرد، بەشێوەیەك خاوەن دوكاندار و بازرگانەكان زیاتر دەستیان بۆ ئاسمان بەرز دەكردەوە كە مووچەی فەرمانبەران زووتر و زیاتر و باشتر بكرێت و بدرێت.


ئەو ماوەیە هەزاران چیرۆكی تراژیدی و سەختی كۆمەڵایەتی تێدا لەدایك بوو، تاكو دەیان ساڵی دیكەش كاریگەریەكەی دەمێنێتەوە لەنێو كۆمەڵگەدا، كە لە هەمووی سەختتر، هەزاران خێزانی جوان و پێكەوتە و لێكەوتەی هەڵوەشاندەوە كە نەوەی ئەو خێزانە هەژارە هەڵوەشاوانە تاكو بمێنن ئازاری خۆیان و چواردەوریان دەدەن كە دایبابیان لەبەر نەبوونی لێكجیابوونەتەوە.


ئەوەی مەبەستمە لەم چەند دێرەدا بیوروژێنم، پاش سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگار بۆ بەرەكەتی مانگی پیرۆزی رەمەزان و باران و مووچە و كردنەوەی چەندین دەرگای دیكەی خێر بەڕووی هاووڵاتیان، ئەوەیە كە هاتنی ئەم بەرەكەت و مووچانە دەستپێوەبگرن.
بیرتانە نزیكەی 15 ساڵ لەمەوبەر زۆربەی مووچەخۆران قەرزداری قیستی بابەتی جوانكاری ماڵەكانیان بوون، پێش وەرگرتنی مووچەكانیان پلانی خەرجكردنیان دادەنا، كە بەداخەوە زۆرینەی خێزانەكانی كورد ڕۆشنبیری خەرجكردنی بودجەی مانگانەیان نییە، كە لە راستیدا دەبێت بەشێكی لێپاشەكەوت بكرێت ئەگەرچی مووچە و بودجەی مانگانەكەشت كەم بێت، زۆرێكمان چەند هێندەی مووچەكانمان خەرجیمان هەبوو كە ئەمە لە رووی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشەوە حەرام و یاساغ كراوە.


ئازیزان، تكایە بەهاتنی مووچە ئاگاتان لەخۆتان و ڕابردووی دە ساڵ پێشترتان و خەڵكی هەژار بێت، هیچكات هەوڵ مەدەن هەڵەی رابردوو دووبارە بكەنەوە، لانی كەم با لە هەڵەی حوكمڕانەكانی خۆمان فێر بین، ئەگەرچی ئەوان بەردەوام بن لە هەڵەكانیان، كەنەیانتوانی پاش هاتنی قەیران دوومانگ بەرگری لەو پێشهاتە بگرن، با ئێَمە فێر بین لە ئێستاوە ژێرخانی ئابووری خۆمان بەپێی توانا بنیاد بنێین، تاكو لەئەگەری قەیرانێكی دیكە بتوانین چەند مانگێك لە قەیران رزگارمان بێت

پاشەكەوتەكانتان ئەگەرچی كەم بێت ئاراستەی بەرهەمهێنانی بكەن و بیخەنە كارێكی دروست و راست كە ئایینی و یاسایی بێت، ئەوكات خۆتان لێی سودمەند دەبن و نەوەكانیشتان دووجار، بەشێوەیەك فێری پاشەكەوت دەبن و بەرهەم دەهێنن، دواتر بەرهەمی ئێوە دەبێتە بەرهەمی بەردەوامی ئەو نەوانە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close