نوسەران

سوریای دوای ئەسەد

سوریای دوای ئەسەد

د. ئارام ئەحمەد ✍️ باسک نێت

لە ڕوانگەیەکی زانستی و ستراتیژییەوە، بارودۆخی ئێستای سوریا زیاتر خۆی لە تیۆری “دامەزراندنی دەوڵەت” دەبینێتەوە نەک “گواستنەوەی دیموکراسی”. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی ورد و زانستییە بۆ ئەو ئەزموونانەی کە پێشتر ڕوویانداوە، بەدەر لە باشی و خراپی دیموکراسی لیبراڵی. لێرەدا، پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوان ڕووخانی ڕژێم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەت دەبینین، کە بەرهەمی ئەو تێکەڵبوونە قووڵەیە کە ڕژێمی بەعس لە نێوان خۆی و دەوڵەتدا دروستی کردبوو.

دەرئەنجامی ئەم تێکەڵبوونە خۆی لە هەڵوەشانەوەی دامەزراوە سەربازی و ئیدارییەکاندا دەبینێتەوە، کاتێک سەرباز و ئەفسەرەکان گەڕانەوە ماڵەکانیان. بەڵام بوونی پاشماوەی دامەزراوە حکومییەکان دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ شۆڕشگێڕان تاوەکو لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتدا سوودیان لێ وەربگرن و ڕێگری لە دروستبوونی بۆشایی بکەن.

لە ڕوانگەی بەراوردکارییەوە، ئەزموونی سوریا دەکرێت لەگەڵ چەندین نموونەی سەرکەوتووی مێژوویی بەراورد بکرێت، وەک ئەمریکای سەردەمی واشنتۆن، تورکیای سەردەمی ئەتاتورک و یەکێتی سۆڤیەتی سەردەمی لینین. ئەم وڵاتانە، سەرەڕای جیاوازییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانیان، توانیان دەوڵەتێکی بەهێز و خاوەن دامەزراوەی پتەو بنیات بنێن.

مەترسی سەرەکی لە بەردەم دەوڵەتی نوێی سوریادا، ئەگەری بەمیراتگرتنی توندوتیژی ناوخۆییە، کە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی سەرکوتکەر بەرامبەر هاوڵاتیانی. بۆیە گرنگە لە قۆناغی دامەزراندندا، کە سروشتێکی ئاڵۆزی هەیە، جەخت لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و دروستکردنی دامەزراوەی بەهێز و گشتگیر بکرێتەوە.

فاکتەری هێز لە سوریای ئێستادا فرەڕەهەندە: سەربازی، ئابووری، سیاسی و ئایدیۆلۆژی. لە ئێستادا، هێزی سەربازی زاڵە و بۆیە یەکخستنی گرووپەکانی باشوور و چارەسەرکردنی پرسی HSD (هێزەکانی سوریای دیموکرات) گرنگییەکی تایبەتی هەیە. هەروەها، ڕۆڵی لیبراڵەکان و پەیوەندییان لەگەڵ ڕۆژئاوا، فاکتەرێکی گرنگە کە نابێت پشتگوێ بخرێت.

احمد شەرع ، وەک ئەندازیاری پرۆسەکە، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە یەکخستنی هێزە سەربازییەکان و بانگەشەکردن بۆ کۆنگرەی نیشتمانی. ئەم هەنگاوانە دەکرێت ببنە بناغەی دروستکردنی دەوڵەتێکی گشتگیر کە توانای تێپەڕاندنی کێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی هەبێت.

سەرکەوتنی پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەت لە سوریا پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز، لەخۆگرتنی هەموو لایەنەکان، گۆڕانکاری بەرەبەرە و هاوسەنگی نێوان هێزە جیاوازەکان هەیە. هەروەها گرنگە جەخت لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری بکرێتەوە، چونکە ئەمانە بناغەی سەقامگیری درێژخایەنن. ئەم تێگەیشتنە زانستییە یارمەتیدەرە بۆ خوێندنەوەی وردی قۆناغی هەستیاری ئێستا و دانانی ستراتیژی گونجاو بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close