
کۆشکی سپی “موحسین رەزایی” بە “گەورەترین هیوا” دەزانێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران
باسک نێت
رۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” دەڵێت، کۆشکی سپی “موحسین رەزایی”، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بە “گەورەترین هیوا” دەزانێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران و تاکە كەسە توانای دروستکردنی کۆدەنگی هەیە لەناو تاران سەبارەت بە دانوستانەکان.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە رەزایی وتووە، پێویستە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران لە هەر دانوستانێکدا لە پێشینەی کارەکانیان بێت، ڤانس ئامادەیشی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ رەزایی کۆببێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە هەڵكشاندایە لەبارەی لاوازبوونی دەرفەتەكانی رێككەوتن، ڤانس جەختی لەوەشكردووە، پێویستە ئێران كەسانێك نوێنەرایەتی بكەن كە دەسەڵاتی دانوستانيان لەسەر پرسە ئەتۆمییەکانی هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی “رۆیتەرز” لەزاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی، ناوبژیوانانی قەتەر گەڕاونەتەوە تاران لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دانوستانە نێوەندگیرییە بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن بەڕێوەدەچێت.




