
*کاتی ئەوە هاتووە زانکۆکان گیان بەبەر لاشەی مردوویاندا بکرێتەوە*
پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
كاتێك ئەو كتێبانە دەخوێنینەوە كە باسی ژیاننامەی زاناو بیرمەند و ڕووناكبیرە ناودارەكان دەكە.ن خاڵێك زۆر سەرنجمان ڕادەكێشێ كە ئەویش بەراوردكردنی ئەو زاناو بیرمەندانەیە لەنێوان خوێندن لە قوتابخانە و زانكۆ لە سەردەمی ئەواندا لەگەڵ خوێندن لە قوتابخانە و زانكۆ لە سەردەمی ئێستادا! ئەو كەسایەتیە گەورانە لە گێڕانەوەی قۆناغەكانی ژیاننامەی خۆیاندا ئاماژە بە ڕۆڵ و گرنگی و كاریگەریی قوتابخانە و زانكۆ دەكەن – وەك دوو دامەزراوە و ناوەندی ئەكادیمیی جیاواز – لە پەروەردەكردن و پێگەیاندن و بیناكردنی كەسایەتی تاكەكاندا!
ئاشكرایە قوتابخانە ئەوەمان فێردەكات كە لە دوو توێی كتێبە پەیڕەوییەكاندا هەیە ، بەڵام زانكۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر كتێبەكان دەكات بۆ ئەوەی تازەگەرییان تێدا بكات و فۆڕمێكی نوێمان لە داهێنان و بەرهەمی زانستیی هاوچەرخ پێ ببەخشێ! قوتابخانە ئەوەمان فێردەكات كە زانستی نوێ لە كۆتا قۆناغەكانیدا پێیگەیشتووە ، بەڵام زانكۆ هەوڵدەدات مەجهول و نادیارو تەمومژاویەكانمان بۆ ئاشكرا بكات ، ئەركی زانكۆ شیكردنەوە و ڕەخنەگرتنە لە تازەترینی بیرۆكەكان بۆ ئەوەی بیروبۆچوون و قەناعەتەكان بڕوخێنێ و لەجێیاندا بیرۆكە و پێشنیاری نوێ پێشكەش بكات! خۆ ئەگەر زانكۆ ئەم ڕۆڵە ئەكتیڤ و گرنگ و هەستیارە نەگێڕێ ئەوا ئەویش قوتابخانەیەكە و هیچی تر!
زانكۆ لە ڕابردوودا لای زاناو مرۆڤە ناودارو كەڵە پیاوەكان پڕۆژەیەك بووە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی كۆمەڵگە ، ئەوان بڕوایان وابووە زانكۆ ڕێڕەوێكە بەرەو پێشكەوتن، زانكۆ لەلای ئەوان تاقیگەیەك بووە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم گرفتەكانی كۆمەڵگە ، چونكە زانكۆ لە بۆچوونی ئەواندا بایی ئەوەندە ئامڕازو كەرەستە و پێداویستی و بیروبۆچوونی لەبەردەستدایە كە بتوانێ كێشە و بەربەستەكان تێپەڕێنێ، لە تێڕوانینی ئەواندا ئەو كەسەش دەچێتە زانكۆ و دواتر لە یەكێك لە بوارە زانستییەكاندا پسپۆڕیی و پلەیەكی زانستیی وەردەگرێ، دەبێ ئەو كەسە مرۆڤێكی شایستە و نمونەیی بێت و خاوەن عەقڵیەت و بیروڕاو تێڕوانینی تایبەتی خۆی بێت سەبارەت بە ژیان و جیهان و دەوروبەر، ئەو كەسە دەبێ لە ئاستێكی بەرزی ڕۆشنبیریی و مەعریفیی فراوان و گشتگیردا بێت و، جگە لە قاڵ بوون لەبوارە پسپۆڕییە تایبەتەكەی خۆیدا دەبێ ئاگادارو ئاشنای هەموو بوارێك بێت لە بوارەكانی تری ژیانی ڕۆژانە!
لەڕابردوودا بیرۆكەیەك نەبووە بەناوی (بازاڕی كار) ، واتە دەرچووی زانكۆ لەهەر بوارێك لە بوارەكاندا بەهیچ شێوەیەك بیری لەوە نەكردووەتەوە لە داهاتوودا چ كارو ئەرك و پیشەیەك مومارەسە بكات ، چونكە لە خودی سروشتی زانكۆ و خوێندن و قۆناغی ئەو سەردەمەدا (كارو پیشە) زەمانەت كراو بووە و، مەرج و یاسا و ڕێسا و داواكارییەكانی (بازاڕی كار) و فشارەكانی ژیان پاڵی بە خوێندكارەوە نەناوە مێشكی بەو لایەنەوە سەرقاڵ بكات هەروەك چۆن ئێستا ئەو حاڵەتە هەمووانی سەرقاڵ كردووە!
لەلایەكی ترەوە ئەم حاڵەت و دیاردەیە پاڵی بە سەرپەرشتیارانی زانكۆ و دامەزراوەكانی خوێندنەوە نەناوە كۆمەڵێك بوارو بەش و پسپۆڕیی تایبەت دابتاشن یان دابخەن بۆ ئەوەی لەگەڵ یاسا و مەرجەكانی (بازاڕی كار)دا خۆیان بگونجێنن ، یان لەبەرئەوەی ئەو پسپۆڕیی و بوارە تایبەتانە بازاڕیان گەرمە و داواكاری زیاتریان لەسەرهەیە!
دەرچووی زانكۆ لە ڕابردوودا كەسێكی ڕاهێنراو بووە بۆ ئەوەی سەركەوتووانە مومارەسەی ژیانی خۆی بكات ، لەڕووی فیكریی و مەعریفییەوە كەسێكی ئامادەكراو بووە بۆ ئەوەی خاوەنی ڕاوبۆچوونی تایبەتی خۆی بێ لەسەر زۆرێك لە بابەت و پرس و ڕووداو و پێشهاتە جیاوازەكان!
قوتابی زانكۆ لە ڕابردوودا بوارو پسپۆڕییە زانستییە ڕەسمییەكەی خۆی هەرچیەك بوو بێت ئاشنایەتی تەواوی بە مێژوو و زمان و كەلتوور و ئایینی خۆی هەبووە ، هەمیشە كەسێكی جیاواز بووە حەزو ئارەزووی خوێندنەوە و نوسین و خۆپێگەیاندنی كردووە ، كە لەڕاستیدا هەموو ئەم سیفەت و خەسڵەت و ئاكارانە هیچیان لە زۆربەی هەرە زۆری قوتابی و دەرچووانی زانكۆكانی ئێستادا بەدی ناكرێن و بوونیان نیە!
زانكۆكان لە ڕابردوودا هیچ جۆرە دیوارو بەربەست و جیاكاریەكییان لەنێوان زانستە مرۆڤایەتیەكان و زانستە پراكتیكییەكاندا نەكردووە ، لە توێژینەوەیەكدا كە یەكێك لە دامەزراوەكانی توێژینەوە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو ئەنجامی داوە دەركەوتووە كە زۆربەی هەرە زۆری ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە سەر بە تەوژم و تەییارە توندڕەوەكان بوون ئەو قوتابی و خوێندكارانە بوون كە بەشە زانستییە پراكتیكییەكانیان تەواو كردووە ، كە ئەو بەشانەش هیچ جۆرە پەیوەندییەكیان بە ئەدەب و مێژوو و دەرونناسیی و كۆمەڵناسیی و سیاسەتناسیی و گەشەی مرۆیی و بەشە مرۆڤایەتیەكانی ترەوە نیە ، ئەم بەشە ئەدەبی و ئینسانیانەش ئاستی فیكریی و عەقڵی و هۆشیاریی مرۆڤ بەرز دەكەنەوە و، هونەری گفتوگۆو دواندن و توانای نیقاشی فیکریی مەنتیقی و عەقڵانی گەشە پێدەدەن ، ئەمە جگە لەوەی ئەم زانستانە مرۆڤ لەسەر غەریزە و سەلیقەی جوان و ئەتەكێت و ڕەفتارو مامەڵەی ڕێك و گونجاو لەگەڵ دەورووبەر پەروەردە دەكەن.
لەڕاستیشدا زۆرێك لە زانكۆ كۆن و ڕەسەنەكانی عێراق و وڵاتانی دەرەوە و دەوروبەر بەدرێژایی دەیەكانی سەدەی بیستەم توانیویانە خزمەت و ئەركێكی دەگمەن و بێ وێنە جێبەجێ بكەن كە بەزۆر لایەنی تر جێبەجێ ناكرێ ، لەو ئەركانەش بۆ نمونە : نوسین و ئامادەكردنی چەندین بەرهەمی زانستیی گشتی مەوسوعیی لەبوارە جیاجیاكاندا ، جگە لەوەی كۆمەڵێك هەوڵ دراون بۆ بە عەرەبیی كردنی هەندێك لە زانستەكان، هەندێكی تریش خەونیان بەوەوە بینیوە بناغەی چەند زانستێكی مرۆیی نوێ بە تام و بەرامی زمانی عەرەبی دابنێن وەك : فەلسەفەی عەرەبی ، یان پرۆگرام و پەیڕەوی تازەی عەرەبی بۆ توێژینەوە مێژووییەكان، واتە وەك لە سەرەتادا ئاماژەمان پێكرد زانكۆكان توێژینەوەیان لەسەر كتێبە پەیڕەویەكان دەكرد بۆ ئەوەی بەرهەم و داهێنان و تایتڵێكی نوێمان لە ناوەڕۆكی ئەو كتێبانەوە بۆ ئاشكرا بكەن. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە زانكۆ لە ڕابردوودا لە كۆمەڵگەو کایەکانی ژیان دابڕاو نەبووە و، لە هەوڵی بەردەوامی ئامادەكردن و پێگەیاندنی زاناو سەرکردەو بیرمەندو توێژەری ڕاستەقینەی شایستەو پێشخستنی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەدا بووە!
بەپێچەوانەی قوتابیانی زانکۆکانی ئێستاش ، قوتابیان لە زانكۆكانی ڕابردوودا بە مەبەستی زەمانەت كردنی دامەزراندن و بەدەستهێنانی موچەی مانگانەو ، پلەبەرزکردنەوەی وەزیفیی و، بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵاو نازناوی زانستیی گەورە و، خۆنواندن و خۆڕازاندنەوەی ڕواڵەتیی ، ماستەرنامە و دكتۆرانامە و توێژینەوەیان نەنوسیووە!
ماوەتەوە بڵێم : ئایا ئیتر كاتی ئەوە نەهاتووە زانكۆكانی ئێستا لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی زانستیی گشتگیری تۆکمەی هاوچەرخدا جارێكی تر ڕۆح بە لاشەی مردوویاندا بكرێتەوە و لە بەرگێكی تردا نوێ بكرێنەوە؟! تاكەی زانكۆكان لەجیاتی ڕۆڵی زانكۆ ڕۆڵی قوتابخانە بگێڕن و، هەموو بەرهەم و داهێنانێكی ساڵانەیان تەنها و تەنها ئامادەكردنی كارمەندی فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەت بێت و، دەرچواندنی سوپایەك بێت لە بەتاڵە و كەسانی لاواز و بەخشینەوەی هەزارەها بڕوانامەی بێ ناوەڕۆك؟!!!



