نوسەران

میلیشیایەک بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەمەوە

«میلیشیایەک بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەمەوە»

یاسین عارف ✍️باسک نێت

٧٥ ساڵە ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکاو ئەوروپا مێشکی سەریان بردوین باسی دەوڵەتێکی نمونەیی و وڵاتێکی شارستانیمان بۆ دەکەن، کە گوایە تەنها حکومەتێکی دیموکراسیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

گەرچی ئەم دەوڵەتە بەناو دیموکراسیە هەر لە سەرەتاوە پێکهاتەی چەند گروپێکی میلیشایی بوەو تا ئێستاش وەک وڵات نەخشەی دیاری کراوی نیەو سنورەکانی دیار نین، وەک دەوڵەتیش هەرگیز پابەستی یاسا نێو دەوڵەتیەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان نەبوە، وەک کۆمەڵگەش پڕە لە موتەدینی توندڕەو و کەسانی ڕەگەز پەرست.

هەرچی لە ماوەی ئەو ٧٥ ساڵەدا دەربارەی ئیسرائیل و دیموکراسیەکەی و شارستانێتەکەی و پێشکەوتنەکەی و ئازادی خوازییەکەی و مرۆڤ دۆستیەکەی وتیان، لە شەڕی غەزەدا پێچەوانەکەی دەرکەوت و هەمو دونیا بە چاوی خۆیان بینیان.
ئەوەی حەفتا ساڵە میدیای جیهانی بە پارەی زایۆنی پڕوپاگاندەی بۆ دەکات هەموی لە غەزەدا کرایە ژێر گڵەوە،

بە ئاشکرا دەرکەوت کە سوپاکەیان نە سوپایەو نە وەک سوپاش بە یاسا دەڕوات بەڕێوە، بەڵکو بە هەمو واتایەکی میلیشیا میلیشیایەو بە نوێترین تەکنەلۆژیایی دونیاوە، بەبێ گوێدان بە هیچ دەستورو یاسایەک و هیچ ڕێکەوتن و پەیمان نامەیەکی نێو دەوڵەتی و هیچ ئاداب وئەخلاقێکی شەڕ ژن و منداڵ دەکوژێت و خانوبەرەی هاوڵاتیان خاپور دەکات.

دەرکەوت کە داگیرکەرو بکوژو زاڵمن نەک قوربانی و زوڵم لێکراو و بەشخوراو.

دەرکەوت کە شەڕفرۆش وخزوێن ڕێژن نەک ئاشتی خوازو پێشکەوتو خواز.

ئەوەی کە نزیکەی دوو ساڵە ئیسرائیل لە غەزەدا دەیکات هەمو پێناسەکانی جینۆسایدی تێپەڕاندوەو هەمو سنورەکانی یاسا نێو دەوڵەتیەکانی شکاندوەو هەمو بنەماکانی مافی مرۆڤ و هەرچی فەلسەفەی ئەخلاق و ئادابی شەڕ هەیە هەڵی تەکاندوە.

بوردومان کردنی ئێران و بە زاندنی سنورەکانی سوریاو لوبنان و میسرو ئوردن و عێراق و یەمەن و بە ئارەزوی خۆی تەراتێن کردن لە ئاسمانی ئەم وڵاتانەدا شکاندنی هەمو یاسا نێو دەوڵەتیەکانە.

تەنها بیانویەکی ئیسرائی بۆ ئەم هەمو دەستدرێژی و تاوان و کاولکاریە، ئەوەیە کە گوایە دەیەوێت خۆی بپارێزێت، لە کاتێکدا هەقیقەت هەر ئەوەیە کە خودی خۆی هۆکاری زۆربەی کێشەکانی ناوچەکەیەو ڕاستەو خۆو ناڕاستەو خۆ ٧٠ ساڵە دەستی لە هەمو شەڕەکانی ناوچەکەدا هەبوە، زۆربەی ئاگرکان ئەو ناوێتێوە، ئەگەر ئەویش نەی نابێتەوە، ئەوە پاشان هەر ئەو فوی پیدا کردوە.

ڕۆژئاوای دووڕوش ٧٥ ساڵە بە ناوی دیموکراسی و شارستانێتەوە یارمەتی ئەو ڕژێمە داگیرکەرە، میلیشیایە دەدەن و کردویانەتە کەڵەگاو خاوەنی چەکی ئەتۆمی و نوێترین فڕۆکەی جەنگی و بەهێزترین ساروخی سەردەم و هەمو جۆرە ڕادارو درۆن و تەکنەلۆژیایەکی سەربازیان پێبەخشیوەو ساڵانە دەیان ملیار دۆلاری دەدەنێ و وەکو سەگی هار بەریان داوەتە ناوچەکە.

کاتی ئەوە هاتوە، کە ئەوروپاو ئەمەریکا تێبگەن سەردەمی ئیستعماری کۆتایی هاتوە،نە بە تەکنەلۆژیاو سوپاو، نە بە شەڕو کوشتار ناتوانن گەلانی ئازاد بێدەنگ و چاوترسێن بکەن، باشتر وایە تا زوە سەگە هارەکەی خۆیان ببەستنەوەو سنورێکی بۆ دابنێن، بەر لەوەی میللەتانی ڕۆژهەڵات لێی هەستن و بیتۆپێنن!

من نا، هەرچی لێکۆڵەرەوەی جیهانە لایان وایە کە ئیسرائیل ئەمڕۆ لە دوو ساڵ بەر لە ئێستا ئارامترو پارێزراو تر نیەو تا ئەم شەڕانە گەورەترو درێژتر بنەوە،ئیسرائیل و ئەمن و ئاسایشی زیاتر دەکەونە مەترسییەوە!

ئایە ئەمە بەس نیە بۆ ئەوەی ئەمەریکاو ئەوروپا چیتر چەکی بۆ نەنێرن و تێی بگەیەنن کە بەم شێوەیە هەرگیز ناتوانێت ئاشتی وڵاتەکەی و گەلەکەی بپارێزێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە زیاتر دەیان خاتە مەترسێوە؟

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close