
بزووتنەوەی ئیسلامیی
(٢٠٢٢/٢/٥)، كۆنگرەی (١٢) دەبەستێت
گۆڕانكاریی گەورە ڕوودەدات
سەرباری دواكەوتنی كۆنگرەی ئاسایی بزووتنەوەی ئیسلامیی بە (١ ساڵ و ٥ مانگ و ٩ ڕۆژ)، وا بڕیارە ڕۆژی (٢٠٢٢/٢/٥) لە شاری ھەولێر، بە ئامادەبوونی (٤٠٠) ئەندام، دوانزەھەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێت.
بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامیی، ھەر چوار ساڵ جارێك دەبێت كۆنگرە ببەسترێت، بەم پێیە ٢٠٢٠/٧/٢٥ دەبوایە دوانزەھەمین كۆنگرە ببەسترایە و ئەندامانی كۆنگرە ئەبدێتی پەیڕەو و ئۆرگان و سیاسەت و ستراتیژی حیزبەكەیان بكردایە.
لەوەھا ڕەوش و قۆناغێكدا، لە گرنگ گرنگترە بزووتنەوەی ئیسلامیی وەك حیزبێكی مەبدەئیی و میتۆدیی و مەنھەجیی، بە پەیڕەو كاربكات و پرەنسیپی سەرەكیی خۆی كە قورئان و سوننەتە، بكاتە ڕێبەر و خۆی لەم نائۆرگانیی و خزانە دەربازبكات و سەركردایەتییەكی جۆریی و ئیرادەخواز ھەڵبژێرێت تا لەم ھەلومەرجەدا، پرس و پرۆسە و پێھەنگاوەكانی دنیای نوێ ھەڵسەنگێنێت و میكانیزم و گوتاری پڕ بە بەر، بە باڵایاندا بدورێت.
خۆشبەختانەش لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرەی دوانزە، لە ئامادەكاریی تەواودایە و وا بڕیاریشە لەم كۆنگرەیەدا دەست ببرێت بۆ زۆر گۆڕانكاریی، لەوانە:
ـ گۆڕینی ڕابەری گشتیی
ـ ھەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێ
ـ ھەمواری چەندین ماددە و بڕگەی پەیڕەو
ـ چاوخشاندنەوە بە گوتار و ستراتیژ و پەیوەندییەكان
ـ دەستكاریی ھەیكەل
ـ گۆڕینی لۆگۆ
ـ بەشداریی بەشێك ئەو سەركردە و كادر و دڵسۆزانەی بە ھۆكاری جیاواز دانیشتوون و دووركەوتوونەتەوە لە كاری حیزبیی، لەگەڵ بەشداریی ھێڵی گۆڕانكاریی
ئەوەی لای من گرنگە:
ـ لەو بەروارەی بڕیاردراوە، كە (٢٠٢٢/٢/٥)، كۆنگرە ببەسترێت و دوانەكەوێت
ـ ستراتیژ و گوتاری بزووتنەوە گۆڕانی بەسەردا بێت بە پێی ھەلومەرجی دنیای نوێ، بە ڕەچاوكردنی پاراستنی پرەنسیپی (قورئان و سوننەت)
ـ ڕابەرێكی نوێ ھەڵبژێردرێت، ئەمە لە كاتێكدا ڕابەری ئێستا جەنابی (م. عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) دوو خولە ڕابەرە و بە پێی پەیرەو ناتوانێت خۆی بەربژێر بكاتەوە، خۆیشی ڕایگەیاندووە كە بەربژێر نابێت
ـ ھەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێی ھاوسەنگ و بەھێز
ـ فۆكس خستنەسەر سێ پایەی گرنگ (گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتیی، داراییەكی تۆكمە، میدیایەكی جۆریی)
بۆ ئەم مەبەستەش پاكێجێكی شەش خاڵییم ئامادەكردووە بۆ لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرەی دوانزە.
ئاری عەبدولەتیف