
گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل گەیشتە ئاستێکی نوێ، كە كوردیش بەشێكە لە لێدوانە توندەكانی سەرۆكەكانی هەردو وڵاتە و لە نوێترین پێشهاتدا، پارتەكەی ئەردۆگان ڕایگەیاند، “نەتەنیاهۆ لە کاتی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، هەوڵی داوە کوردانی عێراق و ئێران بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام کوردەکان نەچونە پاڵ ئەم تۆڕە تاوانكارە”.
عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاك پارتی)، لە لێدوانێکدا بە توندی هێرشیکردە سەر بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ڕایگەیاند کە هیچ کەسێک لەسەر ئەم زەوییە باوەڕ بەوە ناکات سوپای ئیسرائیل، سوپایەکی بەڕەوشت بێت، لە کاتێکدا لە غەززە کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات.
چەلیک سەركۆنەی قسەکانی نەتەنیاهۆی کرد کە تێیدا ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی بە “دیکتاتۆر” ناوبردبو و بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی کورد تۆمەتباری کردبو. وتەبێژی ئاکەپە ئاماژەی بەوە دا کە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید دژی کورد لە لایەن تورکیاوە، تەنها “پڕوپاگەندەیەکی ڕەشە” و نەتەنیاهۆ زۆرجار پەنای بۆ دەبات.
چەلیک ئاشکرایکرد کە نەتەنیاهۆ لە کاتی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، هەوڵی داوە کوردانی عێراق و ئێران وەک “بەکرێگیراو” بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام کوردەکان بە ژیرانە لە دیوی ڕاستی مێژو وەستان و ئامادە نەبون بچنە پاڵ ئەو “تۆڕە تاوانکارەی” کە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، چەلیک جەختی کردەوە کە نەتەنیاهۆ بەردەوام هەوڵدەدات سیاسەتی بەکارهێنانی کورد دژی تورکیا پەیڕەو بکات، هەروەک چۆن هەوڵی هاوشێوەی لەگەڵ عەرەب، دروز، نوسەیری، عەلەوی و شیعەکان داوە، بەڵام چیتر کەس باوەڕ بە درۆکانی ئەو “تۆڕە تاوانبارە” ناکات
باسک نێت




