عێراقهەواڵ

پەرلەمانتارانی مالیکی سودانی تۆمەتبار دەکەن بە گەندەڵی

“حەکیم دۆخەکەی هێور کردەوە”
پەرلەمانتارانی مالیکی سودانی تۆمەتبار دەکەن بە گەندەڵی
باسک نێت
محەمەد خالیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەمەد سودانی سەرۆکایەتی دەکات، دەڵێت، فراکسیۆنەکەیان بە نێوەندگیریی عەمار حەکیم، لەگەڵ نوری مالیکی گەیشتوونەتە هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان، ئەوەش دوای ئەوەی سودانی داوای دادگاییکردنی مالیکی کرد بەهۆی کەوتنی پارێزگا جیاوازەکان بە دەستی گروپە تیرۆریستییەکان لە ساڵی 2014دا.

پێشتر خالید وەلید مەرسومی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی سودانی داوای کردبوو، مالیکی دادگایی بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە پەند بۆ هەموو ئەوانەی کۆمەڵگایان وێران کرد، کە بە وتەی محەمەد خالیدی، ئەم لێدوانە لەسەر ڕێنمایی سودانی بووە.

بەم دواییانە ناکۆکی کەوتە نێوان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، خالید وەلید مەرسومی، لە کاردانەوەی ئەو تۆمەتانەدا کە پێشتر پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی دەوڵەتی ئاراستەی سودانیان دەکرد، هێرشی کردبووە سەر مالیکی.

لەبارەی قسەکانی پەرلەمانتار یوسف کیلابی کە سکاڵای لە دەسەڵاتی دادوەری لە دژی سودانی تۆمار کردووە و تۆمەتباری دەکات بە گەندەڵی و هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری ئێستای عێراق، محەمەد خالیدی ڕایگەیاند، وەک هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان داوا دەکەین پێداچوونەوە و وردبینییەکی گشتگیر بە هەموو حکومەتەکانی ڕابردوودا بکرێت، دەمانەوێت لێکۆڵینەوە لە هەموویان بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کام حکومەتە گەندەڵترین بووە.

وتیشی، پێشنیاز دەکەین لە حکومەتی 2005ەوە دەست پێ بکرێت و هەموو دۆسییەکان بکرێتەوە، جگە لەوەش داوای لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەی ئەکادیمی هەموو ئەندامانی پەرلەمان دەکەین، نەک تەنها ئەوانەی لە خولی ئێستادان، بەڵکو لە خولەکانی پێشووش، هەروەها هەموو بەرپرسێک کە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەرەوژوور، لە دوای 2003وە تا ئێستا، لە بڕوانامەی سەرەتایی، ناوەندی و ناوەندییەوە تا بڕوانامەی زانکۆ.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close