
چیرۆکی ژیانی نێوان محمد ضیف و غەدیر سیامی خێزانی
د.ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
بزووتنەوەی خەباتکاری فەلەستین مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی تۆمار کردووە، کە تێیدا ڕۆڵی ژنان و پیاوانی خەباتکار و خێزانەکانیان بەرچاو و کاریگەر بووە. لێرەدا چیرۆکی ژیانی موحەمەد ضیف، یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی کەتائیبی عیزەدین قەسام و هاوسەرەکەی غەدیر سیام، وەک نموونەیەکی زیندووی ئەم خەباتە جێگەی سەرنجە.
لە ساڵی ١٩٩٨دا، لە سەرەتای پەیوەندییەکانی نێوان موحەمەد ضیف و بنەماڵەی خەباتکاری فەلەستینی فاتیمە حەلەبی، بناغەی خەباتێکی هاوبەش دامەزرا. ئەم پەیوەندییە دواتر بە هاوسەرگیری نێوان ضیف و کچەکەی، غەدیر، لە ساڵی ٢٠٠١دا بەهێزتر بوو. ئەم هاوسەرگیرییە تەنها پەیوەندییەکی خێزانی نەبوو، بەڵکو هاوپەیمانییەکی نیشتمانی و خەباتکارانەش بوو.
لە ژێر فشاری بەردەوامی هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل، ژیانی ئەم خێزانە خەباتکارە بەشێوەیەکی تەواو نهێنی و ئەمنی بەڕێوەدەچوو. غەدیر، کە ناوی خۆی گۆڕی بۆ مونا و بە “ئوم فەوزی” ناسرا، بوو بە بەشێکی گرنگ لە ستراتیژی پاراستنی سەرکردەیەکی گەورەی بەرگری. ضیفیش، کە بە ناوی نهێنی “مەنسور” کاری دەکرد، توانی لە ڕێگەی ئەم ڕێکخستنە وردەوە بەردەوام بێت لە خەباتی چەکداری دژی ئیسرائیل.
ژیانی سادە و زاهیدانەی ئەم خێزانە نیشانەی ئەوە بوو کە خەباتی ئازادیخوازی لە سەرووی هەموو خۆشگوزەرانییەکی تاکەکەسییەوەیە. لە ماڵێکدا کە تەنها چەند دۆشەک و کەلوپەلێکی سادەی تێدا بوو، ستراتیژی بەرگری و خۆڕاگری دادەڕێژرا. تەنانەت کاتێک دیاری و پاداشتیان پێشکەش دەکرا، دەیانبەخشی بە بزووتنەوەی بەرگری و خەڵکی هەژار.
غەدیر دەڵێت “زەماوەندەکەم لەگەڵ ضیفدا ئاسایی نەبوو، ضیف تەنها هەزار دۆلاری هەبوو وەک مارەیی، و هیچ ڕێوڕەسمێکی ئاهەنگگێڕان نەبوو جگە لە سەربڕینی بەرانێک بۆ نزیکەکان. لەو کاتەوە هیچ ماڵێکی تایبەتیان نەبوو و بەردەوام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازرانەوە.”
غەدیر، ژیانی زاهیدانەی هاوسەرەکەی باس دەکات، کە لە ماڵەکەیاندا تەنها چوار دۆشەک و ڕاخەرێکی حەسیر و دۆلابێکی پلاستیکی بۆ جلەکانیان هەبوو. کاتێک سەرکردە شێخ ئەحمەد یاسین بڕە پارەیەکی وەک دیاری زەماوەند پێشکەش کرد، بەخشی بە کەتائیبی قەسام، تەنانەت ژووری نوستنێک کە شەهید سەلاح شەحادە وەک دیاری پێی بەخشین، ضیف بەخشی بە گەنجێکی تر تا بتوانێت هاوسەرگیری بکات. غەدیر دەڵێت” بەردەوام لەبەردەم خەڵکدا دەمگوت هاوسەرەکەم لە غوربەتە، بۆ پاساودانی تەنیا مانەوەم زۆربەی چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ هاوسەرەکەم لە دەرەوەی ماڵ بوون”.
ئەم نموونەیە پیشانی دەدات کە چۆن ژنانی فەلەستینی ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پشتیوانیکردن و بەشداریکردنی راستەوخۆ لە خەباتی ڕزکاریخوازیدا.