نوسەران

ئایندەی جیهان لەبەردەم سەرۆکێکی لاسارو سەرەڕۆدا

ئایندەی جیهان لەبەردەم سەرۆکێکی لاسارو سەرەڕۆدا

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

لەو كاتەوەی گەڕاوەتەوە كۆشكی سپی هەموو جیهانی خستۆتە بەردەم قۆناغێكی نوێوە  ، قۆناغێك  كە جارێكی تر نەخشەی دیمەنی سیاسی نێودەوڵەتی بەشێوەیەك دابڕێژێتەوە كە وێنەی نەبووبێت ! نامۆ نیە هەڵسەنگاندنەكان بۆ (دۆناڵد ترەمپ) جیاواز بن  ، هەندێك لایەنگیری بكەن و بە سەرۆكێكی كاریزما و خاوەن تێڕوانینی تایبەتی بێ وێنەی لە قەلەم بدەن  ، هەندێكیش دژی بوەستنەوە و بە هەڕەشەی بزانن بۆ سەر سیستەمی جیهانی ،  بەڵام ئەوەی كە ناكرێت نادیدە بگیرێ ئەوەیە  : ئەو پیاوە كەسێكە بە مامەڵە و ڕەفتارو هەڵسوكەوت و لێدوانەكانی هەمووان ناچار دەكات بە بەرنامە و نەخشە و پلان و بڕیارەكانیاندا بڕۆنەوە ! ترەمپ تەنها سەرۆكێك نیە گەڕابێتەوە بۆ دەسەڵات ، بەڵكو ئەو دیاردەیەكی سیاسیە خۆی لە شكاندن و دەرچوون لە یاسا و رێسا باو و كارپێكراوەكاندا دەنوێنێت!

لێدوانەكانی ئەم سەرۆكە سەبارەت بە (غەززە) و گواستنەوەی دانیشتوانەكانی  ، سەبارەت بە دانیمارك و كەنەدا و پەنەما  ، سەپاندنی ئەنجامدانی یەك تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بەسەر سعوودیەدا  ، ناچاركردنی ڕێكخراوی ئۆپێك بەزیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ لاوازكردنی ڕووسیا  ، داواكردنی ملیارەها دۆلار لە ئەڵمانیا و یابان لەبەرانبەر پاراستنی خاكەكەیان لەلایەن ئەمریكاوە  ، داواكردن لە چین بە زیادكردنی هاوردەكردنی كاڵا ئەمریكییەكان ، پەلاماردانی فەنزوێلا و ڕفاندن و قۆڵبەستکردنی سەرۆکەکەی لە ئۆپراسێۆنێکی سەربازی خێرای شۆکهێنەردا ، هەڕەشەکردن بە پەلاماردانی هەریەک لە ئێران و کۆڵۆمبیا … ئەمانە تەنها لێدوان و بابەتی میدیایی و ڕووداوی ئاسایی نین ، بەڵكو ئەمانە ڕاگەیاندنی ئاشكراو ڕوونی نەهجی ئەم سەرۆكەیەن  لەمەڕ سەپاندنی واقیع و كەشێكی نوێ لە ناوچەكە و جیهاندا كە تەواو جیاواز بێت لە تێگەیشتنە ڕابردووەكان ! دەپرسم : ئێمە ئێستا چۆن لەم پەرەسەندنانە ، لەم لێدوان و سیاسەت و بڕیار و ڕەفتارانەی ترەمپ تێبگەین؟!

ئایا ئێمە ئێستا لەبەردەم سەرۆكێكداین كە دەیەوێت هەیبەت و شكۆ بۆ ئەمریكا بگێڕێتەوە كە پێشتر لەلایەن ئیدارەكەی (بایدن)ـەوە لە دەستدرابوو؟

یان ئێستا ئێمە لە سەرەتای قۆناغ و چەرخێكی نوێداین كە پڕی دەبێت لە ناكۆكی و فەوزای ڕێكخراو و ئاڕاستەكراو؟!

بێگومان قۆناغی دوای هاتنە پێشەوەی ترامپ وەك قۆناغی پێش هاتنی نیە ، ترەمپ سیاسەت تەنها وەك ئامڕازێك بۆ ئیدارەدانی قەیرانەكان تەماشا ناكات ، بەڵكو ئەو پێی وایە سیاسەت مەعرەكەیەكی بەردەوامە بۆ جارێكی تر ڕێكخستنەوەی كارتەكان بەو شێوەیەی كە خزمەتی تێڕوانینەكانی ئەو دەكات! ئەو بە فیعلی و بەكردەوە دەستی كردووە بە جوڵاندنی ئاوە ڕاوەستاوەكە  ، بەڵام ئایا ئەو بەڕاستی توانای جێبەجێكردنی بڕیارو بیرۆكە و هەڕەشەكانی هەیە ؟ یان بڕیارو ڕەفتارەكانی جارێكی تر دەبنە هۆی دروستكردنی پشێوی و ئاژاوە لە ناوچەكە و جیهان؟! ڕوونە كەسایەتی ترەمپ تەنهاو تەنها ئەوە نیە سیاسییەكی جیاوازە  ، بەڵكو ئەو كەسایەتیەكە بەهۆی بڕیارە چاوەڕوان نەكراوەكانیەوە هەمیشە جەدەل و مشتومڕێكی چڕی لەسەرخۆی هێناوەتە ئاراوە!
ئەوانەی ترەمپ بە شێت و لاسارو سەرەڕۆ وەسف دەكەن بێ ئاگان لەوەی كە خودی ئەم سیفەتانەیە پاڵ بەوەوە دەنێن مێزەكە هەڵگێڕێتەوە و هاوكێشەكان جارێكی تر بەشێوەیەك دابڕێژێتەوە كە كەس نەتوانێت دەرك بە ئەنجامەكانیان بكات!

ئەوەی کەسایەتی ترەمپی سەرنجڕاكێشتر و تایبەتی تر كرد كات و قۆناغی گەڕانەوەی بوو بۆ کۆشکی سپی ، ئەو كاتێك گەڕایەوە كە جیهان پڕیەتی لە نائارامی و كێشە و ناكۆكی ، هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بیگرە تا دەگاتە ئۆكرانیا و ، ساردی و گرژی نێوان چین و وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا! ئەو لە كاتێكدا گەڕایەوە كە سیستەمی نوێی جیهانی زۆر لەرزۆكە و لەبەرانبەر قەیرانە یەك لەدوای یەكەكاندا توانای خۆڕاگری نیە ، سیاسەت و بڕیارەکانی ترەمپ بە تەنها گۆڕانكاری نیە لە سەركردایەتی كردنی ئەمریكادا ، بەڵكو تاقیكردنەوەیەكە بۆ ئەندازەی توانای جیهان لە ڕادەی خۆگونجاندن لەگەڵ وەرزێكی نوێی سیاسەتی شۆكهێنەردا!

لەوانەیە هەندێك ئەم بۆچوونە وەك موبالەغە لێك بدەنەوە ، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ کتێبی ( علم النفس السیاسي / دەروونناسی سیاسی ) دێڤید باتریک بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چۆن بەهۆی هەڵە لێکدانەوە ، یان سەرکێشی سەرۆک دەوڵەتێکی گەورە ، یان تەنها لە پێناو تێرکردنی ئارەزووی خۆنواندن ، یان زامنکردنی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی دااهاتوودا  چ کارەسات و ڕووداوگەلێکی گەورە دێنە کایەوە ! ئاشکرایە ئەوانەی بەچاوی ڕەخنەوە چاودێری دیمەنە سیاسییەكە دەكەن تێدەگەن و بۆیان دەردەكەوێت كە جوڵەو ڕەفتارەکانی ترەمپ ڕووداوی ساكارو سادە نین ، جوڵەو بڕیارەکانی ئەم سەرۆکە ئەوە ناسەلمێنن کە ئەو دەیەوێت خۆی لەگەڵ ئەو بارودۆخە جیهانیەدا بگونجێنێت کە ئێستا هەیە ، بەڵکو ئەو  دەیەوێت ئەو دیمەنە سیاسییەی كە هەیە بەو شێوە ڕەنگ و نەخش
بكاتەوە كە خۆی حەزی لێیەتی و بیری لێدەكاتەوە!

ئێستا جیهان لەبەردەم سەرۆكێكدایە كە دان بە نەریت و یاسا و ڕێسا باوەكاندا نانێت ، دان بە سنوورەكاندا نانێت ، بەهیچ شێوەیەك گوێ بە ڕەخنە و مەترسیەكان نادات!  جیهان وەک کێڵگەیەکی گەورەی کشتوکاڵی و ، گەلانی دنیاش وەک ئاژەڵ و کۆمەڵە مەڕو ماڵاتێک تەماشا دەکات ،  لەتێڕوانینی ئەویشدا پارەو سامان و دەستکەوتی ماددی جۆرو سروشتی پەیوەندیەکان دیاری دەکات ! پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە : ئایا جیهان بەرگەی دەرەنجام و بەركەوتەی

سیاسەتەکانی ترەمپ دەگرێت؟ یان ئێستاكە جیهان پێ ناوەتە سەرەتای قۆناغێكەوە كە كەس ناتوانێت پێشبینی ئەنجامەكانی بكات!!
ترەمپ پێی وایە یاسا نێودەوڵەتیەکان و دامەزراوەکانی وەک  ( ڕێکخراوی نەتەوەیە گرتووەکان) و  ،  ( ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ) و ، ( ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ) هیچ بەرژەوەندیەکیان بۆ ئەمریکا تێدا نیە !

کەسایەتی ترەمپ کە پیاوی نێو جیهانی پارەو سامانە و ، قاڵبوو و کاریزمای نێو سیاسەت و پارتە سیاسیە زەبەلاحە کۆنەکان نیە ،  بەڵگەیەکی ئاشکراو هەرە دیارە لەسەر لەرزۆکیی و هەڵدێریی سیاسیی .. کاریگەری گەورەو دوور مەوداش بەسەر سیاسەتی جیهانیی و  سیستەمی نێودەوڵەتیدا بەجێدەهێڵێت ! هەفتەکان و مانگەکانی داهاتوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە ئایا بڕیارو داواکاریەکانی  ترەمپ  دەچنە خانەی بەرژەوەندی ئارامی و ئاسایشی جیهانیەوە ؟ یان نەخێر ..هەڕەشەکان و سیاسەتەکانی ئەم سەرۆکە سەرەتای قۆناغێکی پڕ لە کێشەو  فەوزاو ناکۆکی و بەریەککەوتن دەبن کە جیهان چەندان ساڵی تر بۆ دواوە دەگێڕنەوە !

https://t.me/SAeed000l

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close