نوسەران

لەساڵیادی وەفاتیدا.

کورتەیەک لەژیان و پڕۆفایلی جەنابی مامۆستا احمدکاکەمحمود لەساڵیادی وەفاتی بەڕێزیاندا.

مامۆستا ملا ئەحمەد کاکە مەحموود لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی یاڵانپێ سەر بە خورماڵ لە پارێزگای ھەڵەبجە لەدایکبووە. لە بەرواری ٢٤ی کانوونی دووەمی ١٩٦٧ز چووەتە (پەیمانگای ئیسلامیی ھەڵەبجە)، و ساڵی ١٩٧١ تەواوی کردووە، و مۆڵەتی مەلایەتی لەلایەن مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیز پێدراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ زایینی ھاوسەرگیری دەکات و خاوەنی ٩ منداڵە. لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٧ی زایینیدا دەست دەکات بە نووسین و وەرگێڕان و یەکەم کتێبی وەرگێرانی لەسەر بوونی خودا بوو بەناوی (خوا لە ڕوانگەی زانیاریەوە) لە عەرەبییەوە کردوویەتییە کوردیی و بە چاپی گەیاندووە. لەو ڕێکەوتە بەدواوە مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود بەردەوام بووە لە نووسین و زیاتر لە ٢٨ دەستنوسی لە دوای خۆی بەجێھێشتووە. دوا قۆناغی ژیانی کە پیایدا تێپەڕی نووسینی تەفسیری قورئانی پیرۆز بوو بە زمانی کوردی بە کورتی و بە پوختی کە لە ساڵی (١٩٩٢)دا دەستی بە نووسینی کرد و لە ساڵی (٢٠٠٥)دا کۆتایی پێ ھێن، و تا ئێستا ٦ جار چاپ کراوە.

لە ساڵی ١٩٧٣ تا کۆتاییی ھەشتاکان لە چەند شار و گوندێک پێشنوێژ و وتارخوێن بووە. لە شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی ئایاری ١٩٨٧ لەگەڵ کۆمەڵێک لە زانایانی ھەڵەبجەو سیروان و ناوچەی ھەورامان و شارەزوور، بە ڕابەرایەتی مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیز بەرەو وڵاتی ئێران کۆچ دەکەن؛ و لە ١٤ی حوزەیرانی ١٩٨٧ بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانیان ڕاگەیاندو مامۆستا مەلا ئەحمەدیش یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و ئەندامی شووراو پاشان تا وەفاتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو.

لە ۲٥ـی کانونی دووەمی ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کردووە، لە شاری ھەڵەبجە لە گۆڕستانی گوڵان بە خاک سپێردراوە.

مامۆستا مەلا (ئەحمەد کاکە مەحمود) ، زاناو تێکۆشەرو فیداکارو کەسایەتی ھەڵکەوتووی کوردستان و ناوچەی ھەرامان ، پاش تێپەڕبوونی شانزە ساڵ بەسەر کۆچکردنیدا ، کەچی پرشنگی خێرو چاکەی لەناخی دۆستان و یارانیدا لەوپەڕی درەوشاوەیدایە و ھەردەم بەتامەزرۆیی و دروودەوە ناوی دەھێنرێت و ئاماژە بەزکریاتی دەکرێ .

مامۆستای پایەبەرزی ھەڵکەوتوو ، کەوتبووە ژێر سایەی ڕەحمەت و کەرەمی ئیلاھی ، چەندین بەھرەی پێ بەخشرابوو ، خۆیشی ھەر لە سەردەمی لاویەوە ئاشنابوو بوو بە بەھرەکانی و کەوتبووە پەرەدان و گەشەپێدانیان . تاوەکو گەیشتە لوتکەی توانا و دڵسۆزی و کۆشش و خزمەتکردن لەکایە جۆراو جۆرەکانی ژیاندا .

مامۆستای ڕەحمەتی خۆری درەوشاوەی وتاربێژیەکەی لە ساڵانی ھەشتاکاندا دەرکەوت ، لێوان لێو بوو لە ئازایەتی و بوێری و ڕاستبێژی و ڕەوانبێژی و دڵسۆزی بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی و نەتەوە و نیشتمانی بەتایبەتی ..
ئای چەندە سەدای کاریگەربو وەختێک دەچووە سەرمینبەرو بەدەنگی زوڵاڵ و ھەستی کوڵاو بۆ حەقیقەت و حەقائق ، بەدەست و پەنجە سپیەکانی ، بە زمان و گەروی تاوسەندووی دەکەوتە ڕاڤەی ئایات و شەرحی فەرموودە و ئاکاری بەرزی ئەسحاب و ئەتباع . جا ئەو وەختە دڵانی یاران و دۆستانی ئامادەبوو ئەھاتە جۆش ، چاوانیان دەکەوتە خرۆش ، ئامادەی ھەموو قوربانیدانێکی ڕەوا بوون ، بەومەرجەی ئیزنی مامۆستای گەورەی لەسەر بواێ ..

زانای پایەبەرزی ڕەحمەتی ھەروا لەمینبەر پێشەنگ و ناوازەبوو ، خاوەنی تواناو بەھرەیەکی ئێجگار بەتین بوو لەبواری نوسیندا ، ھەر ئەودەمە خامەی ڕەوان و ڕەنگینی خستبووە کار بۆ نوسینی چەندین پەرتووکی بەھێزو بەپێز لەبواری بانگەواز و پەروەردە و تێکۆشاندا وەک (سەربەستی لەئیسلامدا) و (پەروەردە لەئیسلامدا) و (خواپەرستی لەئیسلامدا) و ..

وەلەم مەیدانەشدا بەگوڕو تینەوە بەردەوام بوو تاوەکو فەزڵ و چاکەی خوای مھرەبان زیاتر ڕژا بەسەریدا، لەگەڵ نوسینی چەندین بەرھەمی بەنرخ ، بوویە موفەسیری قورئانی موبارەک و بەزمانی شیرینی کوردی تەفسیری ڕامانی کردە دیاری نەوەکانی گەل و نیشتمانی ..

مامەڵەی مامۆستای ڕەحمەتی “لەپاڵ مینبەرو وتارو نوسین و پەرتوک ” لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا مەیدانی دەژیاو لەنزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی ڕۆژگار و حاڵ و گوزەران و خواستی ئەوان بوو ، لە بیرخستنەوە و ئامۆژگاری و مۆچیاری و ڕێنمایی و ئاڕاستەکردندا پشوو درێژ و نەرم و بەتاقەت بوو ، ھەربۆیە مرۆڤی ھەموو ئاستەکان ھۆگری بوون ، لەنزیکەوە چێژیان لە مەجلیس و وانەکانی دەبرد ، گوێڕایەڵی ئاماژە و ئاڕاستە و خواستەکانی دەبوون و بەدروستی خۆیان دەپاراست لەپشتیوانیکردنی ڕژێمی ستەمکاری بەعس وەک نەیارو دوژمنی سەرسەختی ئاین و نەتەوە و نیشتمانی کوردان ..

پاش تاوسەندنی زوڵم و ستەمی ڕژێم ، ڕێگای جێھێشتنی ناچاری نیشتمانی ھەڵبژاردو کۆچیکردن بۆ وڵاتی ئێران ، لە ئۆردوگای دەربەند دزڵی لەگەڵ باقی ئاوارەکان گیرسانەوە.. ئەوکات مامۆستای مەرحوم یەکێک بوو لەو زانایانەی کە سەردەستەبوون و بەشداری سەرەکی کرد لە ئیجتھادی دروست کردنی بزافێکی چەکداری ئیسلامی دژی زوڵمی ڕژێمی بەعس ..
ئەم ھەنگاوە نەوعیە بوویە سەرەتای وەرچەرخانێکی بەرچاو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد .. کە مامۆستای مەرحوم ھەمیشە لە دەستەی باڵا و بواری تایبەتی خۆی لەم بزافەدا بەو پەڕی دڵسۆزیەوە لێھاتن و تواناکانی بەخت دەکرد ..

بەڵام بەداخەوە لەم دوایەدا ئەم گەوھەرە بەنرخەی ئاسمانی ئەو ھێزە گەورەیەی ساحەی خەباتی کوردستانی ، وەک پێویست خزمەت و ڕۆڵی نەدەنرخێنرا لەلای ھەندێ لەکەسانی نزیک و زۆرێک لەدوور !! ھەر ئەم بۆچوونە نامۆیە دواجار سەری کێشا بۆ ڕماندنی قەڵای شکۆی ھێزی یەکبوونی ئیسلامی ، جا چ بەزانین و ئەنقەست ، یاخود نەزانین و بێ قەست کرابێ .. دواتر کارلەکار ترازاو ئەوەی ناحەزان و نەیاران ویستیان ببێ بوو ..

بەڵام تۆ ئەی مامۆستای پایەبەرز ، ئەوەی زانیت و باوەڕت پێی ھەبوو بۆ ھاوکاروانیان و نەتەوە و نیشتمان ، لەوپەڕی تواناو دڵسۆزیدا ئەنجامتدا ، ڕۆژەکانی کۆتایی تەمەنت ” لەگەڵ ئەو حەسرەت و داخەت بۆ ڕەوشی کوردان بەگشتی و حاڵی ھاوبیر و ھاوخەباتەکانت بە تایبەتی ” خۆت بوارد لە شێواندنی دۆخەکە و ڕێزت گرت لە بیرو بڕیاری ماڵجیایی و ڕاجیایی براکانت ، پاش ئەوەی ماڵەباوان بەشکرا و بەش برا .. زیاتر خۆت یەکلایی کردەوە بۆ پەرەدان بە نوسین و خزمەتکردن لەم بوارە نەمرەدا ..

یاخوا ڕۆحت شادبێ لەوەختێکدا سەدەقەی جاریت ھەرجاریە و وەجاخی زانستخوازی و بانگەوازو کۆشش کردن و خزمەتکردنت ڕوون و ڕۆشنە ، چ بە ڕۆڵە نازدارەکانت ، وە چ بە قوتابی و شاگردو یارو دۆستە وەفادارەکانت. بەرھەم و نوسینەکانت ، لە بەیج و ماڵپەڕی میدیا شایەتی زیندوون .. خوای خاوەن کەرەم سارای بەھەشت و پانتایی (جنات النعیم) بکاتە ماوای حەوانەوەی ھەمیشەیتان لەگە پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەھیدان و چاکەکاران .
والسلام علیکم ورحمةالله وبركاته

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close