نوسەران

زانا و ڕاڤەكارێكی كەموێنەلە شانازییەكانی كورد و بزووتنەوەی ئیسلامیی(م. مەلا ئەحمەد كاكە مەحمود)

✍️ئاری عەبدولەتیف✍️باسک نێت

ڕۆژگارێك، لە دەورانی قەڵەمڕەویی بزووتنەوەی ئیسلامیی، بە تایبەت لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكان، ئەم پیاوە مەزنەی مەیدانی زانست و تەفسیر و جیھاد و تێكۆشانم لە پێناو خودا ناسی، بۆ یەكەمجار كە بینیم، لە بارەگای مەكتەبی ناوەندیی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامیی بوو لە ھەڵەبجە، یەكەم ساتەوەختی ھەنگاوم بوو بۆ دەستبەكاربوونم لەو مەكتەبە كە نامەیەكی دەستخەتی (م. مەلا عەلی عەبدولعەزیز)م پێبوو، كە بە ڕەحمەت بێت ئەوكات جێگری ڕابەری گشتیی بوو، نامەكە بۆ جەنابی (م. مەلا ئەحمەد) نووسرابوو، كە داوا دەكات ھەڵگری نامە دابمەزرێنێت لە ڕاگەیاندن بە بێژەر.


سەردەمی پیرۆزیی و قودرەت بوو، بۆ خواژیاوان زۆر و ئیمان دامەزراو و دڵسۆزیی لە ترۆپكی خۆیدابوو، بزووتنەوە حیزبی یەكەم بوو لە میدیا و جوڵە ڕۆژنامەگەرییەكاندا، ھامۆشۆ و جمەی بارەگاكانی ئەم حیزبە، ئومێدی ئایندەی دەنوسییەوە، كاروانەكە بەدەست پیاوی نموونەیی و كاریزمیی وەك ڕابەران و ئەم زانایەوە بوو، ھەر بۆیە ئەو قۆناغە بە قۆناغی زێڕین دەناسرێت.
نامەكە وەك مەزنترین نامە بوو لەلام، چوومە بارەگا و بە پرسیار و ڕێوشوێن گەشتمە نوسینگە و بە دیداری مامۆستا گەشتم كە ئەوكات بەرپرسی مەكتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامیی بوو، دوای سڵاو و خۆناسین، نامەكەم پێدا و بە گەرمیی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و فەرمووی لە ئێستاوە تۆ كوڕی ئێمە و ئەم ئیسلامە و بزووتنەوەیت، ھەر ئێستە دەتوانیت سەردانی ئیدارە بكەیت، ئەمە باسی ساڵی (١٩٩٤) دەكەم.
پیاوێكی نورانی، پڕ زانیاریی و سەحابەئاسا، نەرم و سیاسیی، وتارخوێن و پێشەوایەكی سەنگین، ھەورامییەكی وەك گوێز ساغ و وەك كوردی ڕەسەن داچەقیو وەك داربەڕوو بۆ ئەم ئاین و بزووتنەوە ئیسلامییە.
بانگخوازێكی چەند دەیەی بوێر كە سەدان ڕۆڵەی بۆ ئیسلام و كورد پێگەیاندووە، نوسەرێكی بڕشتخامەی ورد كە دەیان كتێبی خستۆتە سەر خەرمانەی فەرھەنگی ئەم نەتەوە لەسەروی ھەموویانەوە تەفسیری ڕامان كە دەستكەوتێكی ھەرە گەورەیە بۆ ئەم كۆمەڵگە، لە ھەمانكات دامەزرێنەر و سەركردەیەكی دیبلۆماسیی و سیاسیی نێو ڕەوتی ڕابوون و بزووتنەوەی ئیسلامییە كە تا ھەتایە نەوەكانی ڕابوون و بزووتنەوەی ئیسلامیی شانازیی پێوە دەكەن.
لەگەڵ ئەم مەزنە سەركردەدا كار و ئامێزگرییم زۆرە، بەتایبەت سەردەمی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەی بزووتنەوەی ئیسلامیی، تا دەگاتە ڕۆژانی بێكەسیی ئەم بزووتنەوە ئیسلامییە و ھەڵگرتنی باری گرانی لە قۆناغە ترسناك و ناسكەكاندا.


لەم یادەیدا، سەری ڕێز بە تاجی شكۆوە نەوی دەكەم و پاش سیانزە ساڵ پێی دەڵێم:
گەورەم جەنابی زانا، كاروانەكەت ھەر ماوە، بزووتنەوە كەشت بەردەوامە، بەڵام ئیلھامێكمان پێویستە، ڕۆحێكی تری مقاوەمەت و شانبازییەكی تری ئێوەمان بۆ ئەم قۆناغە مایەی تێپەڕاندنە و دەبێت بەس پشت بە پەروەردگار ببەستین و ئومێدیشمانە لە خەوێكدا یان لە شەوێكدا یان بە نێت و یادەوەرییەكی ئێوە، لەڕێسمەچوونی دەروازەی ئەم بزووتنەوە ئیسلامییە ساز و باز بكەینەوە.
ڕۆحت ماچ دەكەم
بە ئومێدی دیدار لە ئاستانەكەی تر

ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢٠/١/٢٤
نزیك بە گۆڕی شێخی موجاھید

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close