
غەززە: ڕووخانی ڕواڵەتی مۆدێرنێتە
د.ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
ئەو مناڵە برسیانەی غەززە کە لەبەردەم کامێراکاندا دەمرن، و ڕاستەوخۆ فڕێدەدرێن بەو هەموو قسە جوانانەی کە مۆدێرنیتە لەبارەی مرۆڤایەتی و شارستانییەت دەیکات.
مۆدێرنیتە بەو هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتییە و دادگا جیهانییە و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانیەوە، ئەوەی پیشانی دەدات، لە ڕاستیدا تەنها ڕواڵەتێکی جوانکارانەیە بۆ هەمان سیستەمی کۆنی هێز کە تێیدا بەهێزەکان بەسەر لاوازەکاندا فەرمانڕەوایی دەکەن.
کاتێک ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەسووتێ و ئێمەش وەک یەکێ لەو گەلانەی کە سەدان ساڵە خەریکی خەباتین بۆ مافی چارەنووسی خۆمان، دەبینین کە چۆن هەمان ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی عەدالەت و ئازادی دەکەن، کاتێک بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسی، زۆر ئاسان چاویان لەسەر تاوانی جینۆساید دادەخەن.
ئەمە نیشان دەدات کە مۆدێرنیتە لە بنەڕەتدا نەیتوانیوە دەربچێت بێت لەو زیهنیەتەی سەردەمی پێشوو کە تێیدا چەمکی “ئێمە” و “ئەوان” لە ئارادابوو، لەم دۆخەشدا تەنها چەمک و کۆنتێکستەکانی خستۆتە قاڵبی داگیرکاری و روحی مۆدێرننێتەی بەبەردا کردون و ناوەکانی گۆڕیوە، بەڵام هەمان لۆژیکی کۆن بەکاری دەهێنێت.
بۆیە کاتێک مرۆڤ دەبینێت کە چۆن ئیسرائیل بە پشتگیری ڕۆژئاوا خەریکی پاکتاوکردنی نەتەوەیەکی تەواوە، هەست دەکەین کە ئێمەش وەک کورد ئەگەر سبەی هەمان بارودۆخمان هەبێت، هەمان چاوپۆشی لێ دەکرێت، چونکە لە چاوی مۆدێرنێتە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست هێشتا لە چوارچێوەی “ئەوان ” دان و کەرامەت و ژیانیان هەمان بەهای ” ئێمە” ی شارستانی خۆرئاوای نییە.




