نوسەران

سوپای نیشتمانی بەلوچستان کە دژی پاکستانن

سوپای نیشتمانی بەلوچستان کە دژی پاکستانن

✍️ خالید ڕەنجدەر ٢٠٢٤/١/١٩
سوپای نیشتمانی بەلوچستان کە بەزمانی بەلوچی پێی دەڵێن (بلوچ نەیشنالیست ئارمی). ئەم سوپایە ڕێکخراوێکی سەربازییە و دژ بەپاکستان خەبات دەکات.
سوپای نیشتمانی بەلوچستان یەکێکە لە گەورەترین ڕێکخراوی بەلوچی دژی پاکستان و، هەوڵ دەدات ڕەگەزی بەلوچ لە پاکستان جیابکاتەوە. سەرکردەکانی بیروهزی نەتەوەیی و کۆمۆنیستیان هەیە. پاکستان ناوی ئەو ڕێکخراوەی خستووەتە لیستی تیرۆری خۆیەوە. ئەمریکاش خستوونیەتە لیستی تیرۆرەوە.
سوپای نیشتمانی بەلوچستان و سوپای کۆماریی بەلوچستان، هەردووکیان لە ناوچەکانی سیستان و بەلوچستانی ئێرانەوە دژی سوپای پاکستان خەباتی چەکداری دەکەن. لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن بەرەیەکی نەتەوەیی بەلوچ پێک بهێنن، بۆ ئەوەی هەموو گروپ و لەشکرەکانی بەلوچ پێکەوە دژی پاکستان بوەستنەوە. سوپای نیشتمانی بەلوچستان پێکهاتەی سەرەکی هاوپەیمانی بزاڤی ڕزگاریخوازی بەلوچستانە کە لە ساڵی ٢٠١٨دا دروست بووە. ئەو هاوپەیمانییە گروپە نەتەوەخوازەکانی دیکەی بەلوچی لەخۆگرتووە، لەوانە: لەشکری ڕزگاریخوازی بەلوچستان ((BLA و، بەرەی ڕزگاریخوازی بەلوچستان (BLF) و، پاسەوانی کۆماریی بەلوچ (BRG).


بیروهزری سوپای نیشتمانی بەلوچستان هەڵقوڵاوی پرینسیپە نەتەوەییە جیاخوازەکانە کە بڕویان وایە ناسنامەی نەتەوەیی بەلوچ پێش هەموو ناسنامەیەکی دیکەی ئایینی دەکەوێت. سەرکردەکانی ئەو سوپایە ڕەواج بەوە دەدەن کە پاکستان هەرێمی بەلوچستانی داگیرکردووە و، سامانی سروشتی بەلوچستان دەدزێت و، پلە و پۆست دەدات بەڕەگەزەکانی دیکەی غەێری بەلوچ و، بەلوچە ئەسلێیەکانی وەلا ناوە.
کاتی خۆی ئینگلیزەکان بەلوچستانیان وەک کوردستان دابەشکردووە. بەلوچستانی ئێران و بەلوچستانی پاکستان.


حکومەتی پاکستان، سوپای نیشتمانی بەلوچستان تۆمەتبار دەکات بەوەرگرتنی پارە لە هیندستانی دوژنمە مێژووییەکەی و، وڵاتانی ڕۆژئاوا کە دژی پاکستانن. سوپای نیشتمانی بەلوچستان لە ٢٠٠٤دا دامەزراوە. بەردەوام خەباتی دژ بەپاکستان کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر سوپای پاکستان و دامودەزگانی پاکستان، لەوانە: تەقینەوەکەی شاری لاهوری پاکستان و، هێرشەکانی ناوچەی بنگورد و ناوشکی.
پاکستان گومانی هەیە لەوەی ئێران هاوکاری سوپای نیشتمانی بەلوچستان بکات و، داڵدەی هێزەکانی بدات.


لە بەرانبەردا ئێران، پاکستان تۆمەتبار دەکات بەداڵدەدانی “سوپای عەدل” کە خەبات بۆ گەلی بەلوچستانی ئێران دەکات. سوپای عەدل مانگی ڕابوردوو هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی پۆلیسی ئێرانی لە سیستان و بەلوچستان و، یانزە پۆلیسی ئێرانیان کوشتووە و ژمارەیەکیش بریندار بوون.


سوپای عەدل دەڵێ کە بەرگری لە مافەکانی ئەهلی سوننە دەکات لە ئێران. ڕۆژی سێ شەممەی ڕابوردوو ئێران ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگای گروپێکی تیرۆریستی جاسووس لەناو خاکی پاکستاندا.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close