
دۆخی موچە خۆران لە نێوان ململانێی هەولێر و بەغدا
د. ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
ئەم دیاردەیە سیاسییەی ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، نموونەیەکی بەرچاوە لەو کۆمەڵگا سیاسیانە تێیدا هێزە سیاسییەکان کارتی ئابووری وەک چەکێکی سیاسی لەسەر مێزەکانیان دادەنێن، بەبێ ئەوەی بیر لە ئەنجامەکانی بۆ توێژی موچەخۆران بکەنەوە. ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەقینەی ئەو ناعەدالەتییە سیستمییەیە کە تێیدا خەڵک وەک داش لە شەترەنجی سیاسی بەکاردەهێنرێن، و لە کاتی قەیرانەکاندا یەکەم قوربانی ململانێ سیاسییەکان دەبن.
دەتوانین ئەم دۆخە بە تراژیدیایەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی بناسێنین کە تێیدا کارمەندان و موچەخۆرانی ئاسایی وەک کرۆکی جەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان دەکەونە نێو ئاگرەوە. ئەم دیاردەیە نیشاندەری قووڵی ئەو بۆشاییە سیاسی و ئەخلاقییەیە کە لە نێوان بەرپرسان و گەل دا هەیە، کە لێرەدا بەرپرسان بەردەوام ژیانی خۆیان و بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان دەپارێزن، بەڵام خەڵکی ئاسایی دەبنە قوربانی بڕیارە سیاسییەکانیان.
ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنج و رەخنەیە، ئەو دووڕووییە سیاسییەیە کە لەلایەن بەرپرسانی بەغداد و هەولێرەوە پیشان دەدرێت. لە کاتێکدا هەردوو پارتی سیاسیی لە بەغداد بەشداری حکومەت دەکەن و لە دەسەڵات دا هاوبەشن، ئەوان هەمان کاتدا وا دەردەکەون وەک کە دوژمنی یەکترین و لە بەرژەوەندی گەل دا کار دەکەن. ئەم دووڕووییە تەنها نیشاندەری قووڵایی گەندەڵی سیاسی نییە، بەڵکو پیشاندەری ئەو مەنتالیتە فیودالییەیە کە تێیدا گەل وەک موڵکی تایبەت لەلایەن سیاسییەکانەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
لە لایەکی تر، ئەم دۆخە وەک نموونەیەکی بەرچاو لەو تراژیدیا کۆمەڵایەتییانە وایە کە تێیدا کارەکتەرە بچووکەکان قوربانی یاری گەورەکان دەبن. موچەخۆران لێرەدا نەک تەنها وەک کارمەنۆ، بەڵکو وەک سیمبۆلێک لە سیمبۆلەکانی کۆمەڵگای مامناوەند دەردەکەون کە لە نێوان دوو هێزی گەورەی سیاسی دا پەستاون. ئەوان نە دەتوانن کاریگەری لەسەر بڕیارەکان دابنێن و نە دەتوانن خۆیان لە ئەنجامەکانی دووربخەنەوە.
ئەم دۆخە بە بەراورد لەگەڵ دۆخی سەدەی بیستەم نیشانی دەدات مرۆڤ قوربانی سیستمە سیاسی و ئابوورییەکانە، بە جۆرێک تێیدا مرۆڤ قوربانی سیستمێکی نامرۆڤانە دەبێت کە تێگەیشتن و کۆنترۆڵکردنی بەدووردایە. بەڵام ئەوەی ئەم دۆخە لە کوردستان و عێراق زیاتر تاڵ دەکات ئەوەیە موچەخۆران وەک کارەکتەری تراژیک دەردەکەون
دەمەوێت بڵێم ئەم دیاردەیە نموونەیەکی تەواوی ئەو دۆخە خراپەی حوکمڕانییەیە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق جێگیر بووە. مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات بنیات نراوە، بەجۆرێک کە هەر گرووپێک بەشی خۆی لە کیکەکە وەرگرتووە و ئێستا بە شێوەیەکی مافیایی ئەو بەشە دەپارێزێت. لەم سیستمەدا گەل هیچ شوێنێکی نییە، چونکە هەموو بڕیارەکان لە کۆڕەی دانیشتنی نهێنی سیاسییەکان دا دەدرێن، و گەل تەنها ڕۆڵی چەپڵەلێدان و دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردن دا دەگێڕێت. ئەمە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک نییە، بەڵکو ئۆلیگارکییەکی سیاسییە کە بە شێوەیەکی دیکتاتۆری بەڕێوە دەچێت.




