نوسەران

پشت بەخوا بەستن بەزار ناکرێ

عوسمان حمەکریم زەڵمی

پشت بەخوا بەستن بەزار ناکرێ

عوسمان حمەکریم زەڵمی

لەم سەروبەری بڵاو بوونەوەی بەتای (کۆرۆنا)داو لە سۆنگەی ھەستکردنمان بە بەرپرسیاری كاتی، لە ئاست کاری یەک دەستەیی لەپێناو ڕوو بەڕوو بوونەوەیەکی واقعی ئەم دەردو وەبایە، وە تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە بەسەرکەوتوویی ، بەجێی خۆیم زانی لەسەر چەمکی (پشت بە خوا بەستن) بییرخستنەوەیەک بۆ ھاونیشتمانیانم بخەمە ڕوو بەم شێوەیە.

مرۆڤ لەسەری پێویست کراوە تێبکۆشێ و ئەوەی لەسەریەتی بەدروستی لە شوێن و وادەی خۆیدا ئەنجامی بدات، چوون مانای پشت بەخوا بەستن (توکل)، دەرچوونە لە ئاست و بڕی تواناو لێھاتن و وزەی خۆ وەک بەدیھێنراو ، وە ھانا بردنە بۆ تواناو دەسەڵاتی خوا وەک بەدیھێنەر (خالق)، وە بە حاڵ و زار ڕاستیەکە ڕابگەیەنی کە ( ئەوە لە ئاست تواناو لێھاتنی مندا نیەو وا سپاردم بە تۆ، لەوەودوا پشتی پێ ببەستی و دڵنیابی  ئەو دروست دێت بە ھاناتەوە).

جا لە تێگەیشتنی شەرعیدا ئەوە پێویست کراوە مرۆڤ ئەرکیەتی تەواوی ھۆکارو ڕێنماییەکان جێبەجێ بکات ھاوکات پشت بە خوا ببەستێ ، بەنمونە  پێاوێک لەبارەی وشترەکەیەوە پرسیاری کردو وتی: (أعقِلُها وأتوكَّلُ أو أُطلقُها وأتوكَّلُ قال)، ئایا بیبەستمەوە و پشت بە خوا ببەستم ؟ یان بەرەڵای کەم و پشت بە خوا ببەستم؟ پێشەوای نازدار (د، خ) ، فەرمووی: (اعقِلها وتوكَّلْ). ( الألباني ـ ٢٥١٧). مەحکەم  بیبەستەرەوە و پشت بە خوا ببەستە تاکو بی پارێزێت.

وە لە بەسەرھاتی خاتوو مەریم (علیھا السلام)دا ھاتووە ، دوای منداڵبوونی پێویستی بە خورما دەبێ ، بۆ ئەو مەبەستە داوای لێ دەکرێ : (وَهُزِّي إِلَيْكِ بِجِذْعِ النَّخْلَةِ تُسَاقِطْ عَلَيْكِ رُطَبًا جَنِيًّا/ مريم:25)، ئەو دارخورمایەی پاڵت پێوە داوە ڕایوەشێنە خورمای گەییوت بەسەردا دەبارێت، چوون لەخۆوە خورما ناوەرێ ، دارخورماش ئەستورە و تۆش لاوازی ، وە دەکرا پەروەردگار وەک (ڕێز لێنانی) ئاسان بوو بۆی دایبارێنێ ، بەڵام قورئانی موبارەک دەیەوێت فێرمان بکات ھۆکار بگرینە بەر وەک سوننەتێکی خوایی: (وَأَنْ لَيْسَ لِلْإِنْسَانِ إِلَّا مَا سَعَى).

ھۆکار بکەر نیە ، بەڵکو یاسای خوایەو ئەرکی مرۆڤە بیگرێتەبەر ،  بەڵام ئەنجام پەیوەستە بەویستی خواوە ، ئەوەی ھۆکار دەگرێتە بەر بە شێوەیەکی دروست و پشت بە خوا دەبەستێ و ئاکام بەو دەسپێرێت ، بەدڵنیاییەوە خوای بەسە لەسەروی چاوەڕوانیەوە مەرامی بۆ بێنێتە دی . چوون گرتنەبەری ھۆکارو پشت بە خوا بەستن لە سیفاتی باوەڕداری پارێزکارە ، خوای موتەعال بەڵێنی پێ داوە : ( وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجًا)، لەو تەنگانەو بەگیرھاتنە دەربازی دەکاو بە ئاسان دەرووی خێری لێ دەکاتەوە.

لەگەڵ دەرباز کردنیدا: (وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ)، جۆرێ ڕۆزی پێ دەبەخشێ کە حسابی بۆ نەکردبێ، جا ڕۆزی تەواوی ئەو شتانە دەگرێتەوە دەبنە مایەی خۆشبەختی مرۆڤ. دوای ئەوە دەفەرموێ : (وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ)، بێگومان خوا کارو باری بەئەنجام دەگەیەنێ و بۆ ھەموو شتێ نەخشەیەکی دیاریکراوی بڕیار داوە : (إِنَّ اللَّهَ بَالِغُ أَمْرِهِ  قَدْ جَعَلَ اللَّهُ لِكُلِّ شَيْءٍ قَدْرًا).

لەبارەی ئەم زاراوەیە (التوکل)، خوای موتەعال پێغەمبەری نازدار و باوەڕداران فێردەکات تاوەکو دوای گرتنەبەری ھۆکار ھانا بۆ خوا ببەن و پشتی پێ ببەستن، وە دڵنیابن تەنیا ئەویان بەسە بێت بە دەمیانەوەو خواستیان بێنێتە دی: (فَقُل حَسْبِيَ اللّه لا إِلَهَ إِلاَّ هُو) ، جا دایم وشەی (حَسْبِيَ) وشەیەکی تر لێی ئاڵاوە (اللّه)، واتە خوام بەسە یارو یاوەرو پشت و پەنام بێت، ھیچ خوایەک نیە جگە لەو ، پشت بەو دەبەستم: (عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَهُوَ رَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ/ التوبة : 129). (حَسْبِيَ اللَّه عَلَيْهِ يَتَوَكَّلُ الْمُتَوَكِّلُونَ/ الزمر: ٣٩). جا کاتێک ھانا بردن بۆ خواو پەناگرتن لێی کەڵک بە مرۆڤ دەگەیەنێت کە پشتی پێ ببەستێت: (عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ).

ئاوەزدار ھانا بۆ کەسێ دەباو پشتی پێ دەبەستێت کەوا توانای ئەوەی ھەبێت بەدەمیەوە بێت و سوودی پێ بگەیەنێ ، یان زیانی لێ دوور بخاتەوە . دەی بۆ ئەم مەبەستە خوای موتەعال فێرمان دەکات تا پشت بە زاتێ ببەستین کە ھەمیشە زیندووەو ھەرگیز نامرێت و ، ژیان مردن بەدەست ئەوە : (وَتَوَكَّلْ عَلَى الْحَيِّ الَّذِي لَا يَمُوتُ/ الفرقان: ٥٨). خواێک کە زاڵە و بە بەزەییە: (وتوكل على العزيز الرحيم/ الشعراء: ٢١٧).

کەوایە لەم سۆنگەوە لەپێناو بەرگریکردن لەم دەردو وەبایە ، گرتنەبەری ھۆکاری خۆپارێزی و جێبەجێ کردن و پابەند بوون بە ڕێنموویی پزیشکی و ئاینی ، ئەرکێکی ھەنوکەیی ھەر ھاوڵاتیەکەو بەدوایدا پشتبەستن بە خوای زاڵ و بە بەزەیی (العزیز الرحیم)  مانای درووستی خۆی وەردەگرێت و دەبێتە ئەرکی دووەم .

بەو ھیوایەی ھەموان بە تێگەیشتنی ئاوەزدارانەی قووڵ و ھیمەت و ورەی بەرزو جێبەجێ کارێی سەرڕاستانەوە ، ڕوو بەڕووی ئەم پەتای کۆرۆنایەو ھەر ئافەت و دەردو بەڵایەک ببینەوە، تاکو بتوانین بە جوانی پشتوانی خوایی بەدەست بھێنین و دروست بە سەریدا زاڵ بین.

 

 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close