
ئیخوان موسلیمین و گۆڕانی هاوکێشەکان
د.ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
“ئیخوان موسلیمین”، وەک ڕێکخراوێکی جیهانی (transnational) و خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی ڕیشەیی کە لە ساڵی ١٩٢٨ لە میسر دامەزراوە، هەمیشە لەنێوان دوو جەمسەەردا جووڵاوەتەوە:
پابەندبوون بە ئامانجی دامەزرێنەرەکەی، حەسەن بەننا، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی بنەمادار بە شەریعەت، و پراگماتیزمی سیاسی (political pragmatism) بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زلهێزە جیهانی و هەرێمییەکان. لە سەردەمی جەنگی سارددا، ئەم پراگماتیزمە ڕێگەی بە ئیخوان دا بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپا یەکبخاتەوە، چونکە هەردوولا دوژمنێکی هاوبەشیان هەبوو کە بلۆکی سۆڤیەت و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی چەپ بوون. ئەم هاوپەیمانییە ناڕوونە (ambiguous alliance) دەرخەری ئەو تێزە ڕیالیزمییەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە کە دەڵێت بەرژەوەندییە باڵاکان (high interests) – وەک بەرەنگاربوونەوەی کۆمۆنیزم – بەها هاوبەشە ئایدۆلۆژییەکان تێدەپەڕێنن. ئیخوان لەم قۆناغەدا وەک “هێزێکی میانڕەو” یان “سەقامگیرکەر” لە قاڵب دەدرا، هەرچەندە ئامانجە کۆتاییەکانی هێشتا دژ بە بەها سێکولار و دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوا بوون، بەڵکوو زیاتر وەک ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ هەوڵی گرتنە دەسەڵاتی دەدا.
گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی دوای کودەتا سەربازییەکەی ٢٠١٣ لە میسر و دوورخستنەوەی محەمەد مورسی لە دەسەڵات، بوون بە خاڵی وەرچەرخان لە پێناسەکردنەوەی ئیخواندا. ئەو فشارە هەرێمییەی لەلایەن هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمەریکاوە (میسر، ئیمارات، سعودیە) خرانەڕوو، کە ماوەیەکە ئیخوانیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کردووە، هاوکێشەکەی گۆڕی. ئەم وڵاتانە ئیخوان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوەی ڕژێمەکانیان و سەقامگیریی هەرێمەکە دەبینن. لەم چوارچێوەیەدا، دۆسیەی ئیسرائیل و حەماس (کە لقی فەڵەستینی ئیخوانە) بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا بە تەواوی پشتی لە ئیخوان بکات. بڕیارەکەی ترەمپ بۆ پۆلێنکردنی ئیخوان لە لیستی تیرۆردا، سەرەڕای ئاڵۆزیی پەلەقاژێی لقە جیاوازەکانی ڕێکخراوەکە، نیشانەیەکە بۆ زاڵبوونی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی ئیسرائیل و هاوپەیمانە عەرەبییەکان بەسەر هەر ستراتیژێکی دیکەی پێشوودا. ئەمەش سیاسەتی ئەمەریکا لە “پراگماتیزمی هاوبەش”ەوە گۆڕی بۆ “پەیوەستبوون بە بەرژەوەندییەکانی سەقامگیریی هەرێمیی دژە-ئیخوان”، کە بەڕوونی لە توێژینەوەکانی Foreign Policy Research Institute و Carnegie Endowment for International Peace دا ڕوون کراوەتەوە.
(بە پشتبەستن بە توێژینەوەی ترێندز و بروکینگز)، ڕێکخراوێکی وەک ئیخوان، کە خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە لە کارکردنی ژێرزەمینی و خۆگونجاندن (وەک گۆڕینی ناو یان فۆڕمی کارکردن)، بێگومان بە یەک بڕیار لەناو ناچێت. بەڵام لێکەوتە سەرەکییەکان زیاتر لەسەر ئاستی “ژێرخانی دارایی” و “شەرعییەتی نێودەوڵەتی” دەبێت. پۆلێنکردنەکە ڕێگە بە سزادانی ئابووری دەدات، کە دەمارە داراییەکان و گواستنەوەی پارەی ڕێکخراوەکە و لقەکانی سنووردار دەکات، تەنانەت ئەوانەشی کە لەسەر ئاستی خێرخوازی کار دەکەن. ئەم گوشارە داراییە دەتوانێت توانای مانەوەی ڕێکخراوەکە کەم بکاتەوە و ناچاری بکات ڕێگەی نایاسایی بگرێتەبەر، کە لەوانەیە ببێتە هۆی توندڕەوکردنی بەشێک لە ئەندامەکانی یان زیاتر پەرتەوازەبوونیان (fragmentation) بۆ ناو گرووپی جیاواز، وەک ئەوەی ئێستا لەنێوان “بەرەی لەندەن” و “بەرەی ئیستانبوڵ”دا بەدی دەکرێت. لە کۆتاییدا، ئەم بڕیارە زیاتر کاریگەری لەسەر شێوازی کارکردن و سەرچاوەکانی دەبێت نەک کۆتایی هێنان بە ئایدۆلۆژیا قووڵەکەی، هەروەها مەترسی ئەوەش هەیە کە ببێتە پاساوێک بۆ ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان لە ناوچەکەدا بۆ سەرکوتکردنی زیاتری نەیارانی سیاسی بە بیانووی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.




