
ترەمپ بە یاریدەدەرەكانی راگەیاندووە بەنیازە ئاگربەست لەگەڵ ئێران درێژە پێبدات
باسک نێت
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بڵاویكردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی تایبەت بە یاریدەدەرەکانی راگەیاندووە بەنیازە ئاگربەستی ئێستا لەگەڵ ئێران بەردەوامیی پێبدات و بیر لە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتێکی سەربازی بەرفراوان ناکاتەوە، مەگەر هێرشەکانی ئێران ببێتە هۆی كوژرانی سەربازانی ئەمریکی، پێشتر ترەمپ لەبارەی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنی ئێرانی وتی، رەنگە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ببێتە هۆی رێککەوتن.
لەلایەكی ترەوە، كەناڵی “العربیە” بڵاویكردەوە، سەرەڕای راگەیاندنی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە دانوستانەکان لە ئێستادا راگیراون، سەرچاوە ئاگادارەکان وردەکاری رێککەوتنە كاتییەكەی نێوان هەردوولایان ئاشکرا کردووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوانە، میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە قۆناغ بەندییە، کە بە هێوركرنەوە دەستپێدەکات و بە دۆسییەی ئەتۆمی کۆتایی دێت و بەسەر چوار قۆناغدا دابەش دەکرێت.
ئاماژەیان بەوە شکردووە، یاداشتە پێشنیاز کراوەکە هێشتا بە فەرمی یان بە تەواوی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوە نزیکەکان لە بازنەکانی دانوستانەوە ئاماژە بەوە دەکەن، جێبەجێکردنی لە چوار قۆناغی یەک لە دوای یەکدا ئەنجام دەدرێت، كە گواستنەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە بەندە بە جێبەجێکردنی ئەوەی هەردوولا رێككەوتنیان لەسەر كردووە.
قۆناغی یەکەم، بریتییە لە چەسپاندنی ئاگربەستی ئێستا و راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە راستەوخۆکان و رێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێک یان کردنەوەی بەرەی نوێ لە ناوچەکەدا.
تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لێکتێگەیشتنەکان گۆڕەپانی لوبنان بگرێتەوە و لە هیچ رێکخستنێکی داهاتوودا بەدەر نەکرێت.
قۆناغی دووەم تیشک دەخاتە سەر ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی و گەرووی هورمزو کردنەوەی تەواوەتی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە، لابردنی ئەو كۆتوبەندانەی کە بەسەر کەشتییەکاندا سەپێنراون و دانانی ڕێکخستنی ئەمنی تایبەت بە رێڕەوی دەریایی و بۆری وزە، بە لەبەرچاوگرتنی هۆشیاری هەموو لایەنەکان لە هەستیاری ئەم بابەتە و کاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر ئابوری جیهانی.




