
ئایا ( دوعاو پاڕانەوە) هیچ شتێک دەگۆڕێ ؟
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
هەندێک بە شێوەیەک باسی دوعاو نزاو پاڕانەوە دەکەن وەک ئەوەی هێماو بەنجێکی دەروونیی بێت تەنها مێشک و دەماخ ئارام بکاتەوەو هیچ قەدەرو بڕیارێکی خوایی نەگۆڕێت .. هەندێک بە دەنگ و تۆنێکی ساردەوە دەڵێن : ( هەموو شتێک لای پەروەردگار نوسراوەو بڕیاری لێ دراوەو کۆتایی هاتووە ، ئیتر دوعاو پاڕانەوە بۆچی ؟ کەڵک و سوودی چیە؟ ) وەک ئەوەی قەدەرو بڕیارەکان سڕکرابن و یەکلابووبنەوە ، وەک ئەوەی دەرگاکان بە یەکجاری داخرابن ، هەموو ئومێدو هیوایەکیش لە بازنەی کاریگەرییدا لەکارکەوتبێت .!
ئێمە دەپرسین : ئەگەر دوعا و نزاکردن هیچ ڕێڕەوێکی نەگۆڕیایە ، هیچ ڕزق و ڕۆزی و نیعمەتێکی دانەباراندایە ، هیچ بەڵاو ناڕەحەتیەکی دوور نەخستایەتەوە لێمان ، هیچ دەردو نەخۆشیەکیشی شیفاو چارەسەر نەکردایە ، ئەگەر هەموو ئەمە ڕاست بوایە پەروەردگار نەیدەفەرموو : ( ادعوني استجب لکم … / ئێوە دوعا بکەن و لێم بپاڕێنەوەو داوا بکەن منیش دێم بەدەمتانەوەو بۆتان جێبەجێ دەکەم )..هەروەها بەدرێژایی مێژووش تەقەڵەکانی ڕزگاربوون لە زمانی دەرەتانەکانەوە نەدەچنران ،
سەرنج بدەن .. موسا پێغەمبەر چۆن مامەڵەی لەگەڵ دوعادا کرد ، دەریا کەرت بوو وشک بوو ، یونس پێغەمبەر چۆن مامەڵەی کرد ، دەشت و زەویە وشکەکە بووە تۆفان ، یوشەعی کوڕی نون چۆن پاڕایەوەو خۆرێ بۆ ڕاگیرا ، پێغەمبەر زەکەریا هەموو هۆکارە دنیاییە فیزیکیەکان لە بەردەمیدا لەکار کەوتبوون ( نەزۆکی هاوسەرەکەی ، پیری و تەمەن درێژیی خۆی ) ، بەڵام سەرەڕای ئەمانە لە وەچەخستنەوە بێ هیوا نەبوو بوو ، بەڵکو دوعای کردو پاڕایەوەو داوای کرد پەروەردگار منداڵی بداتێ ، پێغەمبەر یونس ڕازی نەبوو لە تاریکیدا بمێنێتەوە ، بەڵکو پاڕایەوە ، هەروەها پێغەمبەریش — درودی خوای لەسەربێ — پاڕایەوەو مانگ بوو بە دوو لەتەوە !!
کەواتە دوعاو نزاکردن شتێک نیە لەپەراوێزی کتێبی قەدەردا بێت ، بەڵکو دێڕەکانی کتێبەکەیە ، بەڵکو هەر خودی قەڵەمەکانی نوسینی کتێبەکەیە ، ئامرازێکە لە ئامرازەکانی نوسینەکە ..بۆیە پێغەمبەر — درودی خوای لەسەربێ — زۆر ڕاستی فەرمووە کە دەفەرموێت : ( ولا یرد القدر الا الدعاء / هیچ شتێک قەدەرو بڕیاری خوایی ناگێڕێتەوەو ناگۆڕێت تەنها دوعا نەبێت ).
تەماشای بڕیارو قەدەری پەروەردگارتان نەکردووە کاتێک دایکی موسا پێغەمبەر داوای لێ کرا منداڵە شیرەخۆرەکەی فڕێ داتە ناو دەریاوە ؟ خۆ ئەگەر دایکی موسا تەنها بەچاوی فیزیکی سەیری بکردایە ، ئەوا بەدڵنیاییەوە بڕوای وادەبوو ئاوەکەو دەریاکە بڕیاری خواییەو ڕەتناکرێتەوەو ، کوڕەکەشی لە قوڵایی دەریادا ون و بێ سەرووشوێن بووەو گومانی تێدا نیە ، بەڵام دەبێ بزانرێت کە دوعاو پاڕانەوە نەک تەنها پرد لەسەر ئاوەوە دادەنێت ، بەڵکو پردەکان لەسەر دیواری ( مستحیل ) یش دادەنێت.
دوعاکردن بەتەنها هیواو ئومێدی کەسە لاوازو بێ دەسەڵاتەکان نیە ، بەڵکو چەکی مرۆڤە عاقڵەکانیشە ، کەرەستەو تفاقی حەکیمەکانیشە ، پەناگەی دۆست و مرۆڤە خواناسە نزیکەکانی پەروەردگاریشە کاتێک هەموو ڕێگاکانیان لێ دادەخرێت و چارەیەکیان نامێنێت …
دوعاو پاڕانەوە بەندایەتیەکی تەواو پوختەی پەروەردگارە ، هیچ جۆرە لێکدانەوەو بیرکردنەوەو پێوەرێکی مرۆڤانە نایگرێتەوە ، چونکە پەیوەندی تایبەت و راستەوخۆی بە جیهانی غەیب و نادیارەوە هەیە ، جیهانێک کە تێیدا داواکاری هیچ کەسێک ڕەتناکرێتەوەو ، هیچ کەسێکیش بێ ئومێد ناکرێت..
دڵنیابن.. موفاجەئات لە هیچ یاساو ڕێسایەکی پەروەردگاردا نیە تەنها لە پرسی دوعاو پاڕانەوەدا نەبێ ، کەواتە با ئێمە ڕووناکی هیواکانمان بە لێکدانەوەیەکی هەڵەو هەژارانەی کەسێکی تر خامۆش نەکەین ، دەبێ دڵنیابین هەموو وشەیەک لە دەممان دێتە دەرەوە لە کاتە پیرۆزەکانی سەحەر دا هیچی بە فیڕۆ ناچێت و بە فیڕۆش نەچووە ، بەڵکو هەڵدەگیرێت و بۆمان خەزن دەکرێت و ، ئاومانی پێ دەدرێ لە ساتەسەختەکانی تینووێتی دا… دڵنیابن پەروردگار گوێی لە دوعاو پاڕانەوەو نزاکانمانە .




