كەش و هەوا

پێشبینی هاتنی بارانبارینی بەهێز، تەرزە، و لافاو دەکرێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایگەیاند، بۆ دە ڕۆژی کۆتایی مانگی ئازار، شەپۆلەکانی بارانبارین لە ناوچەکەدا چالاک دەبنەوە و پێشبینی بارانبارینی بەهێز، تەرزە، و لافاو دەکرێت.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ئاماژەی بەوەدا کە ماوەیەکە کاریگەری شەپۆلەکانی بارانبارین لاواز بووە بەهۆی نەمانی چالاکی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و نەهاتنی بارستە هەوای گەرم و شێدار، بەتایبەت لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر، گەرمیان و کەرکووک کە بێبارانی زیاتریان بەخۆیەوە بینیوە.

بەڵام پێشبینییەکان بۆ 10 ڕۆژی کۆتایی مانگی ئازار، کە دەکەوێتە ڕۆژانی نزیک بە جەژن، دڵخۆشکەرن.

چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلە شێدارەکان لە دەریای سوورەوە بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چالاک ببنەوە.

ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی نزمەپاڵەپەستۆ و حاڵەتە ناجێگیرەکان لە تەواوی ناوچەکاندا، لەوانەش گەرمیان، کەرکووک و هەولێر.

لەو ماوەیەدا ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکە، تاوە تەرزە، و بارانی بەهێز هەیە، هاوکات لە هەندێک شوێنیشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو بوونی هەیە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close