
لە پەڕاوێزی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر … بۆچی سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب دەکەین ؟
پ. د. سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
هەموان وابیردەکەنەوە سەردانی کردنی پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی کتێب تەنها بۆ کتێب کڕینە ، خۆ ئەگەر کتێب نەکڕین پێویست ناکات بڕۆین بۆ ئەو پێشانگایانە! لەڕاستیدا سەردانی کردنی پێشانگا جگە لە وەدەست خستنی کتێب چەند سوودێکی تری گرنگی هەیە ، لەوانە:
١ – ئاشنابوون بەدەزگاکانی چاپ و بڵاو کردنەوە و ، ئەوەی ئەو دەزگایانە گرنگی پێ دەدەن لە چاپ و بڵاو کراوەکانیان دا.
٢ – ئاگادار بوون بە جیهانی کتێب لە ڕووی بیرۆکەو چاپ و بڵاوکراوەو شتی تر.
٣ – بەدواداچوونی کتێب و بەرهەمە نوێکان و ، بە ئاگابوون لە داهێنان و بیرۆکە و نوسینە مەعریفیە تازەکان.
٤ – هەلێکە بۆ ناسینی نووسەرو لێکۆڵەرەوان و کەسانی ڕۆشنبیرو قەڵەم بەدەست.
٥ – بزواندنی حەزو ئارەزووی زیاترە بەرەو خوێندنەوەو دۆستایەتی کتێب.
٦ – وەدەست خستنی ئەو کتێب و بەرهەمانەیە کە لە کتێبخانە نێوخۆییەکاندا دەست ناکەون.
٧ – ئاشنابوون بەچەندین بیرۆکەی نوێ بۆ نووسین و توێژینەوە ، لەڕێی ناوی کتێب و بینینی ناوەڕۆک و پێڕستەکانیان.
٨ – سەردانی کردنی پێشانگاکانی کتێب دەمەزەردکردنەوەی زیاتری حەماسەتی خۆپێگەیاندنە لە بواری زانست و مەعریفەدا.
٩ – کڕینی کتێب بە نرخێکی هەرزانترو کەمتر لەو نرخانەی کەلە کتێبخانە نێوخۆییەکان دا هەیە.




