
بۆچی ئەوەی دەیخوێنینەوە لە بیرمان دەچێتەوە ؟
پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
زۆرجار ڕۆشنبیرو خوێنەرەکانمان بەتایبەت گەنجەکان سکاڵای ئەوە دەکەن ئەوەی دەیخوێننەوە لەبیریان دەچێتەوە ، دەڵێن : دوای ئەوەی چەندین کاژێر یان چەندین ڕۆژ سەرقاڵ دەبن بە خوێندنەوەی کتێبێک ، کەچی دوای تەواوکردنی کتێبەکە هیچ شتێک لە زانیاریەکان و بیرۆکەکانی نێو کتێبەکەیان بیر ناکەوێتەوە ، تەنانەت بێ توانان لە کورتکردنەوەی ناوەڕۆک و ئامانجە سەرەکیەکانی پشت نوسینی کتێبەکە لە چەند دێڕێکی کورت و پوختدا …بەداخەوە هەستکردن بەم لاوازی و بێ تواناییە پاڵ بەزۆرێک بەم خوێنەرانەوە دەنێت واز لە خوێندنەوە بهێنن و ، بڕوایان وایە عەقڵ و دەماخەکانی ئەوان وەک ( تورەکەی کونکراو ) ی لێهاتووە.
ئەو ڕاستیەی کە پێویستە هەموان بیزانن ئەوەیە کە گرفتەکە لە ( دەماخ و زاکیرە ) دا نیە ، بەڵکو لە جۆری نەهج و ( پرۆگرامی وەرگرتن ) دایە ، هۆکاری لەبیرچوونەوەی ئێمە ئەوەیە : خوێندنەوەکەمان خوێندنەوەی ( کات بەسەربردنە ) نەک خوێندنەوەی قوڵی ( توێژەرو لێکۆڵەر).
هۆکارەکانی لەبیرچوونەوەو چۆنێتی دەربازبوون لێیان :
یەکەم : خوێندنەوەی بێ ( پرسیار ) :
عەقڵی مرۆڤ واڕاهاتووە هەمیشە ئەو زانیاریانە پشتگوێ دەخات کە کاری ڕۆژانەی پێیان نیە ، کاتێک تۆ کتێبێک دەخوێنیتەوە و پێشتر هیچ پرسیارێک لە لات گەڵاڵە نەبووە عەوداڵی وەڵامەکەی بیت ، یان هیچ کەلێنێکی مەعریفیت بەدی نەکردووە لەهەوڵی پڕکردنەوەیدا بیت ، ئەوکات عەقڵی تۆ وەک ( ڕێبواری ڕێگایەک) مامەڵە لەگەڵ زانیاریەکاندا دەکات ، نەک وەک ( میوانێکی نازداری ماڵ ) . واتە خوێندنەوەی ئامانجدار هەمیشە بە پرسیار دەست پێ دەکات.
دووەم / نەبوونی ( گفتوگۆ ) لە گەڵ نووسەری کتێبەکە :
خوێندنەوەی بەسوود و بەرهەمدار ( گفتوگۆی نێوان دوو عەقڵە ) نەک تەسلیم بوونی یەکێکیان بەئەوی تر ، بێ گۆمان تێپەڕینی خێرا بەسەر دێڕەکاندا بێ هیچ وەستان و هەڵوێستەکردن و ڕەخنەیەک ، یان بێ هیچ گرێدانەوەیەکی نێوان بیرۆکەی کتێبەکەو ئەو بیرۆکەیەی تۆ دەیزانی ، زانیاریەکە سادەو ساکار دەکات …دەبێت قەڵەم بەکار بهێنیت ، تێبینیەکان لای خۆت تۆمار بکەیت ، ئەگەر چی دژی نوسەرەکەش بیت یان هاوڕای بۆچوونەکانیشی بیت..بۆیە ئەم ( ڕووبەڕووبوونەوە هیزریە ) یە بیرۆکەکان لە ناخ و ویژداندا چەسپاوو جێگیر دەکات .
سێهەم / تەڵەی ( چەندێتی ) لەسەر حیسابی ( چۆنایەتی) :
ئێمە بە دەردی دیاردەیەکەوە دەناڵێنین کە پێی دەوترێت ( شانازیکردن بە ژمارەی کتێبەوە ) ، ئەمەش وایکردووە خوێندنەوە ببێتە پێشبڕکێیەک بۆ هەڵدانەوەی زیاتری لاپەڕەکان .. بێ گومان خوێندنەوەیەکی قوڵی تاکە کتێبێک و ، وردبوونەوە لەبەشەکانی و ، دووبارە چاوخشاندنەوە بە بڕگە سەرەکی و گرنگەکانی ، زۆر باشتر و بەکەڵکترە بۆ عەقڵ و هیزری مرۆڤ لە خوێندنەوەی دە کتێب ، بەڵام خوێندنەوەیەکی سادەو سەرپێیی .. دەبێ بزانین عەقڵ بۆئەوەی مەغزاو ماناکان ( هەزم ) بکات و لە شوێنی ڕاست و دروست و گونجاوی خۆیان دایان بنێت پێویستی بەکاتی زیاترو درێژتر هەیە.
چوارەم / خوێندنەوەی دابڕاو لە ( پڕاکتیزەکردن ) :
کورتترین ڕێگا بۆ لەبیرچوونەوەی بیرۆکەیەک ئەوەیە کاری پێ نەکەیت ، ئەو زانیاریەی کە نابێتە ( ڕەفتار ) ، یان لەکۆڕێکی زانستیدا تاوتوێ ناکرێت ، یان لە وتارێکدا نانوسرێت ، ئەو زانیاریە ئیتر بەرەو پوکانەوەو نەمان دەڕوت ، خوێندنەوەی بەسوود ئەوەیە : دوای لێبوونەوە لە خوێندنەوەی هەر بەشێکی کتێبەکە ئەو پرسیارە لە خۆت بکەیت : ( من چۆن ئەم زانیاریە یان ئەم بیرۆکەیە لە ژیانی خۆمدا پراکتیزە بکەم ؟ ) .
پێنجەم / گوێنەدانە ( کەڵەکەبوونی مەعریفی ) :
ئێمە زۆر جار زانیاریەکانمان لەبیر ناچنەوە ، بەڵکو بیرۆکەکان لە هۆشیاریماندا دەتوێنەوە و دەبنە ئەو ( پرد )ەی کە ئێمە لێیەوە جوڵەی خۆمان دەست پێ دەکەین ، نابێ تۆ خەفەت بخۆیت ئەگەر شتێک لە وردەکاریە قوڵەکان یان ژمارەکانت لەبیر چوەوە ، بەڵکو گرنگ مانەوەی ( ڕۆحی گشتی ) کتێبەکەیە ، ئایا چۆن تێڕوانینی تۆی بۆ شتەکان گۆڕیوە ، هۆشیاریی ئەوەیە : چی لە مێشک و دەماخ و عەقڵی تۆدا ماوەتەوە دوای لەبیرچوونەوەی هەموو ئەوەی خوێندووتەتەوە .
بەکورتی :
تۆ هەوڵ مەدە بۆ ( لەبەرکردن ) بخوێنیتەوە ، بەڵکو بخوێنەرەوە بۆ ئەوەی ( خۆت بگۆڕی ) ، خۆئەگەر کتێبەکە شتێکی لە تۆدا گۆڕی ، یان ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوان کردیت ، یان ڕەفتاری گۆڕیت ، ئەوە دڵنیابە ئامانجی خۆی پێکاوە ، ئەگەر چی وردەکایەکانی نیو کتێبەکە لە خەیاڵ و بیری تۆشدا نەمابن و سڕابنەوە .. تۆ هەوڵ بدە هەمیشە کتێب بکەیتە ( هاوەڵی ) کاروانی هۆشیاریت ، ئەوکات دەبینیت ئەوەی سوودو کەڵکی بۆتۆ هەیە بەدڵنیاییەوە و بۆهەتاهەتایە لە سەر زەوی عەقڵتدا دەمێنێتەوە.




