نوسەران

نـامـەی بێ مۆر

” نـامـەی بێ مۆر ”

ڕەوەند ئەحمەد✍️
پێشێلکاریی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی لە میدیای کۆمەڵایەتیدا:
ئێستا لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵ و گەشەکردنی خێرای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەمکی ڕۆژنامەوانی زۆر گۆڕاوە. ئەمڕۆ هەر کەسێک مۆبایلێکی هەبێت دەتوانێت هەواڵ و زانیاری بڵاوبکاتەوە. لەگەڵ سوودەکانی، کێشەی گەورەشی هێناوە. لێرەدا ئیتیکی ڕۆژنامەوانی، کە کۆمەڵێک بنەما و ڕێسای پیشەیی و ئەخلاقییە، زۆرجار گرنگی پێنادرێت یان پشتگوێ دەخرێت.

کاریگەرییە خراپەکانی پەیڕەونەکردنی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی لەسەر بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا، بەتایبەت لە کۆمەڵگایەکی هەستیار وەک کۆمەڵگای کوردی کە تێیدا میدیا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دروستکردنی بیروڕای گشتی و گەیاندنی دەنگی خەڵک کاریگەریەکانی زیاتر دەردەکەوێت.

ئیتیکی ڕۆژنامەوانی یانی کۆمەڵێک بنەمای ئەخلاقی و پیشەیی کە دەبێت ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران پابەندبن پێیەوە کاتێک هەواڵ و زانیاری ئامادە دەکەن و بڵاویدەکەنەوە.

گرنگترین بنەماکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانیش ڕاستگۆیی و دروستیە ، دەبێت زانیارییەکان لە سەرچاوەی دڵنیاوە وەربگیرێن و دڵنیابین لێیان. بێلایەنی ، دەبێت لایەنە جیاوازەکانی ڕووداوێک بخرێنە ڕوو بەبێ لایەنگری.

سەربەخۆیی ، واتە دوور بوون لە کاریگەریی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری یان کەسی. بەرپرسیارێتی ، بیرکردنەوە لە کاریگەریی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر کۆمەڵگا. ڕێزگرتن لە ژیانی تایبەتی ، پاراستنی مافی خەڵک لە نهێنی و ژیانی تایبەتیان.

بەڵام ئەمڕۆ لە دنیای سۆشیال میدیادا دەبینین ئەم بنەمایانە زۆرجار پەیڕەو ناکرێن، کە ئەمەش کۆمەڵێک کاریگەریی خراپی هەیە. بۆنموونە یەکێک لە گەورەترین کێشەکان بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە و چەواشەکارییە. لەبەر پەیڕەونەکردنی بنەمای دڵنیابوون لە سەرچاوەی زانیارییەکان، زۆر جار هەواڵی درۆ و ساختە لە سۆشیال میدیادا بڵاو دەبنەوە.

ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر وەرگرەکانی هەواڵ هەیە، چونکە: تێڕوانینی هەڵە دەربارەی ڕووداوەکان دروست دەبێت، متمانەی خەڵک بە میدیا کەم دەبێتەوە، هەست و سۆزی کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەی نادروست دەبرێت و جار جار، توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لێدەکەوێتەوە. نموونەیەکی ڕوون لەمە، بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست دەربارەی لایەنە سیاسییەکان یان گروپە ئاینییەکان لە کوردستان، کە زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی دوژمنایەتی و دووبەرەکی لە کۆمەڵگادا.

کاریگەرییەکی تری خراپ زیانگەیاندن بە کەسایەتییەکان و لاوازکردنی متمانەیانە. پەیڕەونەکردنی بنەمای ڕێزگرتن لە ژیانی تایبەتی، دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نهێنی یان شەخسی کەسەکان بەبێ ڕەزامەندی خۆیان. لە سۆشیال میدیادا زۆرجار وێنە، ڤیدیۆ، یان زانیاریی کەسی بڵاو دەکرێنەوە کە زیان بە کەسایەتی و ناوبانگی خەڵک دەگەیەنن. وەک: زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی، خراپکردنی ناوبانگی کەسەکان بەبێ ئەوەی مافی بەرگریکردنیان هەبێت لەناوچوونی سنووری نێوان ژیانی گشتی و تایبەتی و دروستبوونی کەشێکی پڕ لە ترس لە کۆمەڵگادا. بەتایبەتی لە کوردستان کە تێیدا عەشیرەت و پەیوەندیی خێزانی گرنگن، ئەم جۆرە پێشێلکارییانە کاریگەریی قووڵتریان هەیە.

پەرەسەندنی گوتاری ڕق و توندوتیژیش یەکێکە لە ئەنجامە خراپەکانی پەیرەو نەکردنی بنەما ئیتیکیەکان. سۆشیال میدیا دەبێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی قسەی ناشیرین و توندوتیژی. بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا ڕووبەڕووی گوتاری ڕق دژی گروپە مەزهەبی یان سیاسییەکان دەبنەوە، هاندان بۆ توندوتیژی و تووندڕەوی، دوورکەوتنەوە لە کەلتووری گفتوگۆ و دابەشبوونی کۆمەڵگا بەسەر “ئێمە” و “ئەوان”دا. لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشن وەکو کوردستان کە گروپی ئاینی و سیاسی جیاوازی تێدایە، ئەم دیاردەیە مەترسی گەورەی لەسەر پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی هەیە.

هەروەها دەبێتەهۆی لاوازکردنی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی وەرگرانی هەواڵ. کاتێک بەردەوام زانیاری ناڕاست یان یەکلایەنە بڵاو دەکرێنەوە، خەڵک فێر دەبن بە پەلە و بێ بیرکردنەوە بڕیار بدەن توانای جیاکردنەوەی ڕاست و ناڕاستیان لاواز دەبێت، دەکەونە ژێر کاریگەریی هەستەکانیان و لە چالاکیی سیاسی دروست دوور دەکەونەوە. ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و بەشداری سیاسی هەیە چونکە بۆ بڕیاردانێکی باش لە کۆمەڵگادا هاوڵاتیانی هۆشیار پێویستن.

ڕەچاونەکردنی بنەما ئیتیکیەکان کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی بەکارهێنەرانیش دەکات. بڵاوبوونەوەی بەردەوامی شتی خراپ و توندوتیژ یان چەواشەکار لە سۆشیال میدیادا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی دەروونی خەڵک هەیە وەک: زیادبوونی سترێس و دڵەڕاوکێ، هەستکردن بە نائومێدی و کەمبوونەوەی متمانە بە خۆیان و دەوروبەریان و دروستبوونی دیاردەی (تووڕەبوونی بەردەوام) لە کۆمەڵگادا. لەم دواییانەدا توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان بەکارهێنانی زۆری سۆشیال میدیا و زیادبوونی کێشە دەروونییەکان بەتایبەت لای گەنجان.

بە بۆچوونی من لەم باسەی کردمان، پەیڕەو نەکردنی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی لە سۆشیال میدیادا چەندین کاریگەریی خراپی هەیە وەک بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە، زیانگەیاندن بە کەسەکان و پەرەسەندنی قسەی ناشیرین، لاوازکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و خراپبوونی تەندروستی دەروونی. بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە هەموومان پێویستە هەنگاوی وەک فێرکردنی بەکارهێنەران لەسەر میدیای بەرپرسیارانەو دانانی یاسای گونجاو، هاندانی میدیاکاران بۆ پەیڕەوکردنی ستانداردە پیشەییەکان و دروستکردنی سیستەمی دڵنیابوون لە زانیارییەکان، و بەهێزکردنی گفتوگۆ و لێبوردەیی بگرینەبەر. بەم شێوەیە دەتوانین کەشێکی باشتر لە سۆشیال میدیا دروست بکەین کە تێیدا مافی هەموو کەسێک پارێزراو بێ و دیموکراسی و پێکەوەژیان بەهێز بکرێت، بەتایبەت لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشنی وەک کوردستان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close