نوسەران

هەمووان لێی دووردەكەوتنەوە…. ئێستا هەمووان باوەشی پێدا دەكەن!

پ . د. سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

🔹(ئەحمەد شەرع) لەڕابردوودا هەمووان لە دەرەوە و ناوەوە لێی دوور دەكەوتنەوە و ترسی ئەوەیان هەبوو ئەگەر لێی نزیك ببنەوە و مامەڵەی لەگەڵدا بكەن دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە و لە بازنەی تیرۆردا پۆلێن دەكرێن !! یان لێی نزیك نەدەبوونەوە لەبەرئەوەی هیچ سوود و دەستكەوت و بەرژەوەندییەكیان لەو نزیك بوونەوەدا بۆ حاسڵ نەدەبوو ! بەڵام ئێستا دوای سەركردایەتی كردنی شۆڕشێكی بومەلەرزەیی دژی ڕژێمەكەی ئەسەدو هەڵتەكاندنی ئەو ڕژێمە و گەیشتنی بە لوتكەی دەسەڵات لە دیمەشقی پایتەخت ، دەبینین هەمووان لەناوەو لە دەرەوە ، دەوڵەتانی عەرەبی و ئیقلیمیی و زلهێزەكانیش ئارەزووی سەردان و بینینی دەكەن و ، هەروەلە دەكەن و هیواخوازن پەیوەندی لەگەڵدا ببەستن و ، ڕۆژانە گەورە بەرپرسەكانیان لە كۆشكی كۆماریی دیمەشق بە گەرمی باوەشی پێدا دەكەن!
پیاوێك زیندانی كرابوو ، لە وڵاتی خۆی دەركرا بوو ، ئەم كەسە لەماوەی 11 ڕۆژدا ڕژێمێكی پۆلیسیی داپڵۆسێنەری تەمەن 60 ساڵ لە بن دێنێ و ، ئینجا دەبێتە سەرۆك و فەرمانڕەوا!! لەبەرانبەردا سەرۆکێک كە لەوپەڕی لوتبەرزی و لەخۆبایی بووندا بوو ، هەموو جیهان پشتیوانی دەكردو لەگەڵیدا وەستابوو ، كەچی فڕێ دەدرێتە زبڵدانی مێژووەوە و ، ڕادەکات و قاچاغ دەبی!

🔹ئەم گۆڕانكارییە سیحریی و پێشهاتە چاوەڕوان نەكراوانە ، ئەم سەركەوتنە ، ئەم دەركەوتنە ، ئەم شكۆ و گەورەییە ، لە ماوەیەكی پێوانەیی كورتدا كە دەوروبەر و زلهێزەكانیشی – وەك خۆیان دانیان پێدانا – سەرسام كرد ، ئەو ڕاستیەی بۆ ڕوون كردینەوە كە ئەو ڕووداوانە تەنها ڕووداوی سیاسیی ئاسایی نەبوون و بەس ، بەڵكو وانەیەكی مێژوویی قوڵ و گرنگ بوون كە بە هەمووانی ووت : ستەم لێكراوان هەر سەردەكەون ئەگەرچی هەموو دنیاش دژایەتیان بكات ، ستەمكارو فیرعەونەكانیش ڕیسوا دەبن و كۆتاییان دێ ئەگەرچی هەموو جیهانیش پشتیوانیان بكات!

ئەحمەد شەرع لە قۆناغی ( جیهاد و بەرەنگاریی ) وە بۆ قۆناغی (سیاسەت و دەوڵەتداریی) :

ئەوەی ئێستا سەرنج بداتە لێدوان و كۆبوونەوە و پەیامە سیاسییەكانی ئەم سەركردە سیاسیە ئیسلامیە گەنجە بۆی دەردەكەوێ كە ناوبراو بەزمانێكی زۆر سیاسیانەی دیبلۆماسیانەی پراگماتیانەی هاوسەنگ قسە دەكات و ، زۆر بەوردی و بەئاگاییەوە دەدوێ و ، باش دەزانێ جیهان چی دەوێ و ، دەیەوێ چی لێ ببیستێ!
وا دەردەكەوێ ماوەی چەندین ساڵەی مومارەسەكردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیی و ئیدارەكردنی ئیدلیب و ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی (دەستەی تەحریری شام) ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە ڕێكخستنی كارتەكانی و ئامادەكردنی وەڵامەكانی!

🔹ئێستا ئەحمەد شەرع دیارترین كەسایەتی سیاسیی ناوچەكەیە و زۆرترین مشت و مڕی لەسەر دروست بووە ، كەسایەتیەك كە زۆر بەخێرا لە سەركردەی دەستەو تاقمێكی سەربازیی خاوەن نەهجێكی جیهادیی جیهانیەوە گۆڕا بۆ كاریزما و كاراكتەرێكی سیاسیی سەرنج ڕاكێش كە دەیەوێ دەوڵەت دابمەزرێنێ ، دەیەوێ دەوڵەتێك بنیات بنێ كە تەواو گونجاو بێ لەگەڵ سیاسەت و گۆڕانكارییە خێراكانی دنیا و ناوچەكە!

ئەم وەرچەرخانە چۆن دەستی پێكرد؟!

(ئەحمەد شەرع) ئەم كاراكتەرە سیاسیە ئیسلامیە گەنجە سەرەتا گوتارێكی جیهادیی جیهانیی هەڵگرتبوو ، كە زیاتر ئەدەبیاتی ڕێكخراوی قاعیدە و سۆزو عاتیفەی ئایینی بەسەریدا زاڵ بوو ، گوتارێك كە هەموو جۆرە دانوستان و وتووێژو ئاشتیەكی لەگەڵ بەرانبەرەكانیدا ڕەت ئەكردەوە!
لە قۆناغی دواتردا و لەگەڵ پەرەسەندنی گوشارو فشارە نێودەوڵەتیەكان و سەرهەڵدانی چەندین ڕێكخراوی توندڕەوی وەك داعش ، (ئەحمەد شەرع) هەوڵی خۆجیاكردنەوەی داو ، گوتارێكی جیاوازتری گرتەبەر كە خۆی لەڕووبەڕووبوونەوە دەپاراست و پراگماتی تر هەوڵی دەدا كرانەوەیەك بەڕووی گروپ و وڵاتە ئیقلیمیەكاندا بێنێتە كایەوە !

بەم هەنگاوەش وەك سەركردەیەك خۆی وێناكرد كە هەڵگری تێڕوانین و ئاڕاستەیەكی زیاتر لۆكاڵیانەیە و چاوی لەسەر ناوخۆ و وڵاتەكەی خۆیەتی و هیچی تر!
دوای ئەوەی (دەستەی تەحریری شام) پانتاییەكی بەرفراوانی خاكی سوریای كۆنتڕۆڵ كرد ، گوتارو بۆچوونەكانی (ئەحمەد شەرع) گۆڕانكاری زیاترو قوڵتریان بەسەردا هات ، دەركەوت كە ئامانج و هەوڵەكانی ئەو زیاتر بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و دەستەبەركردنی ئارامی و گەشەسەندنە بۆ وڵات و گەلەكەی خۆی ! بۆیە لەسەردەمی دەسەڵاتی (حكومەتی ئینقاز)دا هەموو هەوڵەكانی بۆ پێشكەشكردنی حزمەتگوزاریی و ئیدارەدانی سەركەوتوانەی ناوچەكانی دەسەڵاتەكەی خۆی چڕكردەوە و ، هەندێ جار تەئکیدی لە شەرعییەتی جەماوەریی و نوێنەرایەتی كردنی ڕاستەقینەی گەلی سووریا لە داهاتوودا دەكردەوە!

ئەو وازی هێنا لەوەی وەک ڕابردوو باس لە چەمکەکانی (خیلافەت) و (تاغوت) بكات ، بەڵكو بە زمانێكی سیاسیانەی نەرم پەیامەكانی خۆی دەگەیاند ، بەشێوەیەك سەرجەم لایەنەكان ڕازی بكات و هەمووان ئارام بكاتەوە! پەیڕەوکردنی ئەم جۆرە گوتارە میانڕوەییە نەرمە لەلایەنی شەرعەوە پێویستیی و زەرورەتی قۆناغەكە بوو ، كە دەیخوازی زلهێزەكان لایەكیان بەلادا بكەنەوە و ، لانی كەم فشارەكانیان سنووردار بكەن لەپێناو دەستگرتن بە ناوچەكانی خۆیانەوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە..

🔸بەكورتی… چیرۆكی وەرچەرخان و پەڕینەوە لە گوتارو قۆناغی( جیهاد و بەرەنگاریی ) ەوە بۆ گوتارو قۆناغی (سیاسەت و دەوڵەتداریی )، نمونەیەكی دەگمەنە لە كاروانی جوڵانەوەی ڕەوتە ئیسلامیە چەكدارییەكاندا! ئینجا ئەو زۆر زیرەكانەش توانی بیانوو و پاساو بۆ هەنگاوە سیاسییەكانی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دابەشبوون و ناكۆكیە ناوخۆییەكان نەبێتەوە! بێگومان ئەم ئەزموونە نمونە و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی چ تاكەكان چ گروپ و جوڵانەوەكان — پشت ئەستوور بە حیكمەت و دڵسۆزیی و خوێندنەوەی ورد و هۆشیاری سیاسیی پێویست — دەتوانن گۆڕانكاریی لە گوتارو فەلسەفەی سیاسیی خۆیاندا بكەن بەو شێوەیەی كە بارودۆخ و ژینگە سیاسییەكە دەیخوازێ و داوای دەكات!

ئێستا بۆ هەمووان سەردانی دەكەن و باوەشی پێدا دەكەن؟!

ئازایەتی و لێهاتوویی و سەركردایەتی كردنی شۆڕشێكی گەورە و ، ئازادكردنی وڵاتێكی گرنگی ناوچەكە و ڕزگاركردنی میللەتەكەی لەژێر چەپۆكی دەسەڵاتێكی خوێناویی داپڵۆسێنەری تەمەن 60 ساڵ لە ماوەیەكی زۆر كەم و چاوەڕوان نەكراودا… پەیڕەوكردنی ئەوپەڕی حیكمەت و عەقڵانیەت لە چوونە نێو شارەكان بێ هیچ توندوتیژی و ئاژاوە و خوێن ڕشتنێك … پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و ڕێگەنەدان بە ڕوودانی هیچ جۆرە تاڵانییەك و پارێزگاری كردنی دەزگاو دامەزراوەكانی دەوڵەت ، ئەوانەی خزمەتگوزاریی گشتی پێشكەش ئەكەن… ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی فەوزاو پاشاگەردانی وەك ئەوەی لە هەندێك وڵاتی تردا ڕوودەدات دوابەدوای كودەتا و ڕووخانی ڕژێمەكان … هێشتنەوەی  وەزارەتەكان و دامەزراوەكانی تری حكومەت لەژێر دەستی وەزیرەكان و بەرپرسە ئیداریەكانیان تا كاتی تەسلیم كردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و ، گێڕانەوەی باری ئاسایی بۆ هەموو سێكتەرەكانی ژیانی خەڵك…. شكاندنی زیندانەكان و ئازادكردنی هەزاران مرۆڤی بێ تاوان … ڕەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوكێی كەمینە و پێكهاتە جیاوازەكان و دڵنیایی پێدانیان لە داهاتووی خۆیان….. هەڵگرتنی یاسای زۆرە ملێی سەربازیی لەسەر هاونیشتمانیان و ، بەڵێندان بە زیادكردنی مووچە و باشتركردنی بژێوی موچە خۆران …. هەڵوەشاندنەوەی دەستە و تاقم و ڕێكخراوە سەربازییە جیاوازەكان و ڕاماڵینیان لە چەكەكانیان و كۆكردنەوەیان لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی.!!!

🔹لە ئاستی دەرەوەشدا :

(ئەحمەد شەرع) و ئیدارە كاتیەكەی زۆر  خێرا توانی چەندین پەیامی دڵنیایی و هێمن كەرەوە بداتە لایەنە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیەكان و هەمووان دڵنیا بكاتەوە كە سوریا بەرەو قۆناغی بنیاتنانی سیستەمێكی سیاسیی دادپەروەر هەنگاو دەنێ ، سیستەمێك كە ڕەچاوی پابەندبوون بە یاسا و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی و ناوخۆیی دەكات و ، هەوڵی باشتركردن و بەهێزكردنی پەیوەندیە دەرەكییەكان دەدات.

كەواتە : ئەحمەد شەرع و هاوڕێكانی بومەلەرزەیەكیان خولقاند كە سەرتاسەری ناوچەكەی لەراندەوە و ، لەرینەوەكەش تا ئەم ساتەوەختە نەوەستاوەتەوە و بەردەوامە !! دەركەوت ئەوانە نەوەیەكن دەرچوو و پەروەردەی قوتابخانەیەكن زۆر جیاوازە لە پەروەردە و قوتابخانەی ڕەوتە ئیسلامییە تەقلیدییە كۆنەكە ، كە كەسانی بەساڵاچووی  تەمەن هەشتا ساڵ و نەوەد ساڵ ڕابەرایەتیان دەكات و ، مومارەسە و ئەزموونەكانیشیان بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو نەك تەنها نەیانتوانی هیچ ئەنجام و گۆڕانكاریی و دەستكەوتێكی ئەوتۆ پێشكەش بە گەل و وڵاتەكانیان بكەن ، بەڵكو توشی شكست و داڕمان و پووكانەوەش بوونەوە!
لە ئەنجامدا : ئێستا دەبینین هەمووان بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانی بینینی (ئەحمەد شەرع) دان و ، هەوڵ دەدەن پەیوەندی بەهێزی دۆستانە  لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشقدا بنیات بنێنەوە.

 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close