نوسەران

ئاخۆ زەکاتی تەمەن چەند بێت؟

✍️ئەحمەد سیروانی – مامۆستای زانکۆ✍️باسک نێت

ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، زەکاتی ماڵ و سامان دەبێت بە ڕۆژەڤی کۆمەڵگەی ئیسلامی و هەژاران چاوەڕێی زەکاتی ماڵ و سامانی خواپێداوان دەکەن. ئەمە جگە لە سەرفیترە کە پێویستە هەر سەرۆک خێزانێک بە بڕیکی دیاریکراو بیبەخشێت بە هەژاران.


ئەوەی تا ئێستا باسی لێوە کراوە تەها زەکاتی ماڵ و سامان بووە، ئەوانەیشی کە وەریانگرتووە هەژاران بوون، ئەوانەی کە دۆخی داراییان باش نییە.
ئاخۆ تا ئێستا لە خۆمانمان پرسیوە زەکاتی تەمەنمان چەندە؟ سەرفیترەی ئەمساڵ بۆ هەر ئەندامێکی خێزانەکەمان چەندە؟
ئەگەر بێت و تەنها ساڵێک لەو تەمەنە دوور و درێژەی ژیانی دونیا کە وەک چاوتروکانێک وایە وەربگرین، دەبینین خودای بێهاوتا ٣٦٥ ڕۆژی پێداوین کە دەکاتە ٨ هەزار و ٧٦٠ کاتژمێر، ئەمەش دەکاتە ٥٢٥ هەزار خوولەک، واتە ٣١ ملیۆن و ٥٣٦ هەزار چرکە.
باشە دەبێت ئێمە چەندێک کاتمان بەخشیبێت بە خزمەتی دەروروبەر و کۆمەڵگەکەمان. ئایا توانیومانە یەک لە دەی کاتمان ببەخشین بەوانەی کە لە بوونی کاتدا هەژار و کەمدەرامەتن.


ئەم نووسینە زیاتر ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت کە خودا بەخششی خۆیی لە بوونی کاتدا بەسەردا باراندوون، بەو مانایەی بە کاتێکی کەم دەتوانن داهاتێک بەدەست بهێنن کە بەشی خەرجی ماڵ و منداڵیان بکات و بەشێکیشی لێ پاشەکەوت بکەن.
یەک لەسەر دەی ساڵێک واتە ٣٦ ڕۆژ و نیو. واتە ٨٧٦ کاتژمێر. بەڕاستی پێویستە ئیستێک بە خۆمان بکەین و بپرسین: ئایا بەڕاستی توانیومانە لە ساڵێکدا ٣٦ ڕۆژ و نیو لەخزمەتی ئاین و کۆمەڵگە و پەروەردەی دەوروبەرماندا بین؟ ئایا لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا هەوڵمانداوە سەرفیترەی تەمەنی خۆمان و ماڵ و منداڵ بدەین؟ بەو واتایەی هەم خۆمان کاری خێرخوازی، پەروەردەیی و خزمەتگوزاری ئەنجام بدەین و هەم ماڵ و منداڵمان لەسەر ئەو پەروەردەیە ڕابهێنین.


پێویستە بزانین هەوڵدانمان بۆ پەروەردەکرنی خۆمان و ماڵ و منداڵ بەدەرە لەو ٣٦ ڕۆژ و نیوە، ئەو ماوەیە تەنها بریتییە لە زەکاتی تەمەنی هەر تاکێک کە پێویستە لە خزمەتی دەوروبەر و بەتایبەتدا هەژار و کەمدەرامەتاندا کە کاتی پێویستییان بۆ ژیان و پەروەردەکردن نییە.
کەواتە مانگی ڕەمەزان، زەکات و سەرفیترە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئێمەی ئماندار و خاوەن بەخشایشی خوایی بۆئەوەی جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە کات و کاروباری ڕۆژانەماندا بکەین و بەشێک لە تەمەنمان وەک قەرزی ئەستۆ و زەکاتی تەمەن تەرخان بکەین بۆ دەوروبەر و کەمدەستانی کات.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

هەروەها

Close
Close