
حکوومەتی عێراق وادەی کۆتایی بۆ کۆکردنەوەی چەک دیاری کرد
باسک نێت
وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەکات و تاوەکو ٣٠ـی ئەیلوول تەواوی چەکی بێمۆڵەت کۆدەکرێتەوە، هاوکات جەخت لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەگەری دەستگیرکردنی کەسانی دیار لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی 9ـی 2026، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی چارەسەرکردنی چەند دۆسیەیەک، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان لە گفتوگۆدایە.
عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد، ٣٠ـی ئەیلوول وەک وادەی کۆتایی بۆ کۆکردنەوەی چەک بەدەست دەوڵەتەوە دیاری کراوە، ئەمەش بڕیارێکی حکوومییە و تەنیا بۆ ڕێکخستنەوەی چەک نییە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە دوای ئەو ڕێکەوتە، هیچ ناونیشانێکی چەکداریی نافەرمی لە وڵاتدا نامێنێت، و هەر هێزێک بیەوێت بەردەوام بێت، دەبێت لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا، لەوانەش حەشدی شەعبی، یەکبخرێتەوە.
سەبارەت بە پرسی مانەوەی هێزە بیانییەکان، وتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرجەم کەرەستە لۆجستییەکانیان لە بنکەکان کۆکردووەتەوە و لە ئێستادا خۆیان بۆ پرۆسەی کشانەوە و ڕادەستکردنەوەی سەربازگەکان ئامادە دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی دۆسیەی گەندەڵی، حەیدەر عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی حکوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامن.
هاوکات ئەوەشی ڕەت نەکردەوە کە لە داهاتوودا هەڵمەتەکە ناوی گەورە بگرێتەوە و کەسانی دیار و بەرپرس بەو تۆمەتە دەستگیر بکرێن.




