عێراقكوردستانهەواڵ

کورد لەئێستادا ناتوانن رێککەوتن بکەن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکوک

باسک نێت

دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، زۆرینەى پۆستى پارێزگانى عێراق یەکلایی کراونەتەوە کە دوایینان پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین بوو و کورسیەکەی پارێزگاری کەرکوکیش بە چۆڵی ماوەتەوە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دیاریکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی کەرکوک بۆ جاری سێیەم کۆبوەوە بەمەبەستی لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە کەرکوک و دیاریکردنی پارێزگارێک.

بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی باسک نێت کۆبونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە کاتێکدایە، ئەو مۆڵەتەی دیاری کرابوو بۆ دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک کۆتایی هات و لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتنە رێککەوتنی یەکجارەکی سەبارەت بەو پرسە.

هاوکات عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک رایگەیاندووە سوودانی لە دانیشتنی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک چەند پلە و پۆستێکی بەخشیووەتە لایەنەکان بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێکی گونجاو.

ئاماژەی بەوەشکردووە قسە و باس هەیە گوایە سوودانی یەکێک لە وەزیرەکان رادەسپێرێت بۆ ئەوەی ئەم پارێزگایە بەڕێوەببات، بەڵام بیرۆکەی دووەم لەگەڵ دۆخی سیاسیی کەرکووک ناگونجێت، بەهۆی ئەوەی ئەگەر وەزیرە راسپێردراوەکە عەرەب بێت، کورد و تورکمان قبووڵی ناکەن، ئەگەر کورد بێت، عەرەب و تورکمان قبووڵی ناکەن. لە کەرکووک بریکاری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی و بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان هەن و بەپێی یاسا ئەوان لەپێشترن بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگا.”

لای خۆیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتى لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەری حزبەکەی راگەیاند، چاوەڕێی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان دەکەن، چونکە بەبێ ڕێککەوتن دانیشتن ئەنجامی نابێت.

ئەوەش دوای ئەوەدێت پرۆژەکەی یەکێتی لە دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە و دابەشکردنی ٣٠٪ پۆستەکانی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک بۆ هەریەک لە پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان شکستی هێنا.

باسک نێت ئەوەی زانیوە لە ئێستادا یەکیتی و پارتی ناتوانن رێککەوتن بکەن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکوک، بەجۆرێک پارتى دەڵێت پارێزگار بێ لایەن بێت، یەکێیش دەڵێت پۆستەکە دەبێت لەلایەن کەسێکى حزبەکەیانەوە پڕبکرێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close