نوسەران

کشانەوەی ئەمریکا .. پاشەکشەی گەورە ، مانەوەی گەورەتر

کشانەوەی ئەمریکا .. پاشەکشەی گەورە ، مانەوەی گەورەتر

پ . د. سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

بێ گومان ڕۆشتنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق شکستێکی ئەخلاقی نیە  بۆ ئەمریکا بە ئەندازەی ئەوەی  جارێکی تر سەنگەر گرتنەوەیەوەکی ترە بە شێوازێکی نوێ ، ئەمریکا عێراقی چۆڵ نەکرد لەبەر ئەوەی پرۆژەکەی لەم وڵاتەدا بەیەکجاری شکستی هێنا ، بەڵکو لەبەرئەوەبوو خەرج و باج و تێچووی مانەوەی مەیدانیی و ڕاستەوخۆ قورسترو زیاتر بوو لە تێچوو و کولفەی ئیدارەدان و کۆنترۆڵ لە دوورەوە ..

ئەمریکا ئێستا جۆری داگیرکردنی عێراقی لە  ( داگیرکردنی سەربازیی ڕاستەوخۆ)وە گواستەوە بۆ داگیرکاریی لە ڕێی دەست و پێوەندو بنکەو هەژموونە سیاسیی و ئابوورییەکەی  ، بۆیه کەسێک پێی وابێ ئەمریکا لەعێراق دەرجووە ئەوە خۆی لە تێگەیشتن لە سیاسەت دەرچووە.

جێی داخە ئەو بۆشاییەی ئەمریکا دوای کشانەوەی هێزەکانی بەجێیهێڵاوە هێشتا بە پرۆژەیەکی نیشتمانیی گشتیر پڕ نەکراوەتەوە ، واتە گەورەترین هەڵە ئەوەیە لایەنەکانی دەسەڵات لە عێراقدا زیاتر گرەویان لەسەر ڕەهەندە عاتیفی و تەعبەویەکە کردووە دژ بە داگیرکاریی و پرۆژەیەکی سیاسیی ئەڵتەرناتیفی تۆکمەیان ئامادەنەکردووە دوای نەمانی هێزەکانی ئەمریکا بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە ، بۆیە وەک دەبینین بۆشاییەکە بە پڕۆژە تاییفی و میلیشیاییەکان و پەیوەندیە هەرێمایەتیەکان پڕ کراوەتەوە ، نەک بە پرۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیریی ئەوتۆ کە کۆکەرەوەی هەموان بێت .

لەم چرکەساتەدا گەورەترین و سەرەکیترین وانە بۆ عێراقیەکان ئەوەیە : ( هەموو جۆرە هێزو توانایەک دوور لە پرۆژە یەکسانە بە پاشاگەردانیی و بێسەرووبەریی ) .

ڕاستە بەرەی بەرەنگاریی شەرعیەتیی داگیرکاریی لەعێراقدا شکست پێ هێناوە ، بەڵام بونیادی ئەو داگیرکارییەی هەڵنەتەکاندوە ، چونکە ڕوخاندنی ئەو بونیادە پێویستی بە تێڕوانین و دیدگای دەوڵەت هەیە ، دیدگا بۆ ئابووریی ، بۆ خوێندن ، بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئاراستەو ڕەنگە جیاوازەکان .. بەرەی بەرەنگاریی باش ئیدارەی مەعرەکەی ( دژ وەستانەوە )ی داوە ، بەڵام لاوازە لە ئیدارەدانی مەعرەکەی دوای ئەوە ( دوای داگیرکاریی ).

بەکورتی :

پاشەکشەی ئەمریکا ڕاستە وەرچەرخان و پەنجەرەیەکی مێژووییە ، بەڵام دەبێ بزانرێ کە ئەو پەنجەرانە هەمیشە بە کراوەیی نامێننەوە ، ئەگەر گەلانی عێراق و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە ( گوتاریی مەزڵومییەت و پەرچەکردار ) نەکەنە گوتاریی (بنیاتنانی دەوڵەتی دادگەر ) کە هەموان لەباوەش بگرێ و کۆتایی بە وابەستەبوون بۆ ئەم لاو ئەولا بهێنێت … بە پێچەوانەوە ئێمە هیچمان دەست نەکەوتووە تەنها ئەوە نەبێت
(داگیرکارییەکمان گۆڕیوەتەوە بە داگیرکارییەکی تر لەبەرگی نیشتیمانی ) داو هیچی تر.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close