
رۆیتەرز:
تاران تاكتیكی كردنە ئامانجی كەشتیەكانی گۆڕیوە
باسک نێت
دوو بەرپرسی باڵای ئێران ئاشکرایان کردووە، تاران تاکتیکی هێرشبەریی نوێی گرتووەتەبەر بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، بە ئامانجی ئەوەی نرخی نەوت بە بەرزی بهێڵێتەوە و کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا دروست بكات، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
ئەو دوو بەرپرسە بە ئاژانسی “رۆیتەرز”یان راگەیاندووە، نزیکەی دە رۆژ لەمەوبەر، ئێران دەستیکردووە بە بەکارهێنانی رێگەی جیاواز لە دژی ئەو کەشتیانەی کە بە پێشێلی كۆتوبەندە سەپێنراوەكانی دەكات، ئاماژەیان بەوە شکردووە، ئەمە بووەتە هۆی زیادبوونی هێرش بۆ سەر ئەو کەشتییانە.
روونیشیان کردوەتەوە، ئەو ستراتیژە نوێیە کە لە ئاستە بەرزەکانی سەرکردایەتی ئێران پەسەند کراوە، گۆڕانکاری لە سروشت و شێوازی هێرشەکاندا دەگرێتەوە، کە یەكێك لە ئامانجەكانی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە، هاوكات پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا پشتڕاستی کردووەتەوە، ئێران تاکتیکی خۆی بەشێوەیەكی بنەڕەتی گۆڕیوە؛ سوپای پاسداران پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی چاودێرانی بێچەک لەسەر بەلەمی بچووک بۆ دیاریكردنی ئامانجەكان، بە کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکاشەوە، دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا زۆربەی تواناکانی راداری ئێرانیان لەناوبرد.
ئەو بەرپرسە رووداوێکی هەفتەی رابردووی ئاشکرا کردووە كە پێشتر نەزانرابوو، تیایدا سوپای ئەمریکا چاودێرانی ئێرانی دەستنیشان کردووە كە لە بەلەمێكی چارۆكەدا بوون و زانیارییان بۆ سوپای پاسداران گواستووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئەمریکا فەرمانی پێداون بەلەمەكە جێبهێڵن و دواتر لەناویانبردووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وتوشیەتی، ئێران نایەوێت مەترسی لەسەر ئەو بەلەمە خێرایانە دروست بكات كە ماویەتی و نەیتوانیوە رێگری لە زیادبوونی هەناردەکردنی نەوت بکات لە ڕێگەی گەرووەکەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا هێزە دەریاییەکانی لەناوبرد.
دوو بەرپرسە ئێرانییەکە ئاماژەیان بەوەكردووە، تاران بە نیازە پانتایی جوگرافیای ئۆپەراسیۆنەکانی لە دەرەوەی گەرووی هورمز فراوانتر بکات و کەنداوی عومان و ئاوەکانی دوورتریش بگرێتەوە.
شیکاریی داتاکانی هێرشی راگەیەندراو ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران بە كرداری کەشتییەکانی لە ناوچەکانی دەرەوەی گەرووەکە کردووەتە ئامانج، بە کەشتی کەناراوەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەش لە چەند رۆژی ڕابردوودا.
ئەو بەرپرسانە وتوشيانە، تاران بەرەو دۆخێك دەڕوات کە هیچ کەشتییەک نەتوانێت كۆتوبەندەكانی پێشێل بکات لەكاتی تێپەڕبوون بە گەرووەكەداو بەمزوانەش داخستنی تەواوەتی روودەدات.



