
دوو گورزی کوشندە
پ . د. سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
سیستەمی خۆرئاوا لەماوەیەکی کورتدا دوو گورزی گەورەی کوشندەی بەرکەوت :
یەکەمیان : کۆمەڵکوژیەکەی دانیشتوانی غەززە.
دووەمیان : ڕیسواییە سێکسیەکانی دوورگەی ئیپستین .
ئێستا نەوەی گەنج و تازە پێگەیشوو لە ڕاستڕەوەوە بۆ چەپڕەو هەمووی پێکەوە متمانەی بەسەرجەم ئەو بەهایانە نەماوە کەلەسەری گۆش کراوەو پەروەردە بووە ، ئەو بەهایانەی کە گەورەکانیان و باوو باپیرانیان شانازیان پێوە دەکردن و بەهۆیانەوە سەرکردایەتی جیهانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو ! تەنانەت ترەمپ کە ملیۆنەها ئەمریکی لە پشت خۆیەوە خڕ کردبوونەوە دوای بێ هیوابوونیان لە نوخبە گەندەڵەکان ، لەکۆتاییدا ئەوانیش بەهۆی دۆسیەکانی ئیپستینەوە بۆیان دەرکەوت کە ئەویش واتە ( ترەمپ) زۆر گەندەڵترو داڕوخاو ترو دووڕووترە لەوانەی پێش خۆی !
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لە پێداچوونەوەی جەوهەری و بنەڕەتی بە بنەماکانی شارستانێتی خۆرئاوا کەم وێنە بووەو پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر پێشبینی نەکراو بوو !
ئەڵبەتە ئەم ئابڕووچوونە ئەخلاقیە سیاسیە خۆرئاواییە هاوکاتە لەگەڵ پاشەکشەیەکی ئابووری و سیاسی لەبەرانبەر سەرکەوتن و بەرەوپێش چوونی ئاسیای ڕۆژهەڵات ! تا ئەو ڕادەیەی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەسەر ستەیجی داڤۆس بوەستێت و لەنێو گرنگترین کۆربەندی نوخبە خۆرئاوییەکاندا بڵێت :
( ئیتر تەواو !! لە توانادا نەماوە ژیان لەگەڵ ئەم درۆیەدا ، سیستەمی نوێی جیهانی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە بەڕێوەی دەبردو سەرۆکایەتی دەکڕد نەماو کۆتایی هات ).




