نوسەران

دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سوریا و حکومڕانی نیو سەدەی بەعسییەکان، سوریا بەرەو کوێ؟

دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سوریا و حکومڕانی نیو سەدەی بەعسییەکان، سوریا بەرەو کوێ؟

باسک نێت ✍️ حەسەن ئەمین شێخانی

بۆ هەر هەڵسەنگاندێک لەسەر سیاسەتی دەرەوەو حکومڕانی هەر وڵاتێک لەناوچەکەدا ئێمە دەبێت چەند هاوکێشەیەکی زۆر گرنگ لەناوچەکەدا هەن کە رەهەندێکی مێژووی، مەزهەبی، نەتەوەیی، زلهێزەکان، ئابووری و دەیان بابەتی دیکەی گرتۆتەخۆ دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بۆ نمونە هاوکێشەکە.

یەکەم:
ململانێی نێوان جەمسەری ناتۆو هاوپەیمانەکانی بەرامبەر روسیا و هاوپەیمانەکانی.

دووەم:
ململانێی نێوان هەردوو تائیفەی شیعەو سوننە بۆئەوەی کێیان نوێنەرایەتی راستەقینەی ئیسلام دەکەن.

سێیەم:
ململانێی نێوان نێو خودی مەزهەبی سوننی ئەوەی ئایا تورک یان عەرەب نوێنەرایەتی سوننە دەکەن.

چوارەم:
ململانێی نێوان وڵاتە عەرەبییەکان کە کام لە وڵاتە عەرەبییەکان ئێستا بە نوێنەرایەتی عەرەب زیاتر گرنگی بە هەلوێست و بریارەکانی دەدرێت ئایا میسر کە کۆمکاری عەرەبی لێیە یان سعودییە و کەنداو کە هەرچی ئابووری و سەرمایە و وەبەرهێنان هەیە لای ئەوان دەستەبەر دەبێت.

پێنجەم:
ململانێی نێوان گرووپە ئیسلامییەکان و حزب و تەوژمە ئاینییەکان بەرامبەر گرووپ و لایەن و رەوتە چەپەکانی ناوچەکە.

شەشەم:
ململانێی نێوان دوو پرۆژەی ئابووری گرنگ، پرۆژەی رێگای ئاوریشم کە چین نزیکەی ١٠٠ ساڵە کاری بۆ دەکات وە پرۆژەی رێگای گەشەو پەرەپێدان کە وەک ئەلتەرناتیڤێک دژی پرۆژەی یەکەم، ئەمریکا و هاوپەیمانان و ئەوروپا کاری لەسەر دەکەن لەروانگەی ئەم خالانەوە دەتوانین سیاسەتی ولاتانی ناوچەکە بخوێنینەوە.

حەوتەم:
ململانێیەکی دیکەی نادیار لەنێوان تەوژمی ئیخوان موسلمینی جیهانی بەرامبەر ولاتانی کەنداو و ئوردن و میسر چونکە ئێستا دیارە کە تورکیا پالپشتی تەواوی ئیخوان دەکات لە لیبیا و میسر و قەتەر و چەند ولاتێکی دیکە.

وڵاتی سوریا یان شام بەشێکی زۆر گرنگی مێژووی پێش ئیسلام و دوای هاتنی ئیسلام و تاوەکو ئەمرۆش وە لە ئایندەیشدا گرنگی زۆری دەبێت جێگای شارستانییەت و پێغەمبەران و ئایین و ئاینزاکان و دەوڵەتی ئومەوی و ئەییوبی و چەقی ململانێی زۆری تێدابووە، لەدوای ڕووخانی عوسمانییەکان کەوتە بەر رێککەوتننامەی سایکس بیکۆو دابەشکرا لەنێوان فەرەنسییەکان و بەریتانییەکان و نەخشەی سووریا لەمێژوودا گۆرانکاری زۆری بەسەردا هاتووە و ئێستا دوای ئەوەی حزبێکی تۆتالیتاری شۆڤێنی بەسەرکردایەتێکی دیکتاتۆر و بنەماڵەیی و مەزهەبی، نیو سەدە حکومڕانی ئەو وڵاتەی کرد بە ئاگر و ئاسن دوای بەهاری عەرەبی لە ٢٠١٤ گەلانی ئازادیخوازی سوریا راپەرینیان کرد دژی ئەو رژێمە خوێنمژە دیکتاتۆرە وە قوربانی زۆریان دا سەرتاپای شارەکانی سوریا لە راپەریندابوون و نەیارانی رژێمی بەعسی سوری زۆرینەی شارەکانیان کۆنترۆلکرد و تەنانەت نزیکی دیمەشق یش بوونەوە، لێرەدا لەسەرەوەی وتارەکە ئاماژەم بە بە ٦ خالی ململانێ دا کەوا کێبرکێی قورسی لەسەر دەکرێت بۆ دروستکردنی سیستمی ئەمنی، ئابووری، سەربازی، لێرە سوریا لە بلۆکی دژ بە ناتۆ بوو بۆیە بە فەرمی بانگهێشتی هێزەکانی روسیای کرد و لەگەل ئێران بۆ پارێزگاری لە رژێمەکەی نزیکەی ١١ ساڵ دوای ئاوارەبوونی ٨ ملیۆن کەس وە قوربانیدانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس وە وێرانکردنی ئەو ولاتە لەرووی ئابوورییەوە بەرامبەر ئەم کارەی رژێمی سووریا، دوای رووداوگەلێکی سەخت و ململانێی نێوان گروپە چەکدارەکان و بەتایبەت دوای ٢٠١٤ وە هاتنی (د.ا.عش) زیاتر ململانێیەکە چڕبووەوە بۆ مەزهەب گەرایی لەلایەن نەتەوەی عەرەب وە لەلایەکی ترەوە لە ناوچە کوردیەکان ململانێی چری نەتەوەیی دەستیپێکرد ئەوکات ناتۆ بە نوێنەرایەتی ئەمریکا و چەند ولاتێک هاتن چەندین سەربازگەی گەورەیان دروستکرد بۆ پالپشتی لەهێزەکانی قەسەدە وەک هاوپەیمانێک ئەگەر لەبەر بەرژەوەندیش بێت لەبەر بوونی نەوت و گازێکی زۆر لەناوچە کوردیەکان و بوونی ئەرزێکی بەپیت و پڕخێر لەو ناوچانە وە دەای ململانێیەکی قورس لەنێوان ئەم لایەنانەدا سوریا بووە ٤ زۆن:
١.زۆنێک بەسەر بەشار ئەسەد و روسیا و ئێران و گروپە چەکدارەکان
٢.زۆنێکی دیکە، زۆنی کورد و هاوپەیمانان بوون کە زیاتر نیمچە ئارامییەکی پێوە دیار بوو، جگە لەو دژایەتییانەی کە ولاتی تورکیا بەهۆی ئەو بیانووانەی کە هەردەم ئاماژەی پێدەدات لەسەر ئەمنی قەومی تورکی، دژایەتی زۆری ئیدارەی خۆسەری قەسەدەیان دەکرد، بەلام پشتگیری زۆری ئەمریکاو هاوپیەمانانی لەگەلدا بوو.
٣.زۆنی ادلب و ناوچە عەرەبییە سونییەکان بە پالپشتی دەولەتی تورکیا، ئەم زۆنە نائارامترین ناسەقامگیترین ناوچەبوون لەبەر ململانیی نێوان کورد – تورکیا، وە لەلایەکی تر سوریا – ئیران – روسیا دژ بە تورکیا کە دەولەتێکی کارایە لە هاوپەیمانی ناتۆ.
٤.زۆنی دروزەکان و دەستەی ئازاداکردنی شام کە ئەمە هەندێک ولاتی وەک کەنداو و عەرەبی پشتگیرییان دەکرد.

ئەم وێنایەکی کورت بوو لەسەر دۆخی سوریا ئێستا بە کورتی لە چەند خالێکدا ئەلێین سەریا بەرەو کوێ؟
١.دوای روخانی رژێمی بەشار و بەعسییەکان و کشانەوەی روسیا و گروپە چەکدارەکانی عێراقی و ئێرانی ئێستا زەرەرمەندی یەکەم لە ناوچەکەدا نەیارەکانی ناتۆم کە زیاتر خۆی لە روسیا و ئێران دەبینێتەوە پرسیارەکان لەوەدایە ئایا روسیا و ئێران بێدەنگ دەبن بەرامبەر ئەم دۆخەی ئێستا سوریا بێگۆمان من دەلێم، نەخێر و هۆکارەکانیش زۆرن و هەندێکی پەیوەستە بە سیستمی سەربازی و هەندێکی ئابووری و هەندێکی ئەمنی.
٢.ئەمەی کە ئەمرۆ لە سوریا بەشاری رووخاند و خەریکە وردە وردە دێنە سەر حکومرانی زیاتر بە روون و ئاشکرا دیارە کە پرۆژەیەکی تورکییەو ئەمەش میتۆدێکی ئیسلامی – ئیخوانی چەکداری سوننی وە لەچوارچێوەی ململانێی دژی تائیفەی شیعە ئەنجامدراوە، لێرە ئەم خالە دوو لقی هەیە:
أ. ئایا ولاتانی کەنداو و اسرائیل و ئوردن و بەتایبەت میسر رازی دەبن بەبوونی حکومرانییەکی ئیسلامی- ئیخوانی (تورکی) لێرەیشدا من دەلێم نەخێر.
ب. ئایا اسرائیل و بەیروت و بەغدا و تاران رازی دەبن بەوەی دەوڵەتێکی مەدەنی سوننی لەناوچەکە دروستبێت ببێتە سەرەتایەک بۆ گۆرانکاری ریشکەیی لە ئایندەدا لێرەیشدا هەر نەخێر.
٣.تاوەکو ئێستا ئەوەی دیارە گۆرانکاری سوریا بە رێککەوتن و سازان بووە لەنێوان ناتۆو کەنداو و تورکیا و وە جۆرە رێککەوتنێکی نهێنی هەیە لەنێوانیاندا ئایا ئەم هاوپەیمانییە تا سەر دەبێت ئەمەیان لەسەر کات و بەرنامەی حکومرانانی ئێستای دوای بەشار ئەسەد بۆیە لەنزیک ئەوەیە کە بلێین نزیکەی زیاتر لە ٧٠ گروپی چەکدار هەبوبێت لە ولاتێکدا و هەزارەها جەنگیان بەرامبەر یەکتری ئەنجام دابێت ئەمیش زۆر ئەستەمە بلێین بەلێ.
٤.تاکە هێزێک لەسوریا کە رێککەوتنی لەگەل ئەمریکاو هاوپەیمانان هەیە، قەسەدەیە کە ئێستا ئیدارەیەکی خۆسەری بۆخۆی داناوە و نیمچە ئارامییەکی پێوە دیارە و ناوچەیەکی بەرفراوانی بەدەستەوەیە ئایا تورکیا کە بەشێک لە ناتۆو وهەردەم قەسەدە بە تیرۆر ناوزەند دەکات ئایا رازی دەبن ئەم ئیدارە خۆسەرییە هەربمێنێت، لێرەیشدا هەردەم نەخێر.

٥.ئێیستا ئەرکێکی زۆر گەورە لەسەر حکومرانانی دوای بەشار ئەسەدە کەوتۆتە سەر هەموو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان و قۆناغێکی راگوزەری کاتی دەستنیشان کراوەو دەستوورێکی کاتیش نوسراوە و چەندین رێککەوتنی نێودەولەتی لەسەر ئەنجام دراوە و پێویستە لەماوەی ٦ مانگ یاسای هەلبژاردن و جۆری سیستمی ولات و دروستکردنی دەولەتێکی نوێ و سازان و تەوافقێکی گشتی لەنێوان هەموو سورییەکان بەهەموو پێکهاتەکانەوە بە عەرەب و کورد و تورکمان و نەتەوەکانی دیکە و بە شیعە و سوننە و دروز بە علمانی و سیکولار و ئیسلامی و ئیخوانی هەموو بەشەکانی دیکە رێککەون لەسەر دەستوریکی هەمیشەیی بۆ ولات لێرەدا پرسیار دەکەین و دەلێین ئایا ئەم قۆناغە قەرسە رادەگۆزەرێت و سەرکەوتوودەبن لێرەشدا دەلێم بەداخەوە نەخێر،
ئەگەر کەسانێک هەبن سوریا وەکو عێراق بشوبهێنن بۆ نوسینی دەستوور و مجلس حکم و قانون ادارە دولە ئەوا زۆر بەهەلەدا چون چونکە ئێستا هیچ تەوافقێکی نێودەولەتی نییە لەسەر ئایندەی سوریا بەرای من هەندێک چاکسازی دەکرێت و ژیانی خەلکی تا ماوەیەک خۆشس دەبێت و هەندێک ئازادی راگەیاندن و دەستاودەستکردنی دەسەلات لەناو حزبەکان دەستپێدەکان بەلام گەندەلی و کێشە و ناوکۆکییەکی زۆر بەهۆی ئەو خالانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا سەرهەلدەدەنەوەو ئایندەی سوریایش زۆر گەشبین نابینم.

✍️حەسەن ئەمین شێخان بەرزنجە
مامۆستای زانکۆ و جاودێری سیاسی✍️باسک نێت
٩ / ١٢ / ٢٠٢٤
کەرکوک

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close