نوسەران

دەسەڵاتێک خاکەکەی هەراج بکات شەرعییەتی حوکمڕانی لەدەست دەدات

دەسەڵاتێک خاکەکەی هەراج بکات
شەرعییەتی حوکمڕانی لەدەست دەدات

​خاک، تەنها پارچەیەک زەوی یان موڵکێکی بازرگانی نییە تا لە نوسینگەکانی خانوبەرەدا وەک کالا سەودای پێوە بکرێت؛ خاک ناسنامە، مێژوو و قەوارەی بوونی نەتەوەیەکە. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات، تەنها ئاڵوگۆڕی بازرگانیی خانوبەرە نییە، بەڵکو تەراجکردنی هێواشی جوگرافیا و داڕوخاندنی پێکهاتەی دیموگرافیی کوردستانە لەژێر سێبەری بێدەنگیی کوشندەی دەسەڵاتدا.

​کاتێک شەو و ڕۆژ نوسینگەکانی خانوبەرە سەرقاڵی هەراجکردنی زەوی، خانو و ڤێلاکانن بۆ نەتەوەکانی تر وەریکلام دەکەن و دەڵێن :

ئەم خاکە یان ئەم خانوە یان ئەم ڤێلایە دەکرێتە ناو هەرکەسؽ هەڵگری جنسێ عؽڕاقی بؽت .
دەسەڵاتیش تەنها تەماشاکەرێکی بێدەنگ و بێهەڵوێستە، ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ نەبوونی دیدگایەکی ستراتیژی و کەمتەرخەمی لە ئاسایشی نەتەوەیی.
لە لایەک لە مێدیاکانەوە باسی زولمی مێژوویی، تەعریب و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەکرێت، لە لایەکی ترەوە بە دەستی خۆیان و لەڕێگەی بازرگانیی کەسێتی و بێسەروبەرەی خانوبەرەوە، هەمان پرۆسەی گۆڕینی دیموگرافی لەناو جەرگەی شاره‌كانی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکەن

​بەڕاستی هیچ دەسەڵاتێکی خاوەن سەروەری لە جیهاندا ئاسایشی خاکەکەی ناکاتە قوربانیی قازانجی کاتیی بازرگانان. نەبوونی یاسایەکی تۆکمە بۆ ڕێکخستن و سنووردارکردنی خاوەندارێتیی زەوی و موڵک، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاییندەی ئەم گەلە.

​کام گەل ؟
گەلی ئەنفالکراو و کیمیاباران کراو لەخاک دەرکراو زیندەبەچاڵکراو .

​دەرهاویشتەکانی ئەم بێ ئاگاییە .

​بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی خانوبەرە وای کردووە گەنجان و هاووڵاتیانی هەرێم توانای کڕین یان بەکرێگرتنی خانویان نەماوە و لە سەرەتاییترین مافی ژیان بێبەش بوون، لە کاتێکدا سەرمایەی دەرەکی بە ئاسانی دەست بەسەر باشترین ناوچەکاندا دەگرێت.بەراستی جوانی فەرمو :
جەک هرڵگری خاکؽکم دوژمن لەسەری زاڵە
من بومەتە بێگانە و بؽگانە خاوەن ماڵە
بەڵؽ ….
​لە مەودای داهاتوودا، ئەم گۆڕانکارییە دیموگرافییە کارگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسی، بڕیاردان و ئاسایشی نەتەوەیی لە ناوچەکەدا دەبێت.

​لەم سۆنگەیەوە، وەک ئەرکێکی ئیمانی و ڕەوشتی، ڕاشکاوانە دەڵێین: ئەم هەراجکردنەی خاک و بێدەنگیی دەسەڵاتە
​نە لەگەڵ شەرعی پیرۆزی ئیسلامدا دەگونجێت، کە پاراستنی نیشتمان و مافی گشتی بە ئەرکێکی پیرۆز دەزانێت و ڕێگە نادات سەروەری و ئاسایشی کۆمەڵگە فەوت بە بازرگانیی کاتی بدەرێت.
​نە لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و سەروەریی یاسادا دەگونجێت، کە ئەرکی یەکەمی دەسەڵات پاراستنی جوگرافیا و بەرژەوەندی باڵای هاووڵاتیانی خۆیەتی.
​نە لەگەڵ ئەخلاقی نیشتمانی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیداندا دەگونجێت، ئەوانەی گیانی خۆیان بەخشی تا ئەم خاکە بە سەربەرزی بێننەوە دەست؛ کەچی ئەمڕۆ خاکێک کە بە خوێن پارێزراوە، بە پارە هەراج دەکرێت!
​دەسەڵاتێک کە نەتوانێت سنوورەکانی خاوەندارێتیی خاکی خۆی بپارێزێت و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخاتە پێش دەستکەوتی مادی، نەک هەر بەرپرسیارە، بەڵکو بەرامبەر مێژوو، یاسا و خوێنی شەهیدان ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی سەخت دەبێتەوە.

حەسەن ئەمین موحەمەد ئەمین شێخانی
مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی
٣ ی ئابی ٢٠٢٦
کەرکوک .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close