نوسەران

لە حەیوەت گێرە بووەتە حوشتر

هێمن عەبدولقادر


ئەوانەی خەریکی گیڕانەوەی چیرۆکیی خێزانی خەڵکن لە میدیاو سۆشیاڵ میدیاکاندا!
………………
کابرای خراپەکار سالانێکی زۆر خەریکی خراپەکاری بوو، لە دزی و داوێنپیسی و قومار و ئالودەبوون ، دواتر وازی لەو کارانە هێنا و لەناو خەڵکیدا کەسێکی بێوەی بوو ، ڕۆژێک لە مەجلیسێکدا کەسێک ویستی باسی چاکەو پیاوەتی ئەم کابرایە بکات،
وتی بەڕێزان ئەم برایەمان کە ئێستا خودا هیدایەتی داوە ، ڕۆژگارێک دزی ئەکرد ، داوین پیسی ئەکرد قوماری ئەکرد ئالودەبوو ئەمەبوو، ئەوە بووە ، ئێستاش با لە زمانی خۆیەوە گوێمان لێبێت چۆن گەڕاوەتەوە، کابرا ووتی هەر ئەوەندەم هەیە من (بیست ساڵ تاوان و خراپەم کرد خودا نهێنی داپۆشیبووم، بەڵام لەوەتەی وازم لە خراپە و تاوان هێناوە ، تۆ لە هەموو مەجلیس و دانیشتنێکدا ئابڕووت پێوە نەهێشتووم)
………………………..
کاتێک دەستدرێژیئەکرێتە سەر منداڵێک یان خێزانێک یان ڕووداوێک ڕوودەدات (ئەوەندەی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چالاکەوان و تیکتۆکباز و دەزگا فەرمی و نافەرمیەکان دەسترێژی ئەکەنە سەری بەبەردەوام گێڕانەوەی چیرۆکەکەی ، خەریکە بڵێین پەرێزی تۆمەتبارەکان پاکدەبێتەوە، ئەوەندەی ئەوان ئابڕووی دەبەن خودی کێشەکە نا)

هەر ئینسانێک لە فەزای گشتیدا دەستی کرد بە گێڕانەوەی چیرۆکی خەڵکی لە دوو ئەگەر زیاتر نییە یان مرۆڤێکی ( نەزانە) یان (گرێی بەناوبانگ) و حەزی خۆ دەرخستنی هەیە ، خۆ ئەگەر هیچیانی نەبوو ئەوە دۆخەکە خراپترە دەکەوێتە بەر دەم بەرپرسیارێتی یاسایی.
……………………………………………
کاتێک بەناو ڕاگەیاندنکارێک لەپێناو کارەکانی خۆی و کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت.
کاتێک پارێزەرێک ، ئەفسەرێک ، پزیشکێکی دادیی ، مامۆستایەکی زانکۆ و توێژەرێک و دادوەرێک و کۆمپانیایەکی سکیوریتی … هتد دەست ئەکەن بە گێڕانەوەی چیرۆکی بەر ئاگردانی کۆمەڵایەتی و خیزانی خەڵک لە ژێر پاساوی (ردع الجنائی- ڕێگریکردن لە تاوان) دیارە بێ ئاگان لەوەی کە :-

لە ڕووی دەرونناسی ڕەفتاریی و تاوانکارییدا، تیۆرەکەی (باندۆرا) پێمان دەلێت (فێربوون لە بۆشایدا ڕونادات ، بەڵکو پڕۆسەیەکە بەهۆی کارلێکی ژینگیەوە ئەنجام دەدرێت و پرۆسەکە زۆرجار لە دەرەوە بۆ ناوەوە ئەنجام دەدرێت) بە مانایەکی تر هەموو ئەو شتانەی کە دەیبینێت و دەیبیستێت خەیاڵی مرۆڤ بۆ لاساییکردنەوە دەبات.
…………………
لە تیکتۆکبازەکان ترسناکتر ئەو بەناو نوخبە و دەستە بژێرەن کە لەژێر ناونیشان و تایتڵی جۆراو جۆردا (خەریکی وەبەرهێنانی کەسی و ئابووری خۆیانن) ئەوانەن کە لەڕێگەی نیشاندانی وێنە و چیرۆکی (قوربانی)یەوە دەیانەوێت بگەن مەرامێک ، بە ناوبانگێک ، بە کورسیەک ، بە پۆستێک ، چوزانم بەهەر شتێک کە لەخەیاڵی خراپی خۆیاندا هەیە ،
پاشان دانانی نوسینگە و سەنتەر و عیادە و خەستەخانە و قوتابخانە و کردنەوەی باخچەی ساوایان و کۆرسی ئۆنلاین و هەزاران جۆری تری پارە پەیاکردن بە پارەی خەیاڵی بۆ خەڵک.
(بڕۆن سەیری ژیان و گوزەرانی ئەو چیرۆک گێڕەراوانە بکەن پێش چیرۆک و دوای چیرۆک و بڕۆن سەیری ژیانی قوربانیەکان وەک خۆیانن)
…………………………….
بازرگانێک ، سیاسیەک چۆن هەزاران دۆنم زەوی داگیر دەکات و دواتر لە ڕێگەی دوو سەبەتەی خۆراکەوە دەیەوێت پێمان بڵێت ئێمە خزمەتکاری خەڵکین ، ئەوانەی لەم بوارەشدا کار دەکەن ، هەزاران ئیمتیازی مادی و مەعنەوی داگیردەکەن و دواتر لەرێگەی ئەم چیرۆکانەوە دەیانەوێت پێمان بلێن ئێمە خەریکی کارین ئێمە خزمەتکاری خەڵکین.
…………….
ئوتومبێلێک ئەگەر لەشەقامدا تووشی پێکدادان بێت یەکەم شت ژمارەی سەر تابلۆکەی هەڵدەگێرنەوە چونکە لە بازاڕدا نرخەکەی دادەبەزێت ئەگەر ناونیشانەکەی ئاشکرابێت ، ئەمە ئوتومبیلێک کە لە چوار تایە و کۆمەلێک ئاسن پێک دێت ، ئەی نرخی کۆمەڵایەتی خێزانێک ئەبێت چەند دابەزێک کە سڕ و (تڕ)ی دەکەیتە کەرەستەی لێدوان و میدیایی خەڵکی نەزان ئەوانەی لە ترسی قاپ شتن و بلۆک سەر خستن خویان داوەتە کاری ڕاگەیاندن و پیشەکانی تر.
………………………..
هەموو پیشەیەک کۆمەڵێک ئاکار و ئەخلاقیاتی خۆی هەیە ، سەربازێکی پیشەی تەنها سێرە لە دوژمنەکەی دەگرێتەوە ، دار نابڕێ ، دیل ناکوژێ ، دەست لە ماڵی ئاوارەکان نادات چون دیارە کاری ئەو چییە. دزێک کە ئەجێتە بانقێکەوە بۆ دزیکردن، دەستدرێژی ناکاتە سەر کارمەند و فەرمانبەرەکانی ئەو تەنها بۆ یەک کار لەوێییە ، کارەکەی بە پرۆفیشناڵی دەکات و دەگەرێتەوە، هەر ئینسانێک ئەخلاقی پیشەیی( Professional ethics) خۆی لە پیشەکەیدا لە دەستدا ، هەموو شتەکانی تریش لەدەست دەدات ، متمانەی خەڵکی بە خۆی و دامەزراوە و دەزگاکەی ئەوەی چیرۆک و نهێنی خەڵکی لە کارەکەیدا بردەدەرەوە لە پێناو ناوبانگ و سوپاس و خەڵات و گرێ دەرونیەکانی خۆیدا ، لەپێناو ڕەسمی فەیس بووک و لایک و کۆمێنتدا ، ئیتر لەوە ئەکەوێت کە جێگەی متمانە بێت چون ئیتر فێری ئەوە بووە بە شان و ملی خەڵکدا سەرکەوێت و وەک قەوزە و کەڕوو زەروو بە کێشەی خەڵکدا بنووسێت ، ئەوەی پیشەیی بوونی لە دەستدا هی دۆستایەش نییە چون ئیتر ڕۆژێک بەسەر هاتەکانی تۆش بە زیادەوە ئەکات بەچیرۆک.
……………………….
قەوقازییەکان چیرۆکێکی سەیریان هەیە (ئەڵێن ئەگەر منداڵێک چەتوونی کرد و بێ حەیایی کرد ، دایک و باوکی مافی ئەوەیان هەیە لە هەموو شوێنکی جەستەی بدەن ، تەنها لە ڕووخسار و ڕووی نەبێت ، چونکە ڕووی ئینسان پیرۆزە) ئەوەی لە ڕووی بدرێت بۆ هەتا هەتایە ڕوشکێن و ترساو ئەبێت ، هەر کۆمەڵگایەکیش لە خیزان و بابەتە خێزانیەکانیت دا ، بۆ هەتا هەتایە شکا و کەوتوو ئەبێت.

نوقتە سەری دێڕ…
…………………………………..
زۆرجار مرۆڤ گەرەکیەتی دەست بکات بە خەیاڵدانی خۆیدا و هەرچی ڕشانەوەی زیهنی هەیە بیهێنێتە دەرەوە وەلێ دەزانم ڕشانەوەش هەر پیسی دێنێ (با جارێ ئەمەندە بەس بێت و لێی دەرچین بۆ نەزان و گرێیاوی ) ، حاجی قادر وتەنی :-

ئەدیب و عاقڵی لەم بەحرە وەک (تڕی بن گۆم)
گەلێکی ون بووە (حاجی) وە چاکە لێی دەرچین

جا کورد ئەڵێ گا زۆر جار (لە حەیبەت گێرە خۆی ئەکات حوشتر) ، لە ترسی قاپ شتن و نان نەدان بە هاوسەر و مناڵ و بلۆک سەرخستن و جەبلە گرتنەوە و کاری سەخت ئیتر زۆر کەس ئەبنە شتی سەیر سەیر.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close