نوسەران

!‎تۆ شەرەفی ڕاپەڕینت پێنابڕێ

‎با جارێك جەللادەكانی بەعس دوو شەقیان تێھەڵدایتایە، ئێوارە بھاتایە و لە بازاڕ و پیاسەیەك ببینرایتایە، دەستگیر بكرایتایە لەسەر گوێگرتن لە ڕادیۆی شۆڕش و نامەیەك، بەیاننامەیەكت پێبگیرایە، با جارێك لە بازگەیەك لەسەر ڕیش و كراسی ڕەش ڕاپێچ بكرایتایە، لەسەر خزمێكی پێشمەرگەی موتەمەڕید لە شەوێكی نوتەكدا جاش و جەیش ھەڵیانبكوتایەتە سەر ماڵەكەت، خوشك و دایكت بانگ بكرانایە بۆ زیندان و بە ھەڕەشە ئیعترافی درۆت پێبكرایە.
‎دەی با جارێك ھەر بە ھەڵە سەیری وێنەی قائیدی عەزیمت بكردایە، لەسەر ڕاپۆرتێك ببرایتایە بۆ ئەمنەسوورەكە و ئەبوغرێب، با تاوڵە و دۆمینە بەسەر پشتی ڕوتی خوشك و دایكت بكرایە، نرخی ئەو فیشەكەیان لێبسەندیتایەتەوە كە براكەتیان پێ شەھید دەكرد، با بكەوتیتایەتە دەست مولازم موحسین، با یەك تاقە وشەت بە بەعس و عێراق بوتایە و بەر پەلاماری تەواری دەكەوتی.
‎بەس جارێك لە ئەمن و ئیستخبارات خۆتت بدیایە، با نوگرەسەلمان و زیندانەكانی بەغدا و باشوورت بدیایە، دەی با بە زیلی عەسكەریی بار بكرایتایە بۆ بیابانەكانی عەرعەر و شاھیدیی زیندەبەچاڵی نەك ھەزاران، تاقە یەك مناڵی گەرمیان بویتایە، با ڕۆژانی تاریكی ئەنفالی دایك و خوشك و كەسوكارت بدیایە، با ڕۆژی ١٩٨٨/٣/١٦ لە یەكێك لە كوچەكانی ھەڵەبجە بویتایە، با گوێت لە تەنھا یەك ناپاڵم و یەك شریخەی سیخۆ و یەك تۆپی جەیشی عێراق بوایە.
‎ھیچ نا، با یەك جار لەبەردەم سێدارەی حەتمیی خۆت یان برا و ھاوڕێیەكتدا خۆتت بدیایە، با ڕەمیی دەستەجەمعیی دەیان كوڕی گەنجی كوردت ببینیایە لە حەوشەی حامیە، با یەك جار زیندانیی بویتایە و لە ژووری ئینفیرادیی بەس بە پێوە بخەوتیتایە، با لەژێر دەستی جەللادەكاندا بویتایە و بە جۆرەھا ئەشكەنجەی وەك ئوتوھێنان بە پشت و ژێر قاچ و دانیشتن لەسەر بتڵی عارەق و … خۆتت بدیایە!
‎ئاخر تۆ چیت دیوە وا باسی ڕاپەڕین دەكەیت، چیت بەسەر ھاتووە وا سوكایەتیی بە ڕاپەڕین دەكەیت؟
‎تۆ كەی شەرەفی ئەوەت پێدەبڕێت باسی ڕزگاریی نەتەوەیەك بكەیت لە دەستی دڕندەترین حكومەتی دونیا، كەی شایەنی ئەوەیت لەژێر سایەی ڕاپەڕینێكدا ھەوای ئازادیی ھەڵمژی، كە ھەزاران شەھید خوێنیان كرایە كاسە و ھەزاران پێشمەرگەی ڕەشوڕووت بە درێژایی دەیان ساڵ، شەووڕۆژ بە كەژ و شاخ و دەربەدەر، بێ نان و ئاو و بە سەرما و گەرما ژیانیان فەوتا.
‎تۆ كەی دەسەڵاتی تۆتالیتاریزم و مۆنۆپۆلگەری بەعس و خوێنخۆرەكانی عێراقت دیوە و كەچی بە ھەزەلیی و گاڵتە و بێ ئەرزشیی باسی ڕاپەڕین دەكەیت، تۆ كەی باوكت لە ھەشتاكانەوە ونە و گۆڕیشی دیار نییە، كەی بریندارێكی خوێنلێچۆڕی كیمیابارانت ھەیە و ئێستەش دەناڵێنێ بەدەم ئازار و خوێنەوە، چۆن دڵت دێت سەروەریی و شەرەفی نەتەوەیەك بكەیت بە یاری، كەی بۆت ھەیە بەو تۆنە لە ڕق و گەمژەیی و سەخافەت باسی ڕاپەڕین بكەیت!؟
‎تۆ لە ھەموو تەمەنتا فیشەكێكت نەتەقاندووە دژی بەعس، یان ھەر نەبویت و باوكت جاش بووە، یان ھەر لەدایكنەبویت و بە شیری ژێردەستەیی خانەوادەكەت گۆشكراوە، یان ئەندامی ئیتحادی تەڵەبە و تەڵایع بوویت و ھەفتەی جارێك باوكت لە ئەبونەواس شەرابی سووری فڕ دەكرد، یان لەژێر لێفەوە گاڵتەت بە پێشمەرگە دەھات و ئەنفالت بە سزای نەیارانی عێراقی حەبیب دەزانی، كەی شایەنی ئەم ئازادییەیت، كەی بۆت ھەیە باسی سەروەریی ئەم نەتەوە بێ دەوڵەت و ئاڵایە بكەیت!
‎لێیگەڕێ دەم وەرمەدە لە شكۆیەك دەستی تۆی تیا نییە، دەستی ئەژداووئاباویشتی تیا نییە، دەستی خێڵ و عەشیرەت و حیزبەكەشتی تیا نییە، لێیگەڕێ یادی ڕاپەڕین بۆ ئەم نەوە و جیلە بە سەروەریی باس بكرێت، مەبە بە كۆیلەی ڕەخنەی باتڵ، وا لە خۆت مەكە دەبێت لە ھەموو شت دەم بكوتیت، ئەم ئازادییە ھەروا نەھاتۆتە بەرھەم، ڕەخنە بگرە، قسەت ھەبێ داوای خۆت بكە، بڕۆ سەر شەقام، ھاوار بكە، دژی گەندەڵیی و دزینی سامانی وڵاتبە، لە ستەمكاریی بێدەنگ مەبە، بەڵام سوكایەتیی بە شۆڕش و خەباتی پێشمەرگە و ڕاپەڕینی نەتەوەیەك مەكە، بە گاڵتە و پێكەنینی قۆڕ و بێتام و پلاستیكیی لەبەر ئەوەی پێت بڵێن ڕەخنەگری گەورەی بوێری گەلەكەمان دەست مەكە بە ئینشا نووسین و لێدوانی پوچ و ڕقئامێز و تەشھیر بە ئیرادەی قۆناغێكی مێژوویی كورد.

‎ئاری عەبدولەتیف

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close