كاروانی شەهیداننوسەران
بزووتنەوەی ئیسلامیی حیزبێكی ئۆرجیناڵ لە شەهیدبەخشیندا

بزووتنەوەی ئیسلامیی
حیزبێكی ئۆرجیناڵ لە شەهیدبەخشیندا
ئاری عەبدولەتیف✍️باسک نێت
شەهیدبەخشین یان خودان شەهید و شوناسی شەهیدیی بە شێوە ئەسڵەكەی شەرع و شكۆمەندیی لە پێناو خوا و بەرنامەكەی و گەل و خاك و نیشتیماندا هەروا بابەتێكی ڕاگوزەر نییە و بەس.
پێگە و پایەی شەهید هەروا سانا نییە و بەپێی قورئانی پیرۆز ئەوان پلەی بەرزیان هەیە و زیندوون هەتا هێندە بەرزە ئەو مەقامە دەتوانن شەفاعەت بۆ كەسوكاریان بكەن.
بزووتنەوەی ئیسلامیی وەك هێزێكی خۆڕسكی ئیسلامویستی خاكپەروەر لە دەمەدەمی سەرهەڵدانیدا خاوەنی ئەم دەستكەوتە دونیایی و قیامەتییەیە ئەویش بە بەخشینی دەیان و سەدان شەهید لە رێی بەرنامەكەی پەروەردگار و خاك و شەرەفی كورددا لە دژی دڕندەترین هێز و حكومەت و سوپای تۆتالیتاری ناوچەكە كە ئەویش حكومەتی عێراقی ڕابردوو بوو.
ئەمرۆ بۆ تۆماری بەرنامەیەكی تایبەت لەسەر شەهیدانی داستانی حەوتاشان لەگەڵ ستافی تەلەفزیۆنی ئای ئێم كەی و دوو پێشمەرگەی دێرین چووینە دەڤەری نەوڕۆڵی و رێك شوێنی داستانەكە لە خواری گوندی گونەوە و هەر لەگەڵ دەسپێكی بەرنامەكە و گوێبیستبوون لە سەربوردە و قارەمانیی و ئەو پلان و پەلامارەی پێشمەرگەی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە دژی ڕەبایە و مۆڵگەیەكی بەعس تێگەشتم ئەو باوەڕ و وزەیە هەر شەهیدبوونی لێ سەوز دەبێت.
تەواوی ئەو شەڕ و داساتان و چالاكیانەی هێزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی دژی سوپای عێراق ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت كە ئەم حیزبە حیزبی خەڵك و پاراستنی خاكە و شەهیدبەخشینەكانیشی ئەسڵ و ئۆرجیناڵە.
بەندە لە بیرەوەری رۆژی شەهیدانی بزووتنەوەدا كە ١٢/٢٧ ی هەموو ساڵێك دیاری كراوە دەمەوێت بڵێم:
بزووتنەوە حیزبی ئۆرجیناڵە لە شەهیدبەخشیندا چونكە شەهیدەكانی بێ هیچ نیاز و مەبەستێك دژی ستەمكاریی بەعس بوونەتەوە لە پێناو ئەو هەموو زوڵمەی كە سوپای عێراق دەیكرد دژی كورد.
لە كۆتایی هەشتاكان و تا ڕاپەرین باس دەكەم بزووتنەوەی ئیسلامیی چ حەشرێكی بە ستەمكارانی بەعس و جەللادانی عێراق كردووە و چۆن پێشمەرگەكانی بێ بەرامبەر سنگی خۆیان ناوە بە ئاگر و ئاسنی سەرسەختترین دەسەڵاتەوە
دەیان شەهیدی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە پێش ڕاپەڕین شاهێدیی ئەو ڕاستییەن كە بزووتنەوەی ئیسلامیی حیزبی خەڵك و خاكە بێ چاوتێبڕین لە سامان و سەروەت و گەشتن بە پۆستی لێپرسراوێتیی و پول و پارە بە نموونەی داستانی هەورامان و داستانی قەرەداغ و داستانی كەركوك و حەوتاشان و چالاكییەكانی ناو هەولێر و هەیئە و كۆڵانەكانی سلێمانی و شەهیدانی حامیە و كۆڕێ و دەڤەری پشدەر و بتوێن و ڕزگاریی كەركوك و داستانەكانی باڵامبۆ و جادەی سەنگاو و تاسڵوجە و دۆڵەڕووت تا دەگاتە جموجوڵی گەنجان و قوتابیانی زانكۆی سەلاحەددین و سلێمانی و شەهیدانی داستانە باسنەكراوەكانی كێوەڕەش و هەیبەسوڵتان و قۆپیەكانی قەرەداغ و ڕێگا ئاسنینەكانی گەرمیان، لەگەڵ دەیان قارەمانێتیی پێشمەرگەكانی بزووتنەوە لەناو زیندانەكانی بەعسدا لە ئەبوغرێب و ئەمنی سلێمانی و هەیئەی كەركوك و زیندانی هەولێر و سەرنگومكردنی دەیان پێشمەرگەی تر بۆ خواروی عێراق
بەرەكەتی مانەوە و گەشەی ئەم حیزنە بەندە بە خوێنی ئەو هەموو شەهیدەوە كە لە پێناو ئیسلام و ڕۆڵەكانی كورد و كوردستاندا خۆیان خستە سەر سكەی بەرەو بەهەشت چوون.
داستانی هێزەكەی سەلاحەددین و هەورامان كە فەرماندە بابەشێخ ڕێبەرییان دەكات و لە سەرگەت لە ساڵی ١٩٨٧ شەهید دەبن كە شەش پێشمەرگەی گیانفیدا دەبن و شەهیدان ئاری و جیهاد و نەوزاد و شەهید كەیوان و بیست لە هاورێكانی و شەهید قادر زەڵمی و شەهید زەینەدین سازانی و شەهیدی فەرماندە مەلا عومەر مستەفای داستانی كۆڕێ و شەهید هیوا و دكتۆر خالس و حاجی منەووەر و شەهیدانی سەركردە مەلا عەلی بیارە و شەهید مەلا عەلی كونەفلوسەیی و شەهید مەلا عەلی سەرگەڵو و شەهید محەممەد مەحموودی زیندان و شەهید عەبدوڵا قەتێ و شەهید شۆڕش و شەهیدانی داستانی تاسڵوجە و مەعەسكەر سەلام و قارەمانانی دۆڵەڕووت و بازیان و جادەی سەنگاو و شەهید حسێن باوەكۆچەكیی و شەهید دكتۆر ئەحمەدی كفری و شەهید سابیر و شەهید سەردار و شەهید عەبدوڵا و دەیان شەهیدی سەركردە و فەرماندە و قارەمانی تر كە زاكیرەم رێی ناكەوێتەوە سەریان و ناتوانم ناوی هەموویان بنووسم و هەر هێندەش زانیارییم توانای هەیە
بزووتنەوەی ئیسلامی خاوەنی دەیان داستان و چاكییە كە كەمترین فۆكسی خراوەتە سەر و نەگەشتونەتە ڕای گشتیی و. خەڵك و هەندێك كەس و لایەنیش حەقی خۆیانە بڵێن بزووتنەوەی ئیسلامی چی كردووە بۆ نەتەوە دژی بەعس چونكە خۆیان نەبن ئاگایان لە مێژووی كەسی تر نییە
ئەم سەروەریی و تۆماری ریكۆردەی شەهیدان سەرلەبەری دژی بەعس و حكومەتی عێراقی ئەوكاتە و شانازییە حیزبێك ئەو هەموو شەهید و داستانەی هەبێت لە كاتێگدا دەیان حیزب لافی دڵسۆزیی نیشتیمانیی لێدەدەن و ناتوانن ناوی دوو شەهیدیان بخەنە سەر كاغەز و بڵێن خاوەنی شەرعیەتی شەهید و شۆڕشگێریی نەتەوەیین.