نوسەران

زەنگی خەڵک دەگەیەنرێتە ئیسلامییەکان

زەنگی خەڵک دەگەیەنرێتە ئیسلامییەکان
گۆران نوری
ئیسلامییەکان هێزگەلێکی کاریگەر و بە تەوژمن لە ساحەی سیاسی کوردستان و هەڵقوڵاو دروستبووی ستەمکاری ستەمکارانن، ئەگەر بە مێژووی هاتنی ئیسلام و پەیامبەردا بگەڕێینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەڵگرانی پەیامی پیرۆزی ئیسلام چۆن بەرەنگاری دەستەڵاتی زاڵم و زۆرداران بوونەتەوە، یەک دو نموونەی کورت کە هەموومان بەسەرهات و ڕووداوەکانمان بیستووە ئەویش ڕووداوی شکاندنی بتەکان و خستنە ڕووی ئەو حەقیقەتە لەلایەن پێغەمبەر ئیبراهیمەوە علیە السلام ، وە ڕووداوی شکست پێهێنان و لەناوبردنی فیرعەون لەلایەن پێغەمبەر موساوە علیە السلام، و ئەو شکاندنی شکۆیەی قوڕەیش لەلایەن پێغەمبەر محمد درودی خوای لەسەر بێت کە هەموویان بە ویستی خوا بووە و خوای گەورە سەریخستوون، ئیتر ئەگەر چاو بە مێژووی حکومڕانی ئیسلامییەکاندا بگێڕین دەیان نموونەی تیایە کە چۆنن دەستەڵاتی زاڵمیان کۆتایی پێکهێناوە لەبەرامبەریشدا دەیان و سەدان نموونەی تیایە کە چۆن لەبێ سیستەمی و بێدەنگیان لەبەرامبەر ستەمکاران شکستیان هێناوەو کۆتاییان پێهاتووە.
مێژووی ئیسلامییەکانی کوردستان زۆر دوور نییە لە هەمبەر دورست بوونیان و چۆن بە کارو کرداریان بەرەنگاری زوڵمی بەعس و دارو دەستەکەی بوونەتەوە، بەڵام ئیتر ئەو قۆناغە تێپەڕبووە و گۆڕاوە، ئێستا حکومڕانی کوردی و حکومەتی کوردی لە ژێر چەپۆکی دووهێزی کوردستاندا ٣٠ ساڵە هیچ بەهایەکیان بۆ کورد بوون و نیشتمان و کوردستانی بوون نەهێشتووەتەوەو شکۆی کوردبوونیان هێناوەتە ژێر سفرەوە و ئینتیما و ناسیۆنالیستی بۆ کورد و نیشتمان نەماوە، وردە وردە خەریکە هەموو شتێک لە دەست دەدرێت و ئەو هەموو زوڵمەی بەعس دەرهەق بە خەڵکی کورد کردی وا خەریکە لە سایەی حکومڕانی و ژێر دەستەڵاتی یەکێتی و پارتی دووبارە دەبێتەوە و هیچ دوور مەبینە کە شێوازی جیاوازی ستەمکردن لە خەڵکی کورد بەکاربهێنرێت، چونکە بەڕاستی هیچ بەها و شکۆیەک نەماوەتەوە، لێرەدا ئیسلامییەکان ئەگەر چی لە مەیدانەکەدا ناڕاستەوخۆ دەنگیان هەیە و بەڵام ناتوانن لە شەقامدا جوڵەیان هەبێت و هەڵسوڕاوی بەگەڕخستنی ناڕەزاییەکانبن، دیووی یەکەم ئەم ئیسلامییانە لە داهاتوودا زیان دەکەن و پێگەی جەماوەر دەنگی دەنگدەر لە دەست دەدەن و کەم دەبێت، بەڵام دیووی دووەم ئەگەر ئیسلامییەکان ببتە پێشڕەوی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان ئەوا هەر ئەو دەستەڵاتە هەزاران تۆمەتیان بۆ دروست دەکات و هەزاران کەیسی تیرۆریان بۆ دەکاتەوەو دادگای نا بێ لایەنی کوردستانیش کەیسەکان گەورە دەکات.

ئیتر بگرە دەستەڵات هەزاران سیناریۆی بێتام و بێ بنەما بۆ ئیسلامییەکان دروست دەکات نیشان خەڵکی دەدات، ئێ هەر خەڵکیش باوەڕیان پێ دەکات و ئیتر ئیسلامییەکان خۆیان دەمێننەوە و خوای خۆیان و خەڵک دەوریان چۆڵ دەکات و هەمان قسەی دەستەڵاتە سەقەتەکەی کوردستان دووبارە دەکەنەوە، میسر باشترین نموونە و حەقیقەتە، بەڵام لەسەرووی ئەمەشەوە ئیتر نابێت ئیسلامییەکان لەوە زیاتر بێدەنگبن و مۆرکی ئیسلامی خۆیان لەسەریان کەم بکەنەوە.
بۆیە کاتی ئەوەیە هەمووان بەبێ جیاوازی و بۆ وەرگرتنی مافەکانمان و کۆتایی پێهێنانی دەستەڵاتی زوڵم و ستەم و ئەو نادادگەرییەی حکومەتی کوردی لەسایەی سێ حزبی حکومڕاندا دەیکات بوەستێنرێت و چیتر خەڵک ڕازی نەبێت ئەوان بوونیان لە حکومڕانی و حکومەتداریدا هەبێت، ئەگەر هەموومان پێکەوە بەبێ جیاوازی دەنگمان هەڵبڕی و بەردەوامبووین لەسەر ناڕەزاییەکان تا کۆتایی هاتنی زوڵم و ستەمی حکومڕانی کوردی ئەوا دەگەینە ئامانجەکانی خەڵک و خۆشگوزەرانی دەگێڕینینەوە بۆ کوردستان و هەموو بەهایەکی جوان و شکۆ بۆ کوردبوون دەگەڕێتەوە، ئیتر با بەسبێت بێ دەنگ و لە دورەوە سەیرکردن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close