نوسەران

صالح العارور لە وڵاتێک شەهید کرا پەرژینی نییە

صالح العارور لە وڵاتێک شەهید کرا پەرژینی نییە


✍️خالید ڕەنجدەر
بەهۆی لێدانی نووسینگەی بزووتنەوەی حەماسەوە لە باشوری لوبنان بەدرۆنێک، ئیسرائیل توانی صالح العارور، جێگری سەرۆکی حەماس و فەرماندە لە کەناری ڕۆژئاوای فەلەستین شەهید بکات.


عارور لە ١٩/ئابی ١٩٦٦ لە گوندی “عارورة” لە شاری ڕامەڵای فەلەستین لەدایکبووە. خوێندنی شەریعەتی ئیسلامی لە زانکۆی الخلیل تەواو کردوە. عارور کە ناوەکەی (صالح محمد سلیمان خصیب)ـە لە تەمەنی بیست ساڵیدا پەیوەندی کردوە بەبزوتنەوەی حەماسەوە و، بەشدار بووە لە دامەزراندنی کەتیبەکانی قەسام لە کەناری ڕۆژئاوا لە نێوان ساڵی ١٩٩١ و ١٩٩٢.


یەکێک لە هاوڕێکانی بەناوی “عیسمەت مەنسور” کە لە گەڵیدا لە زیندانەکانی ئیسرائیل بووە، دەڵێ: عارور پێاوێکی لەسەرۆخۆ و کەمدوو بوو. بەشێوەیەکی ستراتیژی بیری دەکردەوە و، هەستی ئەمنی بەهێز بوو. هەروەها دەڵێ: عارور زۆربەی ساڵەکانی زیندانی وەک زینداییەکی ئیداری بەسەر بردوە ە، لەبەرئەوەی بەڵگەی تەواو نەبوو دادگایی نەکراوە.


دوای (١٠) ساڵ لە زیندانیکردنی بەپێی گۆڕینەوەی جەلعات شالیط، سەربازی ئیسرائیل، ئازاد کراوە. عارور خۆی لە زینداندا ڕۆڵێکی گەورەی بینوە لە سەرکردایەتیکردنی گفتوگۆکانی ئازاد کردنی زیندانییەکانی فەلەستین بەسەربازە ئیسرائیلییەکە. عارور و یەحیا سەنوار لەناو زیندانی “نەقەب” لە گەڵ هەندێک لە سەرکردەکانی حەماس کۆبوونەتەوە و پلانی گۆڕینەوەی زیندانییەکانیان داناوە. ئیسرائیل ئەو بوارەی کردوەتەوە بۆ ئەوەی عارور زیاتر لە گۆڕینەی سەربازەکەی ئیسرائیل ڕۆڵ ببینێت.


عارور یەکێک بووە لە داواکراوە سەرەکییەکانی حەماس لای ئیسرائیل، چونکە ئیسرائیل بەبەرپرسی هێرشەکانی حەماسی داناوە لە کەناری ڕۆژئاوا و، وەک “مۆتەکە” بووە بۆ ئیسرائیل. هێزەکانی ئیسرائیل لە دوای هێرشی تۆفانی ئەقسا ماڵی عاروریان لە گوندی عارورە ڕووخاندوە و، نزیکەی (٢٠) کەسیشیان لە کەسوکارەکەی دەستگیر کردوە، براکەی و بڕازاکانی لە نێوان دەستگیرکراوەکاندا بوون.


عارور، دوای ئەوەی ئیسرائیل بەبڕیارێک دووری دەخاتەوە، دەچێتە سوریا، بەڵام دوای خۆپیشاندانەکانی سوریا دەچێتە تورکیا و لەوێوە بۆ قەتەر و،، لە قەتەریشەوە دەچێت بۆ لوبنان و لە باشوری لوبنان جێگیر دەبێت.


ماوەیەک لەمەوەبەر بنیامین نەتانیانهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە فەرمانی بەموساد داوە کە سەرکردەکانی حەماس بکەنە ئامانج لە هەرکوێ بن.
دەبوو حەماس باشتر بیری لە سەلامەتی سەرکردەکانی لە لوبنان بکردایەتەوە، چونکە لوبنان وڵاتێکی بێ پەرژینی ئەمنییە.


من وەک خۆم ترسم لەوە هەبوو کە ئیسرائیل (ئوسامە حەمدان)ی سەرکردەی حەماس کە نیشتەجێی لوبنانە تیرۆر بکات، چونکە ئەو زیاتر لە کەناڵەکانەوە دەردەکەوێت و باسی جەنگی غەززە و مەرجەکانی ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل دەکات.
خوای گەورە بەشەهید عاروری وەرگرتبێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close