
وریا بن .. ئەم ئافەتە هەڕەشەو مەترسیە بۆ سەر عیبادەتەکانمان
پ . د .سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
گەورەترین مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ڕۆح و ناوەڕۆکی پەرستش و بەندایەتی بەتایبەت لە مانگی ڕمەزاندا ئەوەیە : عیبادەت لە بەندایەتیەکی زیندووی هۆشیارانەوە ببێتە عادەت و خووێکی ڕۆتینی دووبارە بوەوە ، کە جەستە ئەنجامی بدات بەڵام دڵ لێی دوورو بێ ئاگابێت..واتە مرۆڤ ڕۆژوو دەگرێت تەنها لەبەرئەوەی لەگەڵ ڕەمەزان و ڕۆژووگرتندا ڕاهاتووە ، پارشێو دەکات لەبەرئەوەی کەسانی تریش پارشێودەکەن ، قورئان دەخوێنێت لەبەرئەوەی هەموان قورئان دەخوێنن ، نەک لەبەرئەوەی دڵ پەیوەستە بەخواوە ، نەک لەبەرئەوەی ڕۆح داوای ئەوانە دەکات و ئەوانە هەموویان خۆراکی ڕۆحن .
بێگومان جیاوازی نێوان ( عیبادەت) و (عادەت) جیاوازیەکی ئێجگار گەورەیە ، عیبادەت کارو فرمانێکە هەڵقوڵاوی دڵ و ڕۆحە ، مەبەست و نییەت پاڵنەرو بزوێنەریەتی ، خوا بەگەورەگرتن هەڵسوڕێنەریەتی ، ئەنجام و ئاسەوارو بەرهەمی ترسە لە پەروەدگار .. بەڵام عادەت کارو فرمانێکی دووبارە بوەوەیە ، هیچ ماناو ئامانجێکی تێدا نیە ، دوور لە ئامادەبوونی دڵ و بێ هیچ کاریگەریی و جێهێڵانی شوێنەوارێک ئەنجام دەدرێت..
ئەڵبەتە پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێ هۆشیاری لە سەر ئەم مەترسیە داوەو دەفەرموێت :
(هەندێک ڕۆژووەوان هەن جگە لە برسی بوون هیچیان دەست ناکەوێت ، هەندێک لەوانەش شەوانە نوێژ دەکەن هیچیان بۆ نامێنێتەوە تەنها شەونخوونی نەبێت ) ، واتە مەرج نیە هەر کەسێک ڕۆژوو بگرێت بیباتەوەو سەرکەوتووبێت ، مەرج نیە هەرکەسێک شەو هەڵسێتەوە قازانجی کردبێت ، بەڵکو تەنها ئەوە قازانجی کردووەو بردوویەتیەوە کە بەدڵی پێش جەستەی ڕۆژووی گرتووە ، شەوانە پێش لاشەی بەڕۆحی هەڵساوەو پەرستشی کردووە.
سەلەف واتە پێشینە ساڵحەکان زۆر دەترسان عادەت تێکەڵ بە خواناسی و عیبادەتیان ببێت ، یان تێکەڵییەک لە نێوان عادەت و عیبادەتیاندا دروست ببێت .. بۆیە هەندێکیان دەیانووت : ئێمە ناترسین لەخۆمان توشی تاوان و گوناه ببین بەئەندازەی ئەوەی دەترسین خواناسی و کردارو چاکەکانمان بێ ئامادەیی دڵ ئەنجام بدەین .. ئەوان بڕوایان وابوو کردەوەی چاک ئەگەر چی زۆریش بێت ، بەڵام بێ ئامادەیی بوونی دڵ لەگەڵیدا قورس و گران دەبێت ، کاریگەریی و ئاسەوارو ئامانجی خۆی لە دەست دەدات ئەگەر چی فراوانیش بێت .
گومانی تێدا نیە ڕەمەزان بەسروشتی خۆی مرۆڤ بەرەو عادەت و ڕاهاتن دەبات بێ ئەوەی هەست بەخۆی بکات ، ڕۆژوو هەموو ڕۆژێک دووبارە دەبێتەوە ، نوێژی شەوانە هەموو شەوێک دووبارە دەبێتەوە ، بەرنامە هەمان ڕۆتینی ڕۆژانەیە ، دەروونی مرۆڤیش ئارەزووی ڕاهاتن و لەگەڵدا گونجان دەکات ، لێرەدا ئەگەر مرۆڤ هەموو ساتێک مەبەست و نیەت و ئامانج لە هەموو کارو کردەوەو جوڵەو پەرستشەکانی نوێ و زیندوو نەکاتەوە ، ئامانج و ماناو فەلسەفەی جوڵەکانی دیاری نەکات ، ئەوکات عیبادەتەکەی جگە لە چەند جوڵەو چالاکیەکی جەستەیی ڕۆتینی ساردو سڕ هیچی تر نیەو ، نابێتە مایەی زیندووکرنەوەی دڵ و ، دەمەزەردکردنەوەی ڕۆح و، پاککردنەوەو پەروەردەکردنی دەروون .. هەر لەبەر ئەوەیە سەلەف — پێشینان دەفەرموون : بەردوام لە سێ کاتدا وریابەو ئاگاداری و چاودێری دڵت بکە : کاتێک گوێت لە خوێندنی قورئانە ، کاتێک لە دانیشتەکانی زیکرو یادکردنەوەی پەروەردگاردا دانیشتوویت ، کاتێک تەنهایت و کەست لە گەڵدانیە.. ئەگەر هەستت کرد دڵت لەم سێ شوێنەدا ئامادەیی نیە ، ئەوا داوا بکە پەروەردگار دڵت پێ ببەخشێت چونکە تۆ دڵت نیە! مەعلومە بەندایەتی — عیبادەتی ڕاستەقینە کاریگەریی لەسەر مرۆڤ دروست دەکات : لە مل کەچی ، لاوازیی لە بەردەم پەروەردگار ، خۆشەویستی خوا ، ڕاکردن لە گوناهو سەرپێچی …بەڵام عادەت ناتوانێت خاوەنەکەی بگۆڕێت ، ساڵان و مانگان تێپەڕ دەبن مرۆڤ بێ هیچ گۆڕان و وەرچەرخانێک وەک خۆی دەمێنێتەوە .
لە ڕاستیدا گەورەترین شتێک عیبادەت لە عادەت جیادەکاتەوە ئەوەیە : مرۆڤ بەردەوام هەست بە چاودێریی پەروەردگار بکات بەسەریەوە ، هەست بکات لە بەردەم پەروەردگاردا وەستاوە ، پەروەڕدگار پێش ئەنجامدانی هەر کارو جوڵەیەک ئاگادارە بەدڵ و بەوەی لە ناخیدا هەیە .. عومەری کوڕی عەبدول عەزیز ڕەحمەتی خوای لێ بێ دەفەرموێ : ( عیبادەت و بەندایەتی زۆری نوێژو ڕۆژوو نیە ، عیبادەت زۆر ئاگابوون و بیرکردنەوەیە لە پەروەردگار ، گوێڕایەڵی کردنیەتی بە کرەوە ) ، واتە بابەتەکە چەندێتیی نیە ، بەڵکو ڕاستگۆیی و یەکلابوونەوەو ژیان و زیندوویی دڵەکانە .. لەڕەمەزاندا موسڵمان پێویستی بەوە هەیە لەگەڵ خۆیدا وەستانێک بکات وەستانێکی ڕاستگۆیانە ، ئەو پرسیارە لە خۆی بکات : ئایا ڕۆژووەکەی من عیبادەتە یان عادەت و خوو پێوەگرتنە ؟ ئایا نوێژەکانی من وەستانە لەبەردەم پەروەردگاردا یان تەنها هەڵسان و دانیشتێکەو هیچی تر ؟ ئایا قورئان خوێندنەکەم گفتوگۆو دواندنی شەوقیانەی پەروەردگارە یان تەنها لاپەڕە هەڵدانەوەیە ؟ ئینجا ئەگەر هەستی بە سستی و لاوازی و خاوبوونەوەی خۆی کرد ، دەبێت دڵنیابێت کە گرفتەکە لە دڵدایە نەک لە عیبادەت ، چارەسەریش وازهێنان نیە ، بەڵکو نوێکردنەوەی نیەتە ، دەمەزەردکردنەوەی ڕۆحە ، بیرکرنەوەیە لە وتنەکان ، ئامادەیی ماناکانە ، پاڕانەوەی بەکوڵی قەبوڵ بوونە .




