
فریاکەون .. پێش ئەوەی توشی موفاجەئە ببن
پ . د. سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
من زیادەڕۆیی ناکەم ، کەسیش ناترسێنم…بەڵام زیرەکی دەستکرد چاوەڕێی کەس ناکات…زۆرێک لە خەڵکی لەگەڵ زیرەکی دەستکرد دا بەشێوەیەک مامەڵە دەکەن وەک ئەوەی ( زیرەکی دەستکرد) شەپۆلێکی کاتی بێت و خێرا تێپەڕ بکات و بڕوات ، یان ئامرازێک بێت بۆ چێژ وەرگرتن و ڕابواردن!!
بەڵام ئەو ڕاستیەی کە زۆر کەس نایەوێ باوەڕی پێ بکات ئەوەیە : زیرەکی دەستکرد نەک گۆڕانکاریەک نیە بەڕێوە بێت ، بەڵکو بومەلەرزەیەکی سەرتاسەریە و کەوتۆتە ڕێ و دەستی پێ کردووە ، زۆر بەخێرا گۆڕانکاری گەورە ئەنجام دەدات ، ڕۆژانە و سات لەدوای سات خەڵک دەنێرێتە ماڵەوە ، مرۆڤەکان دەگۆڕێ ، ئامێرەکان دەگۆڕێ ، پلان و نەخشەکان هەڵدەوەشێنێتەوە ، جارێکی تر وێنەو نەخشەی کارو ئەرکەکان بەشێوەیەکی جیازو سەرسوڕهێنەر دادەڕێژێتەوە !
ژمێریار ، وەرگێڕ ، دیزاینساز ، تەنانەت پزیشکیش ، هیچ یەکێک لەوانە ئێستا جێی زەمانەت نین و ، داهاتوو مسۆگەر ناکەن ، بەڵکو ئەوەی زەمانەتەو داهاتوو مسۆگەر دەکات و ئومێد بەخشە ، ئەوەی لەم قۆناغەدا و لە دنیای ئەمڕۆدا سەرمایەی حەقیقی بەردەستی مرۆڤە تەنها : توانای فیربوونی بەردەوامە ، خۆڕاهێنان و خۆگونجاندنە لەگەڵ ئامێرو ئامرازە نوێکان ..
لەڕاستیدا خۆ گێل کردن و خۆ بێئاگاکردن لەم وەرچەرخانە نەک وەرچەرخانەکە ناباتە دواوە و دوای ناخات ، بەڵکو کاریگەریی و ڕاماڵینەکەی لەسەر ژیانی ئێمە توندترو بەهێزترو سەخت تر دەکات ، ئەمەش پێویست دەکات لەسەرمان هەرزوو فریاکەوین و بەهۆش بێینەوە ، پێش ئەوەی لە کۆتاییداو لەکاتی زائیعدا توشی موفاجەئەمان بکات !!




