نوسەران

ھەرێم، ھێڵی سوورە

✍️ئاری عەبدولەتیف✍️باسک نێت

عەقڵی گەورە، بیركردنەوەی گەورە بەرھەم دەھێنێت، لەم وتەزایەوە دەگەینە ئەوەی بڵێین، نەتەوە و خاك ھەر بە تەنیا ئەمڕۆ نییە و دەكرێت تروسكاییەك ھەبێت بۆ بینینی ئایندە.
تاكی ھۆشیار نە عەبەسییە و نە ئەمڕۆییە و نە بڕوای وایە ئاریشەی ڕاگوزەر و گرفتی ساتەوەخت توانای ڕوخان و لەڕێسمەبردنی كۆمەڵگە و ژیانی ھەیە، بابەتیتر و وردتر دەڕوانێت بۆ ئەو دۆخەی بە ھۆكاری سیاسیی و ئەجێندای نەیار دروست بووە.


ئەم ئەزموونەی ھەرێمی كوردستان، لە ساڵی ١٩٩١ ەوە تا ئەمڕۆ، لەخۆڕا نەھاتۆتە دی، بەری ڕەنجی ھەزاران شەھید و كارەسات و پێشمەرگەیە، بۆ خۆی مێژووكردە، بەدرێژایی مێژوو نەبووە، ئەم گەلە ڕۆژگاری وا بەخۆیەوە ببینێت، سەرباری دەیان و سەدان نادادیی و گەندەڵیی و فەسادی ئیداریی و ستەم و مافیاگەرا و بەھەدەردانی سامانی گشتیی و دزیی و شڕەخۆریی، كە من سەرسەختترین تاكی ئەم كۆمەڵگەیە بووم وەك ڕۆشنبیرێك بۆ سەركۆنەكردن و ڕووبەڕوو وەستانەوەیان، بەڵام كە دێتە سەر شكۆی ھەرێم و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و دەستگرتن بە ئەزموونی خۆماڵیی كوردیی و ئەم تەجروبەیەی باشوور، ئیتر پێویستی بە ستۆپ ھەیە و دەبێتە ھێڵی سوور.
وەنەبێت لەم حاڵەتەشدا بێدەنگیی ھەڵبژێرین و چاوی ڕەخنە و پرۆتستۆكردن داخەین و ببینە كۆیلە و دەربار، بەڵام وێنە گەورەكە گرنگە و ناكرێت شتی گەورە قوربانی شتی بچووك بكرێت.


بانگوسەڵا بۆ ڕادەستكردنەوەی ئیرادەی میللەتێك بە ناوەندی قەڵەمڕەوی عەرەبیی تائیفیی ناسیۆنالیست و بانگەشە بۆ لەتكردن و ھەرێمی جیاواز و خۆخزاندنەوە باوەشی حوككامەكانی مەدینەی مدەووەرە و دژایەتیی خۆماڵیكردنی نەوت و دەستبەردان لە خۆبەریی و مافی چارەی خۆنووسین و مەیلی نۆكەریی و ملكەچیی بۆ عێراق و زبر و ژەنگاویی مامەڵەكردن لە ناوخۆدا و بڕوانەبوون بە لێكتێگەشتن و یەكترییقبوڵكردن، ئەو تۆن و تایپەیە كە دەبێت بە ھەر جۆرێك بێت ڕێگریی لێبكرێت و بیریان بخرێتەوە كە ئەم خەڵك و نەتەوەیە ئەوەندەش بیمار و بەزیو نین.


بە ھەموو پێوەرێك ھەموومان لە كەشتییەكداین و یەك چارەنووسمان ھەیە، ئەم كەشتییە كونێكی تێبێت وەكو یەك نغرۆ دەبین، ئەگەر كەنعانییەكان شوێنی تر دوور لە ماڵیوانەكەی نوح شك دەبەن، پێش وەخت كەرەمكەن و بڕۆن، ئەگەرنا، دانیشن و خوێن و عارەقەی ئەو ھەموو شەھید و جەنگاوەرە قوڕبەسەرەی ئەم نەتەوە ھیلاكە بەفیڕۆ نەدەن، ھەرێمێك ھەروا و بە سوتفە دروست نەبووە تا لەخۆڕا ھەندێك ھەستن و گەنجەفانە مامەڵەی پێوە بكەن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close