نوسەران

لەیادی تیرۆرکردنی کەڵە پیاو و عیملاقەکەی مێژووی هاوچەرخ دا

لەیادی تیرۆرکردنی کەڵە پیاو و عیملاقەکەی مێژووی هاوچەرخ دا

پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت

ڕۆژی ١٢ / ٢ / ١٩٤٩ نزیکەی ٧٦ ساڵ بەر لە ئێستا یەکێک لە کەڵە پیاو و کەسایەتیە ئیسلامیە عەبقەریی و عیملاقەکانی مێژووی هاوچەرخ تیرۆر کراو شەهید کرا ، کە ئەویش پێشەوا ( حەسەن بەننا ) بوو !باوەڕ ناکەم لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا هیچ کەسێک وەک ئەو کەڵە پیاوە گەورەیە هەوڵی بەشەیتانی کردنی درابێ و ، جیهان و گەلانی ئیسلامیی لە ناسینی خۆی و مێژووە پاک و جوان و گوڵاویی و پڕ شانازیەکەی بێ بەش کرابێ !

( حەسەن بەننا ) پێشەوای ئوممەتێک بوو ، پەروەردگار لە ڕێی نەهج و مەدرەسەو کاروانەکەی ئەوەوە گەلانی ئیسلامیی لە جەهل و غەفڵەت و تاریکی و بێ ئاگایی و لێواری مردن هۆشیارو زیندوو کردەوە ! بەهۆی بەنناوە نەوەیەک پەیدا بوو ، پەروەردە بوو ، کەئاوات و ئامانج و خەونی پێشینەکانی ئیسلامی هێنایەدی ، ( حەسەن بەننا ) دژی ئینگلیزەکان و زایۆنیزمەکان وەستایەوە ، جەنگی بەرپاکرد ، ڕووبەڕوویان بوویەوە !

بەننا دەرگای باڕەکان و یانە شەوانەکانی داخست ، نەک بە خۆسەپاندن و توندوتیژی ، بەڵکو بە بانگەوازە جوانەکەی و ، سەلیقەو حیکمەت و لێزانینەکەی و ، عەقڵە گەورەو بیرە میانڕەویەکەی و ، ڕەفتارو ئەخلاق و کاریگەریە سیحریەکەی !

ئەو توانی بە هەموو ئەوانە گەنجەکان و تازە پێگەشتووەکان پەروەردە بکات و ، بیانگێڕێتەوە بۆ ڕێگە ڕاستەکەو ، لە نەفامی و سەرلێشێواوی ڕزگاریان بکات ! حەسەن بەننا پرۆژەی خاچپەرستەکانی بۆ ماوەی سەد ساڵ پەکخست و لەکار خست ! کە تیرۆریش کرا دەرگای سەرجەم کەنیسەکانی خۆرئاوا زەنگی ئاگادار کردنەوەیان لێ دا ..

سیاسیەکان ئاهەنگی خۆشیان گێڕاو ، شەرابی خۆشحاڵیان خواردەوە ، خۆشحاڵی بەچی ؟! خۆشحاڵی بە کۆتایی هێنان بە مەترسیدارترین مرۆڤ کە ڕۆژهەڵات و جیهان لەسەدەی بیستەمدا ناسیبووی !

مەعلومە ( حەسەن بەننا ) میراتێکی زانستیی و فیکریی و حەرەکیی و دەعەویی و پەروەردەیی و شارستانیی گەورەی بۆ نەوەکانی دوای خۆی بە جێهێشت و ، هەموو دەعوەو بانگەوازێکی ئیسلامیی سوننیگەرای میانڕەو لەجیهاندا تا ئەم ساتەوەختەش — دوای پەروەردگار — قەرزاری ئەو کەڵە پیاوەن .

ڕاستە ئەو لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا تیرۆر کرا ، بەڵام ئەو خزمەت و بەرهەم ودەستکەوتانەی ئەو پێشکەشی کردن سەدان ساڵیان پێویست بوو ! دەگونجێ ئەم کەسایەتیی و ڕەمزە گەورەیە لە کتێب و پەرتووکەکانی مێژووی هاوچەرخدا ناوی ون بکرێ ، چونکە ئەوانەی ئێستا مێژوو دەنووسنەوە زۆربەیان کلک و قەڵەم بەدەستە وەزیفیەکانی داگیرکەرانن ، بەڵام ئەو ڕۆژەی کە دەست و پەنجە سەربەخۆ و ئازادیخوازەکان قەڵەمەکان لەدەست دەگرنەوە ناوی ئەم پێشەوا مەزنە بەچەند پیتێکی پڕ لە نوورو ڕووناکی دەنووسن و تۆماری دەکەن ! ئێستاکەش لە قۆناغی پیریی قوتابخانەو کاروانەکەی بەننادا قسەو باس و ڕاوبۆچوون و بڕیارو هەڵسەنگاندنەکان هەرچۆنێک بن و هەرچیەک بن ، ناتوانین دان بەو ڕاستیەدا نەنێین کە بەننا لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵەی ( اخوان المسلمین ) ی هێنایە مەیدانەکەوە ، (بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامیی ) و (باڵە سەربازییەکەی ) لەسەر خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستیندا هێنایە مەیدانەکە ، کە کەس گومانی نیە ئەو باڵە سەربازییە لەڕۆژی دروست بوونیەوە تا ئەمڕۆ چەند ئێش و ئازارو شکستی گەورەو یەک لەدوای یەکی بەسەر جولەکەو زایۆنیزمدا هێناوە !!

کە ئەگەر بەس تەنها ئەمە جێی شانازیی بێ بۆ حەسەن بەنناو مەدرەسەکەی و کاروانەکەی و شوێنکەوتووەکانی بەسە !! ئێمە پێشەوا ( حەسەن بەننا ) مان خۆش دەوێ ، شانازی پێوە دەکەین ، بەڵام پیرۆزو تەقدیسی ناکەین ..ڕەحمەتی خوای لێ بێ

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close